پژاک.. پێشەنگی هەستانەوەى تێکۆشانیی ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ، ٢٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پژاکدا تێدەپەڕێت، ئەو پارتەی وەک پێویستییەک لە پاش شکستی شۆڕشەکان و ڕاپەڕینە سیاسییەکانی کورد و تیرۆرکردنی سەرکردە و ڕابەڕە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان دروستبوو، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی دەسەڵاتی ئێران و شکاندنی ئەو بێدەنگییە سیاسییەی باڵی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا کێشابوو دامەزرا.

لەو ساڵانەی بێدەنگییدا، بزووتنەوەی ئازادییخوازی گەلی کورد هەوڵی دابوو ئەم بێدەنگە سیاسییە بشکێنێت، بەهۆی هەلومەرجی ئەو سەردەمە، دەرفەتی کاری بە ڕێکخستنکردن زۆر دژواربوو، بەڵام توانی تا ڕادەیەک خۆی لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنێت.

ساڵی ١٩٩٩ کاتێک پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەلایەن دەزگا سیخوڕییە جیهانییەکانەوە ئەنجام درا، جارێکی تر جووڵە کەوتە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرهەڵدانێکی بەشکۆیان خوڵقاند و هەستی شۆڕشگێرییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندوو کردەوە.

کچان و کوڕانی کورد لە زانکۆ و گوند و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پۆل پۆل ڕوویان لە چیا ئازادەکان کرد و چەکی شۆڕشیان لە شان کرد، بڕیاریان دا لە سەر بنەمای فەلسەفەی ئۆجالان و کۆنفدراڵیزمی دیموکراتی، پارتێک دامەزرێنن.

لە سەر ئەو بڕوایەی خودی ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: نابێت ڕۆژی لەدایکبوونی من وەک لەدایکبوونی کەسێک سەیر بکرێت، دەبێت وەک ڕۆژی ژیانەوەی گەلێک سەیر بکرێت، لە ڕۆژی ٤ـی نیسانی ساڵی ٢٠٠٤ـدا، “پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان-پژاك”ـیان دامەزراند.

تێکۆشانی پژاک لە بواری سیاسیی و سەربازییدا

هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، چاوەڕوان دەکرا ئەم پارتە ببێتە هەناسەیەکی دیکەی تێکۆشانى سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا لە بواری سیاسیی و سەربازییدا توانی لەناو دڵی گەلی ڕۆژهەڵاتدا جێی خۆی بکاتەوە و خەڵک بە ڕێکخستن بکات، وەک هێزێکی نوێ لە ئاستی کوردستان و ئێراندا بووبە جێی باس.

لە بواری سەربازییدا هێندە پێشکەوت، لە ساڵی ٢٠١١ بەرامبەر ئارتەش و سوپای پاسداران زیاتر لە مانگێک جەنگا و ئێرانی ناچار بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست کرد، لەم ماوەیەدا لە شاخ و شارەکاندا سەدان شەهیدی پێشکەش بە ڕێگای ئازادیی کرد و سەدان ئەندامیشی خزێنرانە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران، بەڵام زیندان و لە سێدارەدانەکانیش نەیانتوانی چۆک بەم پارتە شۆڕشگێرەدا دابدەن، نموونەش بۆ ئەمە چیرۆکی بەرخۆدانی هەریەک لە زەینەب جەلالیان، تاکە ژنی زیندانی تا هەتایی و وریشە مورادی، ژنە شۆڕشگێڕی کوردە.

ئامانجەکانی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان

گرنگترین ئامانجەکانی پژاک خۆی دەبینێتەوە لە (چارەسەری کێشەی کورد و گەلانی ئێران لە چوارچێوەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا، بەرەوپیشبردنی ژیانی ئازاد و دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ماف و  ئازادییەکانی گەل، بەرەنگاربوونەوەی زهنییەت و پەیوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان کە سەرچاوەی خۆی لە عەقڵییەتی پیاوسالارییدا دەبینێتەوە، تێکۆشان بۆ ناسنامە و ئازادیی ژن لە کۆمەڵگەدا، بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە دیموکراتییەکان لەگەڵ گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەدا).

ئێستا پژاک بەشێکە لە سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لەم ساڵانەی دواییشدا چەند پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەریی کێشەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران لە سەر بنەمای کۆنفدراڵیزمی دیموکراتی پێشکەش کردووە.

هەوڵی داوە بە پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش و یەکگرتنەوەی هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوە ئازادییخوازەکانی گەلانی ئێران، هەنگاو بۆ چارەسەریی کێشەکان و جێگرکردنی سیستەمێکی نوێی بەڕێوەبەریی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵهێنێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ئازادیی بۆ کورد و دیموکراسی بۆ ئێران مسۆگەر بکرێت.

ب. جـ

Comments are closed.