ئەردۆغان منداڵانی کورد کۆمەڵکوژ دەکات و فرمێسک بۆ غەزە دەڕژێنێت

باران گەرمیانی

وێرای پشتگیریکردن لە گرووپە تیرۆریسییەکان، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی، داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆمەڵکوژکردنی دەیان منداڵی کورد، ئەردۆغان تاوانەکانی خۆی نابینێت و فرمێسکی هەڵخەڵەتێنەر بۆ حەماس دەڕژێنێت.

ئەردۆغان، لە هەر شوێنێک کوردێک هەبێت هەوڵی لەناوبردنی دەدات و ئاگری بەسەردا دەبارێنێت، پشتگیریی لە گرووپی تیرۆریستی داعش و بەکرێگیراوەکانی لە داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، لەم ڕاپۆرتەدا ڕۆژنیوز پەردە لەسەر تاوانەکانی ئەردۆغان بەرامبەر گەلی کورد و هاوکارییەکانی بۆ گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەکان هەڵدەداتەوە.

تاوانەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژئاوای کوردستان

لە سەروبەندی دەستپێکردنی هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک گەمارۆ دەخاتە سەر کۆبانێ و ناهێڵێت هیچ هاوکارییەکی پێ بگات، جگە لەوەش دەرگا بۆ چەتەکان دەکاتەوە کە لە تەواوی جیهانەوە بە ڕێگەی تورکیادا، هێرش بکەنە سەر شەڕڤانان، بەڵام هەر زوو ئەو خەونەی لەناو دەبرێت و بە بەرخۆدانی شەڕڤانان ڕێگە لە داگیرکردنی کۆبانێ دەگیرێت و چەتەکانی داعش وەدەر دەنرێن.

لە ساڵی ٢٠١٨، لەگەڵ گرووپە بەکرێگیراوەکانی هێرش دەکاتە سەر عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان و داگیری دەکات، بەهۆیەوە سەدان هەزار هاوڵاتیی ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوون، هەزاران ڕەزوباخ لەناو دەبات و بە نیشتەجێکردنی عەرەب، سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی ئەنجام دەدات.

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩، هێرش بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی دەست پێ دەکات، بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە چەندین جۆری چەکی قەدەغەکراوی فسفۆڕیی منداڵانی کورد کۆمەڵکوژ و بریندار دەکات، دیسانەوە گرووپە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکەدا نیشتەجێ دەکات.

لەگەڵ بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە بەرەبەیانی ٥ی تشرینی یەکەم، دەیان ناوچەی نیشتەجێبوون، تەندرووستی، خزمەتگوزاریی، ناوەندی ئەکادیمی، وێستگەی سووتەمەنی و ئاو و کارەبای بۆردوومان کرد، بە هۆیەوە ٤٧ کەس شەهیدبوون و ٥٩ی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکیان هاوڵاتیی مەدەنیی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بەبەردەوامی ئاوی ڕووباری فورات دەگرێتەوە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و کارەبایە.

هێرشە داگیرکارییەکانیی لە باشووری کورستان

هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئاسمان و زەمینەوە، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشوور کوردستان درێژە پێداوە، بە دەیان کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە و بنکەی سەربازی درووست کردووە، لە ئاسمانیشەوە بۆردوومانی تەواوی باشووری کوردستان دەکات، بە جۆرێک جگە لە چیا ئازادەکان هەریەک لە شنگال، مەخموور، پێنجوێن، ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیانیشی گرتووەتەوە.

لەگەڵ هێرشکردنە سەر هەریەک لە ئاڤاشین، مەتینا و زاپ و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی تاکتیکی و کیمیایی، بەهۆی داگیرکاریی و بۆردوومانەکانییەوە، ١٥٨ گوند چۆڵکراون و زیاتر لە ٦٠٠ گوندی دیکەش مەترسی چۆڵکردنیان لەسەرە.

هاوکاریکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە

لەگەڵ درووستبوونی چەتەکانی داعش، هەر زوو ئەردۆغان دەستی کرد بە هاوکارییکردنیان بۆ داگیرکردنی تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان، بە پێی بەڵگەکان تەنانەت بریندارەکانیان لە نەخۆشخانەکانی ناوخۆی تورکیا چارەسەری تەندرووستییان بۆ دەکرا.

دوای کۆتاییهاتنی داعش بە دەستی شەرڤانان، ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی، لەگەڵ چەندین گرووپی بەکرێگیراو دەستی تێکەڵکرد و هێرشی کردە سەر ئەو ناوچانە و داگیری کرد.

لە ساڵی ٢٠٢٠ و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئازەربایجان بۆ داگیرکردنی قەرەباغی ئەرمینیا، هەر زوو دەوڵەتی تورک پشتیوانی لە ئازاربایجان کرد و درۆنی بەیرەقداری خستە خزمەتییەوە، تا گەشت بەوەی لە ١٩ی ئەیلولی ئەمساڵدا ئازاربایجان قەرەباغی داگیرکرد.

هەروەها لە داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن چەتەکانی تاڵیبانەوە لە ساڵی ٢٠٢١، دەوڵەتی تورک جارێکی دیکەش بەپاڵپشتی کردنی چەتەکانی تاڵیبان، هاوکارییەکانی خۆی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان دووپاتکردەوە، ئەو پاڵپشتییانەشی تا ئێستا درێژەیان هەیە.

ئەردۆغان تاوانەکانی خۆی نابینێت و فرمێسکی هەڵخەڵەتێنەر دەڕژێنێت

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە ئەنجامدا دەیان هەزار هاوڵاتیی مەدەنی لە هەردوولا کوژران و برینداربوون، کەچی ئەردۆغان لە ١٥ی ئەم مانگەدا وەک ئەوەی تاوانەکانی خۆی و کۆمەڵکوژکردنی منداڵان نەبینێت، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا فرمێسکی هەڵخەڵەتێنەر دەڕژێنێت و دەڵێت: ”زۆر بە ئارامییەوە دەڵێم، ئیسرائیل دەوڵەتێكی تیرۆریستە.”

لە وەڵامدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئەردۆغان پاڵپشتی لە تیرۆر و حەماس دەكات و گوندەكانی وڵاتەكەی بۆردوومان دەكات، ئێمەش ئەوەی لێ قبوڵ ناكەین.

هـ.ح

Comments are closed.