پەکەکە قەڵغانی باشووری کوردستان لە قۆناغە سەختەکاندا

ناوەندی هەواڵەکان

گەریلاکانی پەکەکە، لە ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ـی باشووری کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، هەمیشە فریادڕەسی باشووری کوردستان بوون، لە بادینانەوە تا هەولێر و شنگال، لە کەرکووک و مەخموورەوە تا گوڵاڵە، ڕۆڵی قەڵغان و سپەری خاکیان بینیوە و خوێنیان تیایدا ڕژاندووە، لە کوێدا مەترسی بۆ سەر کورد و کوردستان درووست ببێت گەریلا گیان لەسەر دەست لەوێ ئامادەیە.

٤٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـدا، کە لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا ڕۆڵی قەڵغان و سپەری بینیوە بۆ پاراستنی باشووری کوردستان، لەم دۆسییەدا چەردەیەک لەو ڕاستییە دەخەینە ڕوو.

پەکەکە؛ پێشەنگی ڕاپەڕین لە بادینان

هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ـی گەلی باشوور لە ڕانیە، لە دەڤەری بادینان دوو تیمی گەریلاکانی پەکەکە، لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی وڵاتپارێز کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەنجام دەدەن و پلانی ڕاپەڕینی گەلی بادینان دادەڕێژن.

بەرەبەیانی ١٣ـی ئاداری ١٩٩١، یەکەم فیشەکی ڕاپەڕین لە دەرکارێ، دژی ڕژێمی بەعس دەتەقێندرێت، پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، دەست بەسەر هەموو بنکە و بارەگاکانی ڕژێمی بەعسدا دەگرن و بە تەواوی بەعس دەردەپەڕێنن لە بادینان.

هەمان تیمی گەریلاکان و وڵاتپارێزان، بارەگای شەرانش دەگرن و ٢٨سەربازی بەعس دەکوژن و ٣٤ سەربازیش بەدیل دەگرن تێیدا، لەو چالاکییەدا گەریلایەکی ئازادیی کوردستان بەناوی “ساڵەح ئایدەمیر” شەهید دەبێت.

ڕۆژانی دوای ڕاپەڕینیش گەریلا و وڵاتپارێزان بەرخۆدانێکی بێوێنەیان کرد لە باتوفا، دژی هێرشی هەڵگەڕاوەی بەعس، کە لە ئەنجامدا دەیان ئەفسەر و پلەداری بەعس بەدیلگیران و گەریلایەک بەناوی “عاکیف” کە ناسرابوو بە “هەڤاڵ مژین” شەهیدبوو، چەند گەریلایەکیش برینداربوون.

پەکەکە؛ تێکشکێنەری ڕاستەقینەی داعش

ساڵی ٢٠١٤، لە پاش داگیرکردنی شاری موسڵ لەلایەن گرووپە چەتەکانی داعش-ەوە، هێرشەکانیان ڕووی لە باشووری کوردستان کرد، لەو کاتەدا هاوڵاتییان داوایان دەکرد، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەدەنگیانەوە بچن و پارێزگارییان لێ بکەن، کاتێک مەترسییەکان جدی بوونەوە، دەمودەست موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، وەڵامی داواکاریی گەلی باشووری کوردستانی دایەوە و بانگەوازیی سەفەربەریی ڕاگەیاند بۆ گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، کە بچنە سەنگەری پێشەوە و باشووری کوردستان بپارێزن.

ئەوەبوو هێزێکی زۆری گەریلا، لە قەندیلەوە بە مانۆڕێکی سەربازیی بەڕێکەوتن تا سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لە شنگالەوە بۆ مەخموور، کەرکووک، گوڵاڵە، خورماتوو و گەرمیان، لە تەواوی شار و شارۆچکەکانەوە گەل بۆ پێشوازییکردن لە گەریلا ڕژانە سەر شەقامەکان و پێشوازییەکی مێژووییان لێ کرا.

لە پاش گەیشتنیان بە سەنگەرەکانی پێشەوە، شانەوشانی پێشمەرگە شەڕیان کرد، لە هەندێک ڕووبەڕووبوونەوەشدا تاکانە هێزی گۆڕەپانەکە بوون و شنگال، مەخموور، کەرکووک، گوڵاڵە و خورماتوویان لە گرووپە چەتەکانی داعش ڕزگار کرد و تێکیان شکاندن.

گەریلا؛ چۆن هەولێری پاراست؟

کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شنگال ١٢هەزار چەکداری پەدەکە هەڵهاتن، تەنها نۆ گەریلا بە بەرخۆدانێکی گەورە ئێزدییەکانیان لە کۆمەڵکوژیی پاراست، بە هێرشکردنە سەر گوێر و مەخمووریش هەولێر کەوتە مەترسییەوە کە ئامانجی گرووپە چەتەکانی داعش بوو، جارێکی تر گەریلا داعشیان تێکشکاند و هەولێریان لە مەترسیی ڕزگار کرد.

گەریلا؛ کۆتا هێز کە لە ناو کەرکووکدا مایەوە!

لە شەوی ١٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، هێزەکانی سوپای عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی، هێرشێکیان بۆ ناوەندی شاری کەرکووک و دەوروبەری دەست پێ کرد، لە دژی ئەو هێرشە، گەریلا بۆ پاراستی خەڵکی کەرکووک هێڵێکی بەرگرییان لەناو شارەکەدا درووست کرد، تا دوا سات لە گەڕەکەکانی فەیلەق، عەرەفە، شۆراو و ڕەحیم ئاوا، بەرگرییان کرد، لە کۆتاییشدا لە دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی شارەکە، هێزەکانی گەریلا وەکو کۆتا هێز لە ناو کەرکووکدا کشانەوە بۆ ناوچە ئارامەکان.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧، تا ئەو ساتەی کە باشووری کوردستان لە ژێر مەترسی چەپۆکی ڕەشی گرووپە چەتەکانی داعشدابوو، هێزەکانی گەریلای هەپەگە و یەژاستار، بە درێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر هاوشانی پێشمەرگە لە دژی داعش، لەناو یەک سەنگەردا تێکۆشانیان دەکرد و خوێنیان دەڕشت، لە پێناو پاراستنی باشووری کوردستان.

لە پاش ڕەوینەوەی مەترسییەکانیش، گەریلاکانی ئازادیی بە مەڕاسیمێکی ئاشکرا گەڕانەوە بەرەو چیا ئازادەکانی کوردستان و سەنگەرەکانیان ڕادەستی پێشمەرگە کردەوە، لە ئێستاشدا ڕۆژانە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان، تاکە هێز کە بەرگریی دەکات و سنگی خۆی کردووە بە قەڵغان گەریلاکانی پەکەکەیە.

ب.گ

Comments are closed.