پەدەکە ڕوو لە دوژمن و پشت لە کورد؛ هۆقەباز و کەنەکە وەک نموونە

بنار هیدایەت

پەدەكە ئەو پارتەی بۆ دوژمن دۆست و بۆ دۆست نەیار و دوژمنە، ئەو پارتەی نۆكەرایەتی دوژمنی لە دۆستایەتی کورد پێ باشترە.

لە ڕێكەوتی ١٧ـی تەمووزی ٢٠١٩ لە یەكێك لە ڕێستۆرانتە بەناوبانگەكانی شاری هەولێر، سیخوڕ و ئەندامێكی باڵای دەزگای میتی تورك عوسمان كۆسە و دوو كەسی دیكە كوژران، ئەو ڕێستۆرانتەی عوسمان كۆسەی تێدا كوژرا، تۆڕێكی ئەمنیی و ئاسایشی پەدەكە چاودێریی دەكات و زۆربەی نەوەكانی بارزانی لەو ڕێستۆرانتە دادەنیشن.

هەر زوو دەزگا ئەمنییەكانی پەدەكە لە ئاسایش و دژە تیرۆر و پاراستن و كۆماندۆ و زێڕەڤانی چواردەوری شاری هەولێریان بەهێز تەنی و كامێراكانی چاودێرییان كۆكردەوە و چەند کوردێکی وڵاتپارێزیان بەناوی (ئەنجامدەری ڕووداوەكەی هۆقەباز)ـەوە دەستگیركرد، ڕەنگە تەنها خۆیان باوەڕیان بە ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوەیە هەبێت کە وەك سینارێو بۆ ڕازیكردنی دڵی توركیای دۆست دایانڕشت.

هاوکات گەمارۆیان خستە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی و دەستیان بە ڕەشبگیریی و هەڵکوتانە سەر ماڵان کرد لەسەر پەنابەرانی کامپەکە لە ناو شاری هەولێر، سەرانی پەدەکە لە ناو حکومەتی هەرێم کەوتنە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی کڕووزانەوە و پڕ شەڕمەزاری بۆ هێورکردنەوەی ئەنقەرە و بەڵێنیان دا لە بەرامبەردا باشووری کوردستان بکەن بە مەیدانی تەراتێنی میتی تورک.

پەدەكە ئامادەبوو لە ماوەی چەند خولەكێك هەموو هێزەكانی خۆی بۆ كوشتنی بەرپرسێكی باڵای میتی تورك بخاتە ئامادەباشییەوە، بەڵام لە هەمان شار و لە ١٨ـی ئەیلووی ئەمساڵ کاتێک تەقەکەرێکی میت بە ڕۆژی ڕووناک هێرشی کردە سەر نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و دەنیز جەودەتی نوێنەری کەنەکەی لە باشووری کوردستان شەهید کرد، پەدەکە وەک ئەوەی نە بای دیبێ و نە بۆران نقەیان لێوە نەهات و بە یەک وشەش باسیان نەکرد، تەنانەت پاش چەند کاتژمێر لە هێرشەکە ئاسایشی پەدەکە چوونە بەردەم نووسینگەی کەنەکە و سەرجەم تۆماری کامێراکان و بەڵگەکانی تاوانیان لە ناو برد.

تەنانەت ڕێگایان بە میدیاکان نەدا کە ڕووماڵی هێرشەکەش بکەن، ئایا تیرۆری هاوزمان و هاوخوێن و هاوخاك و نەتەوە گرنگترە لای بەرپرسانی پەدەكە یاخوود كوشتنی بەرپرسێکی باڵای میت کە تینووە بە خوێنی کورد و داڕێژەری پیلانی تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕە مەزنەکانی کوردە؟

پەدەکە لە مێژووی خۆیدا بە یەكێك لەو پارتانەی باشووری كوردستان دەناسرێت، کە هەمیشە لە بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەی بارزانی زۆرترین دەسكەوتی هەر چوار پارچەی كوردستانی کردووە بە قوربانی، هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە زۆرترین دوژمنایەتی بەرامبەر بە پارتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای نیشتمان ئەنجامداوە و بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ڕازیکردنی دڵی دوژمن دەیان سەركردە و تێكۆشەری پارتە کوردییەكانی دیكەیان تیرۆر كردووە.

ئێستاش بوون بە بەشێک لەو هێرش و داگیرکارییەی کە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لەسەر باشووری کوردستان و هاوڵاتییانی مەدەنی ئەنجامی دەدەن، لە پاش تیرۆرکردنی هەر شۆڕشگێڕ، وڵاتپارێز و ئازادییخوازێک لەلایەن میتی تورکەوە، بکەرانی دەمودەست بەرەو هەولێر هەڵدێن و لەلان پەدەکەوە داڵدە دەدرێن، هاوکات سەرجەم دەزگا و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە خزمەتی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە، هەموویان یەک ڕۆڵ و ئەرکی سەرەکییان هەیە، ئەویش ڕەوایەتیدانە بە هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی.

ب.گ

Comments are closed.