یەكشەممە, 5 مار 2017 – 16:47
ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
چالاکوانێکی شاری سلێمانی لە یادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی شاری ڕانیە ژمارەیەکی زۆر باڵندە ئازاد دەکات و پەیام بە گوێی دەسەڵاتداران دەدات، کە خۆیان چاک بکەن دەنا خەڵک لێیان ڕادەپەڕێت.
ئەمڕۆ ٢٦ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی شاری ڕانیەدا بەرامبەر بە ڕژێمی بەعس تێپەڕدەبێت و چالاکوانێک بۆ ئەو مەبەستە چالاکی ئەنجامدا.
ئەردەڵان بەرزنجی چالاکوانی مەدەنی، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە کۆپیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە پەیامێکی بۆ یادی ڕاپەڕین بڵاوکردەوە و وتی:” ئەمڕۆ من بە بۆنەی ٢٦ ساڵەی یادی ڕاپەڕین ژمارەیەکی زۆر پەلەوەرم ئازادکرد، وە پیرۆزبای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم”.
ئەردەڵان بەرزنجی، وتیشی: “لێرەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەمەوە کە یادی ڕاپەڕین یادێکی بەردەوامە و ڕۆژێک دەبێت کە خەڵک لەوان ڕادەپەڕێت، بۆیە حەقە بە خۆیاندا بچنەوە، چونکە ڕۆژێک لە ڕۆژان خەڵکانێک دژی سەدام حسێن و ڕژێمی بەعس و دارودەستەکەی ڕاپەڕی و ڕۆژانێکیش دێت کە خەڵک لەوان ڕادەپەڕێت”.
ئەو چالاکوانە وتیشی:” ئەم چالاکیەی منیش بۆ ئەوە بوو کە بە خەڵک بڵێمەوە کە ئەو سروشتە جوانەی کە هەمانە بەم گیانەوەر و پەلەوەرانەوە جوانە ئێمە دەبێت بیانپارێزین و گرنگیان پێبدەین”.
ک.ک