گەڕەکێکی سۆران بێبەشکراوە لە هەموو خزمەتگوزارییەک تەنانەت ناویشی نییە!

 سۆران

گەڕەکێکی شارۆچکەی سۆران کە ژمارەیان ٤٥ ماڵە، بێبەشکراوە لە هەموو خزمەتگوزارییەک تا ئێستا نە ناوی هەیە نە ڕێگاوبان نە ئاوی خواردنەوە، دانیشتوانەکەی داوا دەکەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داواکاریەکانییان جێبەجێ بکات و سەرەتاییترین مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکات.

لە گوندی دێڵزیانی سەر بە شارەدێی دیانا لە شارۆچکەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، گەڕەکێک هەیە، کە تا ئێستا هیچ ناوێکی نییە، دانیشتوانەکەی ناویان ناوە گەڕەکی سەردەشت، بەڵام ئەم گەڕەکە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانیش بێبەش کراوە، نە ئاویان هەیە نە ڕێگاوبانی قیرتاوکراو، لە هاویندا لەناو تەپ و تۆزدان و لە زستانیش لەناو قوڕ و لیتە، گەورەترین گرفتیشیان نەبوونی ئاوی خواردنەوەیە، کە تا ئێستا پڕۆژەی ئاویان بۆ دروست نەکراوە.

شوان مستەفا
شوان مستەفا

شوان مستەفا لە ساڵی ٢٠١٤ خانووی دروستکردووە و لەو گەڕەکەدا دەژی، وەک خۆی دەڵێت: ماوەی یەک ساڵە داواکارییەکانیان بووەتە نووسراوی فەرمیی و لەبەردەستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک نییە بۆ هێنانی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگاکانی ناو کۆڵانەکانی ئەم گەڕەکە.

ڕۆژانە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە بەردەمی ماڵەکانی ئێمەدا دەچێتە دەوامی فەرمی خۆی

ڤیان عوسمان
ڤیان عوسمان

ڤیان عوسمان خاوەنی سێ منداڵە و دەڵێت: تینم بۆ هاتووە و نازانم لە بێ ئاوی چی بکەم، چوومەتە ماڵی براکەم بە جلیکان ئاوم هێناوە، ڕۆژانە دەبێت دوو بۆ سێ جار جلوبەرگی منداڵەکانم بگۆڕم چونکە بەهۆی تەپوتۆزەوە پیس دەبن و ئاویشمان نییە بیانشۆم.

ئەو ژنە دەشڵێت: ڕۆژانە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە بەردەمی ماڵەکانی ئێمەدا دەچێتە دەوامی فەرمی خۆی، دەبینێت کە ئێمە لە چ بارودۆخێکی خراپداین، بەڵام خەمخۆر نییە و داواکارییەکانمان جێبەجێ ناکات.

بە تانکەر ئاوی خواردنەوەمان بۆ دێت، جاری واش هەیە تانکەرەکە دەشکێت و دە ڕۆژ تا دوو هەفتە ئاومان بۆ نایەت

محمد ناسر
محمد ناسر

یەکێکی دیکە لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە، کە یەکەم کەس بووە خانووی لەو گەڕەکە دروستکردوە، ساڵی ٢٠٠٩ گەڕەکەکەی ئاوەدان کردووەتەوە، بەڵام لەو ساتەوە تا ئێستا نە ئاوی هەیە و نە ڕێگا، وەک خۆی دەڵێت تەنانەت کارەباکەشیان وەک پێویست نییە.

محمد بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە بە تانکەر ئاوی خواردنەوەمان بۆ دێت، جاری واش هەیە تانکەرەکە دەشکێت و دە ڕۆژ تا دوو هەفتە ئاومان بۆ نایەت، گەورەترین گرفتی ئێمە نەبوونی ئاوە، داوا لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەکەین ئاومان بۆ دابین بکەن و ڕێگاوبانیشمان بۆ قیرتاو بکەن.

بە تەنها ئەم گەڕەکەی سۆران بێ خزمەتگوزاریی نییە، بەڵکو دەیان گەڕەکی دیکە هەن لە سنوورەکە کە هێشتا لە خزمەتگوزاریی سەرەتایی بێبەشن.

ب.گ

Comments are closed.