وەرزی چنینی بەرهەمی پاقلە لە دەشتى شارەزوور دەستی پێكرد

شارەزوور

ئێستا وەرزی چنین و لێکردنەوەى بەرهەمی پاقلەیە لە دەشتى شارەزوور، ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان بە پاقلە چاندووە بە شێوەى هەرەوەزی دەستیان کردووە بە چنینەوەى بەرهەمەکانیان و ڕەوانەکردنى بۆ بازاڕەکانى هەرێم و خوارو و ناوەڕاستى عێراق، جووتیارانیش ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمساڵ بەرهەمەکانیان بەخێرایی ساغ دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەى ڕێگری لە هاوردەکردنى پاقلە دەکرێت بۆ ناو هەرێم.

دەشتى شارەزوور یەکێکە لە دەشتە بەپیت و بەرەکەتەکانى هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش، ساڵانە ئەو زەوییە پان و بەرینە بە چەندین بەرهەمی زستانە و هاوینە دەچێندرێت و بووەتە سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنى بازاڕەکانى هەرێم و عێراق، یەکێکیش لەو بەرهەمانە پاقلەیە.

جووتیارانى دەشتى شارەزوور ئێستا دەستیان کردووە بە چنین و لێکردنەوەى بەرهەمی پاقلە کە ئێستا پێگەیشتووە و ئامادەیە بۆ ساغکردنەوە لە بازاڕەکاندا، بۆیە ئەوان بەشێوەى هەروەزی ئەو بەرهەمە دەچننەوە و ڕەوانەى بازاڕ دەکەن.

پەیامێنری ڕۆژنیوز چووەتە ناو یەکێک لە کێڵگەکانى چاندنى پاقلە لە شارەزوور و بۆچوونى جووتیارانی لەوبارەیەوە وەرگرتووە، ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، دڵخۆشن بەوەی ئەمساڵ بەرهەمەكانیان پارە دەكات و دەیانەوێت بەخێرایی بەرهەمەكانیان هەناردەی بازاڕەكان بكەن.

محەمەد مەحمود جوتیار بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە ئێستا سەرقاڵی چنین و لێكردنەوەی بەرهەمی پاقلەین، بەهۆی هاوردەنەكردنی پاقلە لەدەرەوە بازاڕێكی

محەمەد مەحمود
محەمەد مەحمود

باشی هەیە بۆ ئێمەی جوتیار، ئەم بەرهەی شارەزوور ئێستا هەناردەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت، تا بەسڕەش دەڕوات.

محەمەد سەركەوت جوتیارێكی دیكەیە و لەكاتی چنینی پاقلەكەی قسەی بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە بە سەوزی پاقلەكانمان

دەچنین دەیخەینە بازاڕەكانەوە، بۆ شلە و كوڵاندن بەكاردەهێنرێت، بەهۆی نەهاتنی لەدەرەوە ئێستا بازاڕی باشە، بەڵام لەگەڵ  هاتنی بەرهەمی دەرەكی زیان زۆر بەجوتیاران دەكەوێت.

ئەو جوتیارە باسی لەوەشكرد، بەرهەمەكانیان دەنێرن بۆ عەلوەی سلێمانی لەوێوە بۆیان ساغدەبێتەوە، بازرگانانی عەرەب هەناردەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراقی دەكەن.

محەمەد سەركەوت
محەمەد سەركەوت

پاقلە لەسەرەتای مانگی ١١ وە دەستدەكرێت بە چاندنی و چەندین جۆری هەیە، لەوانە سۆمەر، پاقلەی دوو دەنك و چواردنك، جۆری سۆمەرەكەی بازاڕی خێرایەو زوو دەفرۆشرێت بەدەست جوتیارەوە، یەکێکە لەو خۆراکە بە سوودانەى لە زۆرێک لە خواردنەکاندا بەکاردەهێندرێت و بەشێوازی جۆراو جۆریش دەخورێت.

هـ.ح

Comments are closed.