یادەوەری ھاوبەش کۆمان دەکاتەوە و دەمانکات بە نەتەوە

د. شێرکۆ کرمانج

نەتەوە ھەیە زمانی لە دەستداوە بەڵام ھەر وەک نەتەوە ماوەتەوە، سکۆتلەندی و ئێرلەندییەکان وەک نموونە.
جووەکان پەرشووبڵاوبوون بە ھەموو دنیادا، ئەوەی کۆی دەکردنەوە، نە زمان بوو، نە ئابووری ھاوبەش، بەڵکو ئەوەی کۆی دەکردنەوە کۆیاد بوو، واتە یادەوەری ھاوبەش، چارەنووسی ھاوبەش.
بۆ ئێمەی کورد چەندە زمانێکی ھاوبەش گرنگە دە ھێندە کۆیاد، یادەوەری ھاوبەش، گرنگە. ئێمە یادەوەری ھاوبەشمان لە نەورۆزەوە دەست پێ دەکات تادەگاتە کۆچی بەزۆرەملێ و تەعریب و تەتریک و تەفریس بە دەیان ھەزاران کۆیادی دیکەدا تێپەڕ دەبێت.
لە باشوور کەم شت ھەیە وەک ئەنفال و ڕووخانی تەواوی گوندەکانی کوردستان و کۆڕەو کۆمان بکاتەوە وەک یادەوەرییەکی ھاوبەش لە ھەست و نەستمان جێگیر بووبێت.
بەڵام یادەوەری تەنیا بە زیندوکردنەوە، بە بەرزڕاگرتن، بە یادکردنەوە، بە بەفەرمیکردن، بە دووبارەکردنەوە لە بیرماندا دەمێنێتەوە و نامرێت.
ئەنفال بەوە لە یادەوەری کورددا دەمێنێتەوە کە شوێنە ناسراوەکانی، وەک تۆبزاوە لە کەرکووک، نزارکێ لە دھۆک، نوگرەت سەلمان لە سەماوە بکەین بە مەزارگە و مۆنەمێنتی لێ دروست بکەین، بیانکەین بە میراتی نەتەوەیی و ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە ھاوشێوەی مەککە و کەربەلا و فاتیکان سەردانیان بکەین. بکرێن بە بەشێک لە مینھاجی خوێندن کە خوێندکارانی سەرەتایی و بنەڕەتی و ئامادەیی سەردانی تۆپزاوە بکەن. ھاوکات، لە وانەی کوردۆلۆجی لە زانکۆکان سەردانی نوگرەت سەلمان بکرێت بە ئیجباری و نووسینی ڕاپۆرتێک بکرێت بە بەشێک لە داواکارییەکانی دەرچوون لەم بابەتە.
تەنیا و تەنیا بە دووبارە و تیکرار یادەوەری ڕۆدەچێتە ناخ و ھەست. ئیسلام بە دووبارەکردنەوەی نوێژ و حەج ماوە، شیعیزم بە لە خۆدانی عاشورا و زیارەتی ئەربەعینی کەربەلا تا ئێستا ماوە.
بۆ ئەوەی وەک کورد و کوردستانیان بمێنین و ببین بە نەتەوە دەبێت ھەموومان، دەسەڵات و حیزبەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیر و ئەکادیمی و نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووس و سینەماکار و ڕۆژنامەنووس و کاسبکار و مامۆستا و ئەندازیار و پزیشک، ھەر ھەموومان بە ئەرکی خۆمان ھەستین و کەسمان چاوەڕێی کەسمان نەکات، ئەوەی لە ئەستۆی دایە و لە توانای دایە لە پەیوەند بەم پرسە جێبەجێی بکات.

Comments are closed.