“کاڵبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان”

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

یەک لە بەها جوانەکانی کۆمەڵی کوردەواری پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی بوو، خزمایەتی و دۆستایەتی و دراوسێتی بەجوانی رەچاو دەکرا و مانایەکی سەنگینی درابوویە و نەریتێکی تابڵێی رێزلێگیراو بوو.

ئەوانەی لەم نەریتە لایاندایە لای خەڵک بە چاوی رێزەوە سەیر نەدەکران. ئەم نەریتی رەچاوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە گەرمە ببوو بە دەستووری ژیانی کۆمەڵگە و لە خۆشی و ناخۆشیدا بە تەنگی یەکترەوە بوون، بەتایبەتی لە ناخۆشیدا ئەگەر کەسێک لێی بقەومایە و مردوویەکی لێ بمردایە خزم و دراوسێ و دۆست هێندە بە دەمیەوە بوون و دڵنەواییان دەکرد لە رووی دەروونییەوە ئەو کۆست و خەمەیان زۆر لەسەر شانی خاوەن مردوو سووک دەکرد.

دراوسێ بێ هیچ بەرژەوەندییەک بەسەر دراوسێدا دەمرد و دڵی رادەگرت، خزم زوو زوو سەردانی یەکتریان دەکرد و لە شین و شایی یەکتردا هاوکار و هاوسۆز بوون. ئەم نەریتە بۆ گوند و شاریش وەک یەک بوو.

ئەگەر ساردییەکیش بکەوتایەتە نێوانەوە لە کۆست و لێقەوماندا فەرامۆش دەکرا و گەلێ جاریش دەبووە مایەی ئاشتەوایی و گەرمکردنەوەی نێوان دوو لایەنە ناکۆکەکە. دەیان پەند و ئیدیۆم و قسەی پێشینان لە کەلەپور و فۆلکلۆری دەوڵەمەندی کورددا شایەتی ئەو رایەڵ و تانوپۆ پتەوەی پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵی کوردەوارین.

 ەوانەی لە سەرەوە باسمکردن زۆر بەخێرایی و لە ماوەی ئەم ٢٠ – ٣٠ ساڵەی دواییدا بە زۆریی باریان کرد و پێچرانەوە، یان بە ئاستێک لاواز و نامۆ بوون بەو نەریتەی رابردووی نزیکمان کە خەریکە نەیناسینەوە.

لای ئێمەمانان ئەم بازدانە کوتوپڕە ئاسایی نییە و هەڵوێستەی جدیی گەرەکە و خەریکە سەر دەئاوسێنێت. تۆ بڵێی ئەمە هەمووی کار و کاریگەریی گڵۆباڵیزم و ئامێر و ئامڕازەکانی تەکنۆلۆجیای مۆدێرن بێت. من لاریم لە پەرەسەندنی کۆمەڵگە نییە بە هەموو رەهەندەکانییەوە و بێگومان پێشکەوتن و پەرەسەندن مەسەلەیەکی حەتمییە و کاریگەریی تەکنۆلۆجیاش هەر حەتمییە، بەڵام ئەمەی روودەدات تەنها گۆڕانی رەفتار و ئاکار نییە بەباری سروشتیی خۆیدا، بەڵکو بریتییە لە پڕۆسەی شێواندنێکی گشتگیری ناخ و رەفتارمان و لەسەر هەموو ئاست و تەوەرێکمان رەنگیداوەتەوە و خەریکە هیچ داروبارێکی دوێنێی خۆمان نەناسینەوە و راست و چەپی خۆمان لێ تێکچووە.

پێموایە دەردە کوشندەکەمان هەر لەم چەپاڵە هەرێمەی خۆماندا بێت، بەو پێیەی کەوا لە ١٠٠ لاوە کارمان لەسەر دەکرێت بۆ شێواندنی تەواوی ئاکار و مۆراڵمان و پێویستە زۆر بەزوویی لەم مەترسییە بەئاگابێینەوە، تا لەمە زیاتر دانەوەشێین و نەچین بە ناخی زەویدا.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.