ژنانی سلێمانی: دایکانی مەخموور سیمبولی بەرخۆدان و ئیرادەن

سلێمانی

چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی ژن لە سلێمانی، ستایشی ڕۆڵی دایکانی کامپی مەخموور دەکەن بۆ بەرخۆدان و ئیرادەیان لەبەرامبەر سوپای عێراق و هەوڵی تەلبەند کردنی کامپەکەیان و دەشڵێن: ئیرادە و بەرخۆدانی ئەوان پەیامی شکست بە دووژمن دەدات.

بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ژن، لە شاری سلێمانی، لە بارەی بەرخۆدان و ئیرادەی دایکانی مەخموور لەبەرامبەر سوپای عێراق و هەوڵەکانی بۆ تەلبەندکردنی کامپی مەخموور، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

شاتوو محەممەد

شاتوو محەممەد ڕۆژنامەنووس دەڵێت: ئەگەر ئێمە سەیری ڕۆڵ و هەستی بەرپرسیارێتی ژنانی مەخموور بکەین، دەتوانین وەک نموونەی پێشەنگایەتی وەری بگرین، بەتایبەت لەو بارودۆخەی ئێستادا، کە لەتەواوی جیهاندا ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی و جۆرەها فشار دەبنەوە، چەندین ژن هەن بەهۆی ئەو بارودۆخەوە، کە بەسەریاندا سەپێنراوە ژیانێکی ناشایستە دەژین، ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن یان دەکوژرێن، بەڵام ئەو ژنانەی خۆیان بەڕێکخستن کردووە هەرگیز ملکەچی ئەو بارودۆخە نابن، بەڵکو ڕووبەڕووی دەبنەوە، دایکانی مەخمووریش نمونەی ئەو ژنانەن.

باسی لەوەشکرد، دایکانی مەخموور دەبنە نمونەی هێز و ئیرادە بۆ منداڵەکانیان، لەبەرئەوەی بەرامبەر بە هێرش و چەکی قورسی داگیرکەران و دوژمنانی کورد بەرخۆدان دەکەن لە کاتێکدا تەنیا چەکی ئەم دایکانە ئەو ئیرادەیە کە هەیانە، بۆیە دایکانی مەخموور دەبێت وەک نموونە چاویان لێبکرێت.

جیهان ساڵەح

لای خۆیەوە جیهان ساڵەح چالاکوانی ژنان، ئیدانەی گەمارۆکانی سوپای عێراق دەکات بۆ سەر کامپی مەخمور و دەڵێت: ئەوە شتێکە دژی مافەکانی مرۆڤە و بە پێشێلکردنی یاساکانی مافیی مرۆڤی دەزانین، ئەگەر حکومەتی عێراق لەم هەڵوێستەی بەردەوام بێت ئەوا با یاساکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ لە کارنامەی خۆیدا بسڕێتەو، چەندین ساڵە خەڵکی کامپەکە لەوێ دەژین و زیانیان بۆ کەس نەبووە، تا بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەو ژنە چالاکوانە وتیشی: ئیرادەی ژنانی کامپی مەخموور سەرەنج ڕاکێشە و بەرز دەینرخێنین، چوونکە ئەوان دەجەنگن و ڕووبەڕووی سوپای عێراق دەبنەوە، هەمیشە هەر کاتێک کارەساتێک ڕووبەری نەتەوەی کورد بووبێتەوە، ژنان بە ئیرادەیەکی بەهێز و خۆشەویستییەکی زۆر بۆ نیشتیمانەکەیان، ڕووبەڕووی بوونەتەوە، کۆڵیشیان نەداوە تاکوو سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.

جیهان ساڵح لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەرخۆدانی ژنانی مەخموور ئەوە  بە دووژمنان دەڵێت، کە هیچ هێزێک نییە کۆڵیان پێ بدات، تەنانەت ئەگەر هەموو هێز و توانایەکیشان بخەنە گەڕ، بۆ کوشتن و داگیرکاریی و خاک و نەتەوەکەیان، با واش بیرنەکەنەوە کە دەتوانن ئەو ئیرادەیەی  ژنان لاواز بکەن، بەڵکو ژنانی ئێمە بە ئیرادەی بەهێز و بڕوای پتەوەوە کاردەکەن، بۆئەوەی پارێزگاری لە نیشتیمانەکەیان بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.