گەریلایەكی یەژا ستار: هەرگیز دەستبەرداری چیاکانمان نابین

جودی چەکدار گەریلای یەژا ستار ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بە چەکی کیمیایی بۆ سەر چیاکانی کوردستان و دەشڵێت: با دۆست و دوژمن و هەمووان بزانن، کە خاوەنی ئەو چیایانە گەریلایە، ئێمە هەرگیز دەستبەرداری چیاکانمان نابین.

جودی چەکدار گەریلای یەژا ستار هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی و گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: ماوەی ٢٢ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە.

هەروەها وتیشی: دەبێت ئێمە وەک گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ چالاکیی بەهێزتر ئەنجام بدەین. ئێمە تا دوا هەناسەمان بەرەنگاری هێرشەکانی دوژمن دەبینەوە، دەوڵەتی تورک لە ماوەی سێ ڕۆژدا ١٥٠ جار بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر تونێلەکانی شەڕ لە شەهید بۆتان، لەم کاتەدا تووڕەییمان لە دژی دوژمن گەورەتر بوو.

جودی چەکدار دەشڵێت: با دۆست و دوژمن و هەمووان بزانن، کە خاوەنی ئەم شاخانە گەریلایە، ئێمە هەرگیز دەستبەرداری شاخەکانمان نابین، چونکە ئەم چیایانە دیاری ڕێبەرەکەمانە بۆ ئێمە، میراتی شەهیدەکانمانە، ئاسایشی گەلەکەمانە، لەوانەیە هەزاران داگیرکەر هاتبنە ئەم چیایانمان، بەڵام هیچیان بە زیندوویی ناگەڕێنەوە، ئێمە هەرگیز ناهێڵین خاکەکەمان پیس ببێت.

ئەو گەریلایەی یەژا ستار، ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەڵسەنگاند و وتی: لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپەڕینی گەل هەیە و ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و بووەتە ڕۆژەڤ، ئەو ڕاپەڕینە هێز و ورەمان پێدەبەخشێت، ڕاپەڕینەکە بە کوشتنی ژنی کورد ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، وەک دەزانرێت دوژمن ماوەیەکی زۆرە چەکی کیمیایی لە چیا ئازادەکاندا بەکاردەهێنێت و زۆربەی هەڤاڵانی ژن بەهۆی ماددەیی کیمیاییەوە قژی خۆیان لێکردووەتەوە، بە دڵنیاییەوە ئێمە تۆڵەی ژینا ئەمینی و هەڤاڵە ژنەکانمان دەکەینەوە.

س.س

Comments are closed.