کابینەکەی مەسروور بارزانی هەرێمی خستووەتە گەورەترین شکست و قەیرانەوە

بنار هیدایەت

لە مێژووی حوکمڕانی کوردیی و بە تایبەت باشووری کوردستان، هیچ کابینەیەک وەک کابینەی نۆیەم لە گشت ڕوویەکەوە خراپ و شکستخواردوو نەبووە، بە تایبەت لە ڕووى مافی مرۆڤ و پەروەردە و ئاسایش و خزمەتگوزاریی و ئابووریی، بە جۆرێک هەموو ئەو بوارانە لە ناوەڕۆکدا هەڵتەکاون بەهۆی سیاسەتێکی هەڵەی دووبارەیی.

ئەم چوار ساڵە بەلای هاوڵاتییانەوە ڕەنگە بە چوار چوار ساڵی تێپەڕیبێت، چونکە نە خزمەتگوزارییەکی پێویست و نە ئاسایشێک بۆ هاوڵاتییان و چالاکوان و سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسان و توێژەکانی دیکە، بە جۆرێک لە دنیای دەرەوە بە شێوازێکی تەنز ئامێز لێکدانەوە بۆ ئەم حوکمڕانییە دەکرێت.

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کونجی زیندانەکان

یەکێک لە یاساکانی کابینەی نۆ بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، بە جۆرێک ڕەخنەگرتن لە هەر ئەدایەکی مەسروور بارزانی و حکومەت و حزبەکەی، ژوورە تاریکەکانی زیندانەکان چاوەڕێی ڕەخنەگران دەکات، دەستگیرکردنی شێروان شێروانی و هاوڕێیانی لە بادینان، یەکێکە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەژێر دەسەڵات و هەژموونی بارزانیدا، پێشێلکردنی مافەکانی شێروان شێروانی و دەستگیرکراوانی بادینان، تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن، ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووسان و لەناویاندا “سلێمان ئەحمەد” کابینەکەی مەسروور بارزانی ڕووبەڕووی ڕەخنەی جدی کردەوە لە ناوەندە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی عێراق، هەتا گەیشتە ئەو بۆچوونەی کابینەکەی بارزانییان بە پۆپۆلیستی و عەسکەر تارییەت ناوبرد.

کەرتی پەروەردە قوربانییەکی دیکەی دەستی کابینەی نۆ

لە ئێستادا زیاتر لە دوو مانگە بایکۆت لە ناوەندەکانی خوێندنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و شارۆچکەی کۆیە بەردەوامی هەیە، بایکۆتی مامۆستایان لە چەند داواکارییەکی سەرەتایی خۆی دەبینێتەوە لەوانە “پێدانی مووچەی مانگانە و دامەزراندن و شایستە داراییەکان”  لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو تەنها یەکجار مەسروور بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووى ئەو داواکارییانە نەبووەتەوە، کە دەبێت پەروەردەیەکی تەندرووست بۆ هەرێمێکی پڕ لە قەیران درووست بکرێت.

بایکۆتەکانی مامۆستا بەردەوامی هەیە، مامۆستایانی ناڕازیی پەیامەکانیان گەیاندووەتە ناوەندەکانی دەرەوە و لە ئێستاشدا بە نیازن خۆپیشاندانەکان ببەنە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا، چوونی مامۆستایان بۆ بەغدا کابینەکەی مەسروور بارزانی دەخاتە بەردەم پرسیارێکی مێژووییەوە ئەویش “ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەرتی پەروەردە و درووستبوونی تاکی هۆشیاری بەلاوە گرنگە”؟

ئیدانەکردن چەکە بەهێزەکەی دەستی مەسروور بارزانی

ڕۆژانە ئاسمان و زەمینی هەرێمی کوردستان لەبەردەم ڕەحمەتی درۆنی تورکی دەناڵێنێت، بۆ ئەو هەموو ئەو درۆنانە حکومەتەکەی مەسروور بارزانی نەک ئیدانەی ناکات، بەڵکوو سەرکۆنەی ئەو هەموو هێزە وڵاتپارێزە دەکات و لەژێر ناوی تێکدانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان پاساو بۆ درۆن بارانەکە دەهێنێتەوە.

ئەگەر بێدەنگبوون ببێتە مایەی سەرسوڕمانی چاودێرانی سیاسیی و هاوڵاتییان و ناوەندە میدییاییەکان، بە ئیدانەیەکی شەرمنانە خۆی لێ دەرباز دەکات، چونکە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان ئەوەندە لای مەسروور بارزانی بێ ئەرزشە، تەنها بە ئیدانەیەک لۆمەی دۆستەکانی دەکات، لە ئاست هەموو ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، جگە لە ئیدانەیەک شتێکی دیکە نابینرێت.

سنوور بەزاندنەکانی دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لەسەر زەمین پێشێلکارییەکی سەردەمیانە و بێدەنگبوونێکی سیاسییانەی کابینەکەی بارزانییە، چوونکە هیچ وڵاتێک ئەگەر بە تەواوی جیهاندا بگەڕێیت نابینیت دەیان کیلۆمەتر پێشێلکاری بەرامبەر بە خاکەکەت کرا بێت و بێدەنگی هەڵبژێریت، تەنها لە کۆتا کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردەی پێشێلکردنی سەروەریی خاک.

ئابووریی و حکومەتێکی ئیفلاس کردوو

لە ماوەی چوار ساڵى تەمەنیدا، چاوی هەرێم لە دەستی بەغدایە، وەزارەتی دارایی دەڵێت: پارە لە بەغداوە بێت مووچە دابەش دەکەین، سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت نەوتی سپی لە بەغداوە بێت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشی دەکەین، هەرچی وەزارەتی کشتوکاڵیشە چاوەڕێى پارەی بەغدایە بۆ گەنمی جوتیاران، وەزارەتی پێشمەرگە پارە لە هێزەکانی هاوپەیمانان وەردەگرێت، کەواتە ئەرکی سەرۆکی حکوومەت لەم نێوەندەدا چییە، دەبێت بڵێین، حکوومەت و کابینەی نۆ تەنها وەک “نووسینگەیەکی حەواڵەیە” بۆ وەرگرتنی پارە لە بەغدا و دابەشکردنی!

جیاوازی کەرتی گەشتوگوزار لە نێوان شارەکاندا

ئەگەر تەماشایەکی کەرتی گەشتوگوزار بکەین لە ناو شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگەینە ئەو ڕاستییەی، کە “خودی مەسروور بارزانی” سلێمانی و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و هەڵەبجەی سزا داوە، چونکە لە قاڵبە سیاسییەکەدا هاوڕا و هاوتەریبی نین، خەڵکەکەی بە چاوێکی دیکە تەماشای کابینەکەی دەکات و بە خراپترین کابینە ناوی دەهێنێت، ڕەنگە ئەوەش ئاشکرا بێت بۆ پارە بۆ هەولێر و دهۆک و سۆران هەیە، بەڵام بۆ شوێنەکانی دیکە نییە، ئایا ئەوانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە مەگەر پارچە و تەواوکەری هەرێمی کوردستان نین؟

هـ.ح

Comments are closed.