دوای چوار مانگ بێهۆشی یەكێک لە بریندارانی سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵات هاتەوە هۆش خۆی

نوێترین زانیاری لەبارەی هەستی حسێن پەناهی، ئەو كچە مێرمنداڵە كوردە دەخرێتەڕوو، كە چوار مانگ لەمەوبەر بەهۆی لێدانی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی سەر بە دەوڵەتی ئێران، كەوتبووە دۆخی كۆماوە.

ماڵپەڕی كۆڵبەر نیوز، نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستی هەستی حسێن پەناهی، ئەو كچە كوردە مێرمنداڵە دەخاتەڕوو، كە چوار مانگ لەمەوبەر و لە گەرمەی خۆپیشاندانەكانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی، هێزەكانی پۆلیسی سەر بە دەوڵەتی ئێران بە داری كارەبایی بەسەریاندا كێشابوو و لە ئەنجامدا كەوتبووە دۆخی كۆماوە.

ماڵپەڕەكە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی ئەو كچە مێرمنداڵە كوردە، ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئێستادا هەستی، كە تەمەنی ١٦ ساڵە، بەهۆش خۆی هاتووەتەوە و دۆخی تەندروستی بەرەو باشی دەچێت.

هەستی حسێن پەناهی، كە خەڵكی گوندی قوروچاوی سەر بە شارۆچكەی دێوڵانی پارێزگای سنەیە، ڕۆژی ١٠ی تشیرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە ئەنجامی لێدان بە داری كارەبایی لە لایەن پۆلیسەكانی ئێرانەوە چووە دۆخی كۆماوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان لەو ماوەیەیی هەستی لە كۆمادا بووە، بنەماڵەكەی چەندین جار لەلایەن هێزەكانی سەر بە دەوڵەتی ئێران بە بەردەوامی هەڕەشایان لێكراوە و پێشتر باوكی هەستی ڕایگەیاندبوو، هێزەكانی دەوڵەت هەڕەشەیان لێكردووە و پێیان وتووە دەبێت بڵێت: كچەكەی بەهۆی خۆخستنەخوارەوە لە ئۆتۆمبێل كەوتووەتە دۆخی كۆماوە.

ڕ.ڕ

Comments are closed.