لە هەولێر یادی یەکەم ژنە شەهیدی ڕاپەڕین بەرز ڕاگیرا و پەردە لەسەر پەیکەرەکەی لادرا

هەولێر

ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ساڵیادی ڕاپەڕینی شاری هەولێردا، یادی یەکێک لە ژنە پێشەنگەکانی ڕاپەڕینی شارەکەیە دژی بەعسی ڕووخاو، لەو یادەدا پەردە لەسەر پەیکەری یەکەم ژنە شەهیدی ڕاپەڕین لادرا و کەسوکارەکەی دەڵێن: دەبوو زۆر زووتر پەیکەر بۆ “خەجە باوە” دروستکرابا.

ئەمڕۆ یادی ڕاپەڕینی شاری هەولێرە دژی ڕژێمی بەعس، لەم یادەدا هەولێرییەكان یادی ژنێکیان کردەوە، کە پێشەنگی ڕاپەڕین بووە و یەکەم ژنی شەهیدی ڕاپەڕینە لە شارەکەدا.

ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ یادکردنەوەی ٣٢ ساڵەی ڕاپەڕینی شاری هەولێر، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران پەردە لەسەر پەیکەری یەکەم ژنە شەهیدی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ خەجە باوە لادرا.

لە مەراسیمەکەدا کەسوکاری خەجە باوە ئامادەبوون و چەند چالاکییەکی شانۆ و نمایشی جیاواز پێشکەشکرا، لای خۆیانەوە کەسوکاری خەجە فاتمە حەمە باوە خوشکی خەجەباوە و فەریدە کچی خەجە باوە، پێیان وایە دەبوو زۆر زووتر لە ئێستا پەیکەر بۆ خەجە باوە دروستکرابا.

خەجە باوە کێ بوو؟

شەهید خەجە باوە ناوێكی دیاری ناو خەبات و تێكۆشانە لە ئازادكردنی شاری هەولێر، لە بەرەبەیانی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ دەبێتە یەكەم ژن جاڕی ڕاپەڕین لەناو كوچە و كۆڵانەكانی شاری هەولێر دەدات و ماڵ بە ماڵ دەرگاكان دەكاتەوە و داوا لەخەڵک دەكات، کە بڕژێنە شەقامەكان و ڕاپەڕین دەستپێبكەن.

شەهید خەجە باوە لە گەڕەكی برایەتی كە ماڵەكەی خۆی لەوێ بووە دەستدەكات بە ڕاپەڕین و هانی خەڵک دەدات لە دژی سەربازانی سوپای بەعس بڕژێنە سەر شەقامەكان و ڕاوەدویان بنێن، هەمووان بەدەم بانگەوازییەکەیەوە دەچن و ڕاپەڕین دەستپێدەكەن، خەجە باوە پێشیان دەكەوێت و درووشمەكانی ڕاپەڕین بەرزدەكاتەوەو دەبێتە سیمبۆلی ئازایەتی ئەو چركەساتەی كە خەڵكی هەولێر تیایدا ڕاپەڕین.

شەهید خەجە باوە سەرەتای دەستپێكردنی ڕاپەڕین لەلای “فندق فەرید” بریندار دەبێت و گولـلەیەك بەردەستی دەكەوێت، بەڵام هەر سوور دەبێت لەسەر ئەوەی بەشداری كارای هەبێت لە ڕاوەدونانی بەعس و بەردەوام دەبێت تا دەگاتە بەردەم پارێزگای هەولێر، لەوێ بەچەكی قەناس گولـلەیەك بەر نێوچاوانی دەكەوێت و دەبێتە یەكەم ژنە شەهیدی ڕاپەڕین لە هەولێردا.

ناوی ئەو ژنە ئێستا یەکێکە لە ژنە دیارەکانی سمبولی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان بەتایبەت لە شاری هەولێر.

ش. ئـ

Comments are closed.