هەفتەی قارەمانێتیی.. لە زیندانی ئامەدەوە تا چیا ئازادەکان

ناوەندی هەواڵەکان

شۆڕشی هاوچەرخی کوردستان، پڕە لە داستانی قارەمانانە، لاوانی کورد بە خوێنی خۆیان، خۆری سەرکەوتن و هیوایان بەسەر زەمەنە چەقبەستوو و داگیرکراوەکاندا هەڵهێناوە، ئەم هەفتەیەش لە ٢١ تا ٢٨ـی ئادار، بە هەفتەی قارەمانێتیی دەناسرێت، لە زیندانی ئامەدەوە بە بڵێسەی ئاگرەکەی مەزڵوم دەستی پێکرد و بە شەهیدبوونی فەرماندە عەگید کۆتاییهات.

لەهەفتەی قارەمانێتییدا کە لە ٢١ـی ئادار دەستپێدەکات تا ٢٨ـی ئادار، بە چالاکییەکانی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز دەستپێدەکات و ملیۆنان کورد ڕوو لە گۆڕەپانەکان دەکەن، شانەوشانی پیرۆزکردنی نەورۆز، چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت و شەهیدانی ڕێگای ئازادیی یاد دەکرێنەوە و بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازی مەزڵوم و عەگیدەکان دووپات دەکرێتەوە.

ئەم هەفتەیە لە مێژووی پەکەکەدا لە ٢١ـی ئادار واتا یەکەم ڕۆژی نەورۆز دەستپێدەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید مەزڵوم دۆغان لە زیندانی ئامەد، وەک وەڵامێک لە دژی ستەم و ئەشکەنجەی زیندانی ئامەد و دەسەڵاتی سەرکوتکەر و داگیرکەری تورک.

هەفتەی قارەمانێتیی چۆن دەستیپێکرد؟

لە ٢١ـی ئاداری ١٩٨٢دا ، کاتێک مەزڵوم دۆغان یەکێک لە پێشەنگەکانی  پەکەکە، بە چالاکییەکەی ڕۆحی بەرخۆدان و جەژنی نەورۆزی لە ناو زیندانی ئامەددا یەکانگیر کرد.

ئەوکات پیرۆزکردنی نەورۆز لە تورکیا قەدەغەکرابوو، مەزڵوم دۆغان سێ دەنکە شقارتە دادەگیرسێنێت و لەسەر دیواری زیندانەکە دەنووسێت: “بەرخۆدان ژیانە..تەسلیمبوون مردنە” چالاکیی گیانبازیی ئەنجام دەدات و بە ئاگری لەشی نەورۆز پیرۆز دەکات و شەهید دەبێت.

بەدوای ئەویشدا، چوار هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی (فەرهات کورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحمود زەنگین و نەجیم ئونەر) وەک ئەوەی کە گۆڤەند بگێڕن دەستی یەکدەگرن و ئاگر لەجەستەی خۆیان بەردەدەن و هاوار دەکەن”بەرخۆدان ژیانە..تەسلیمبوون مردنە”.

هەروەها ساڵی ١٩٩٨یش کادرێکی دیکەی پەکەکە بە ناوی سەما یوجە، لە ڕۆژی نەورۆزدا لە دژی ستەمی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئاگرتێبەردان لە جەستەی خۆی، ئاگری نەورۆزی لە ناو زیندانەکانی تورکیا گەشاندەوە و شەهیدبوو.

دوای دوو ساڵ لەو چالاکییەی شەهید مەزڵوم دۆغان لە زیندانی ئامەد، پەکەکە ئاستی تێکۆشانی خۆی بەرزکردەوە و وەک تۆڵەیەک بۆ ئەو ستەمەی بەرامبەر گەلی کورد و پێشەنگانی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئازادییخوازیی کوردستان کراون، کاروانی خەباتی گەیاندە خەباتی چەکداریی.

مەعسوم کۆرکماز (عەگید) کێیە؟

لەساڵی ١٩٥٦ لەشارۆچکەی فارقین-ـی سەربە شاری ئامەد لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٦ لە ڕێگەی شەهید مەزڵوم دۆغانەوە ئاشنا دەبێت بە گرووپی ئاپۆچییەکان و پەروەردەی ئایدۆلۆژیی و سیاسیی و ڕێکخستنیی دەبینێت.

لە زستانی ١٩٨٠دا دەچێتە کامپی شۆڕشگێڕانی فەڵەستین لە لوبنان، ماوەی حەوت مانگ پەروەردە وەردەگرێت و پاشان دەگەڕێتەوە باکووری کوردستان، ساڵی ١٩٨٤ سەرپەرشتیی دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پەکەکە دەکات دژی سوپای تورک.

پاش خەباتی دوو ساڵ لە ناوچە جیاجیاکانی باکووری کوردستان و ڕێکخستنی دەستەکانی گەریلا و پەرەدان بە خەباتی چەکداریی و چالاکییکردن، فەرماندە عەگید لە ٢٨ـی ئاداری ١٩٨٦ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ ھێزەکانی سوپای دەوڵەتی تورک لە چیای گابار لە پارێزگای شرناخ شەھید بوو، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی کوژاندنەوەی مۆمی ڕووناکیی ئەم فەرماندەیە، بەڵکو لە ئێستادا بووەتە فەرماندەیەکی ئەفسانەیی و سرووشبەخش بۆ هەزاران شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر.

لەمڕۆشدا، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی و خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەردەوامییدان بە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، دەنگی فیشەکەکەی فەرماندە عەگید بە زیندووی دەهێڵنەوە و بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان دووپات دەکەنەوە.

ب. جـ

Comments are closed.