هەرێمی کوردستان مەیدانی پێشێلکاریی ئازادییەکانى ڕۆژنامەنووسان و مافەکانی مرۆڤ

باران گەرمیانی

هەرچەندە بانگەشەی دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە گوێی هەمووانی پڕ کردووە، بەڵام حکومڕانی و شێوازی بەڕێوەبردن پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت، چاوەڕوان دەکرا دەستگیرکردن و سزادانی شێروان شێروانی کۆتا هەنگاوی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بێت، بەڵام ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە، هەرێمی کوردستانی کرد بە مەیدانی پێشێلکارییەکان و بەردەوامی پێیان دا.

جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، کە لە ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە، ئازادیی ڕۆژنامەگەریی وەک بەشێک لە ئازادیی ڕادەربڕین دەناسێنێت و وەک مافێکی مەدەنی هەموو مرۆڤێک دانی پێدادەنێت.

ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە بازنەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لەژێر ئازادیی ڕادەربڕیندا پۆلێن دەکرێت؛ ئازادیی ڕادەربڕین یەکێکە لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ، بە جۆرێک کە هەموو کەسێک شایستەیە پێی، لە ماددەی ١٩ لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا نووسراوە: هەموو کەسێک مافی ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕینی هەیە؛ ئەو مافە ئازادیی هەڵگرتنی بۆچوون، بەبێ دەستوەردان و ئازادیی گەڕان و بەدەستهێنان و پێدانی زانیاریی و بۆچوون لەخۆ دەگرێت لە ڕێگەی میدیا و بەبێ هیچ سنووربەندییەکی جوگرافی.

سەرەڕای ئەوەی لە ماددەی ٢ی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ تایبەت بە ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستاندا نووسراوە: ڕۆژنامەگەریی ئازادە و هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە، ئازادیی دەربڕین و بڵاوکردنەوە بۆ هەموو هاوڵاتییان دەستەبەرە.

بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم سنوورداریکردنی ئازادیی کارکردنی ڕۆژنامەنووسان، تیرۆر، ڕفاندن و دەستگیرکردن هاوتەریبە لەگەڵ ئەو شێوازە حکومڕانییەی کە پەیڕەو دەکرێت، دەستگیرکردنی شێروان شێروانی و چەندین چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دەڤەری بادینان لە ساڵی ٢٠١٩، نموونەی دیاری ئەو پێشێلکارییەن.

شێروان شێروانی
شێروان شێروانی

شێروان شێروانی کێیە؟

شێڕوان ئەمین شێروانی، لە ساڵی ١٩٨٣ لە شارۆچکەی ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ دەست دەکات بە کاری ڕۆژنامەنووسی و وەک پەیامنێر لە ڕۆژنامەی ئاوێنە دەستبەکار دەبێت، پاشان ئەرکی سەرنووسەری لە چەند دەزگایەکی دیکەی ڕاگەیاندن وەردەگرێت.

لە ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩، لەگەڵ زیاتر لە ٨٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنیدا، لە دەڤەری بادیناندا لەلایەن پەدەکەوە ڕەشبگیرییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت و دەستگیردەکرێن، پاش ٤٢ ڕۆژ بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.

پاشان لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەڕفێندرێت، پاش ماوەیەک بێسەروشوێنبوونی، لە ڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە ئاشکرابوو، کە لەلایەن ئاسایشی گشتی هەولێرەوە دەستگیرکراوە، بۆ ماوەی ٦٧ ڕۆژ خراوەتە زیندانی تاکەکەسی.

دوای چوار مانگ لە دەستبەسەرکردنی، لە ١٦ی شووباتی ساڵی ٢٠٢١، لەگەڵ هەریەک لە (ئەیاز کەرەم، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و شڤان سەعید) سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا، ئەم سزادانە هەر زوو کاردانەوەی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بەدوای خویدا هێنا.

بۆیە لە ٢٣ی شووباتی ساڵی ٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان، بە مەرسوومێکی هەرێمی بە ڕێژەی ٦٠% سزای گیراوانی بادینانی کەم کردەوە، جگە لە شێروان شێروانی کە بە ڕێژەی ٥٠% بۆی کەم کرایەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین جار لە زینداندا سزای دیکەی بەسەردا سەپێندرا، لە مافەکانی وەک بەکارهێنانی تەلەفۆن بێبەش کرا و بەخستنە زیندانی تاکەکەسییەوە لە هاوڕێکانی دادەبڕێندرا.

هەرچەند دەبوایە شێروان شێروانی لە ڕۆژی ٩ی ئەیلولی ئەمساڵ ئازاد بکرایە، بەڵام لە ڕۆژی ٢٠ی تەموزی ئەمساڵ، دادگای هەولێر سزای چوار ساڵی دیکەی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند.

لەبارەی دووبارە سزادانەکەیەوە، بارزان شێروانی، برای شێروان شێروانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ئاشکرای کرد، “كەیسەكەی شێروان بووەتە كەیسێكی سیاسیی، لە سەرەتای دەستگیركردنییەوە شێروان فشاری زۆری لەسەر بووە، بەڵام ئیرادەی بەرزە و هیچ كاتێك تەنەزولی بۆ فشارەكان نەكردووە.”

دواتر، بە داوای پارێزەرەکانی، لە ٣٠ی تشرینی مانگی ڕابردوو، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر، سزای زیندانییەکەی شێروان شێروانی لە چوار ساڵەوە کەمکردەوە بۆ دوو ساڵ.

ئامارەکان ئەم ساڵانەی دوایی چیمان پێ دەڵێت؟

بە پێی ئامارێکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٣٥٣ پێشێلکاریی بەرامبەر بە ٢٦٠ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی ئەنجامدراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢شدا، ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٣١ پێشێلکاریی بەرامبەر بە ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی، تا ئێستاش ئاماری ئەمساڵیان بڵاو نەکردووەتەوە.

لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژنامەگەریی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، بە ڕۆژنیوزی وت: “ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا پاشەکشەی کردووە، ئاستەنگییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان زۆر زیادی کردووە، حکومەت مامەڵەیەکی خراپ دەکات و ناتوانێت مافەکانی ڕۆژنامەنووسان بەرجەستە بکات.”

سلێمان ئەحمەد
سلێمان ئەحمەد

پێشێلکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی، تەنها بەوەوە نەوەستا، بەڵکوو لە کۆتا پێشێلکاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە دەڕفێندرێت و ماوەی ٢٢ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر، تایبەت بە ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی، وەک یەکێک لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ، ڕۆژنیوز چەند جارێک پەیوەندی بە دەستەی مافی مرۆڤ و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان ساڵانە بڵاوی دەکەنەوە پەیوەندیدار بە ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان، دەتواندرێت تێبینی ئەوە بکرێت کە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و ڕادەربڕین لە مەترسیدایە و پێشێلکاری یاسا و مافی مرۆڤ و دیاردەی توندوتیژیی بەرامبەر چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان ساڵ لەدوای ساڵ زیاتردەبن و هەرێمی کوردستان بووە بە مەیدانی پێشلکارییەکان.

 

هـ.ح

Comments are closed.