سیستەمە بەرگرییەکەی گەریلا… کابووسی سوپای داگیرکەری تورک

باران گەرمیانی

پەکەکە، ئەو پارتەی بۆ بەدەستخستنی چەکێک، خۆیان بەبرسێتی دەهێشتەوە و بە قەرز چەکی دەکڕیی، ئێستا بووە بە درووستکەری چەک و خاوەنی درۆن و سیستەمی دژە فڕۆکەی تایبەت بەخۆی، لەگەڵ هەر نوێگەرییەک لە بواری سەربازییدا خۆی نوێ دەکاتەوە و لە شەڕی مۆدێرندا خۆی پێشدەخات و بەرگریی لە گەلەکەی دەکات و درێژە بە تیکۆشان دەدات.

بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستان، لە گرووپێکی بچووکی چەند کەسیی و بێ توانستەوە، ئێستا درووستکەری چەکی بەرگرییکردنە لە خۆیی و خاوەنی سیستەمی بەرگریی زەمنیی و ئاسمانییە، لەم دۆسێیەدا ڕۆژنیوزپەردەیەک لەسەر پێشکەوتن و خۆنوێکردنەوەی گەریلاکانی ئازادیی لە بواری سەربازییدا هەڵدەداتەوە.

لە یەکەم چەکەوە تا سیستەمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان

هێشتا تەنها گرووپێکی چەند کەسی بوون، بەڵام هەڵوێست و چالاکییەکانیان دوژمنی شێت و هار کردبوو، بۆیە بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی ئەندامەکانی و بێکاریگەربوونی دەدرا، بۆیە ئەم گرووپە بڕیار دەدات بۆ خۆپاراستن، چەکێک بکڕێت، بەڵام کڕینی چەکێک پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەبوو، ناچار کەم کردنەوەی خواردن و کڕینی بە قەرز تاکە بژاردەی بوو، بەم شێوەیە ئەم تەڤگەرە بووە بەخاوەنی یەکەم چەکی خۆی.

ئەم تەڤگەرە بووبە پارت و هێزێکی پاراستنی گەلی ئافراند، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆ لەناوبردنی ئەم پارتە ڕووی لە زیادبوون دەکرد و بە دەبابە و هێلیکۆپتەر و بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرشی دەکردە سەر گەریلا، بۆ وەستانەوە لە دژی ئەمەش، گەریلا سیستەمی موشەکی دژە فڕۆکەی سەرشانی بە دەستخست و لە ساڵانی دوو هەزارەکاندا چەندین هێلیکۆپتەری خستەخوارەوە، بەڵام ئەم مووشەکە مەودای پێکانی کەم بوو.

هەروەها، گەریلا وەک هێزێکی شۆڕشگێڕیی و سەربازیی، توانی پەرەبەخۆی بدات و یەکەم چەکی خۆی بەناوی “زاگرۆس” دروستبکات، کە چەکێکی نیشانەشکێنە و گوللەی دۆشکەی لەسەر بار دەکرێت و لە ئێستادا دوو جۆری لە دەستی گەریلاکانی ئازادییدایە.

لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیای سەربازییدا، دەوڵەتی تورک بە چەندین سیستەمی گەرمی و دۆزینەوەی خوێن، بۆردوومانی ناوچەکانی گەریلای دەکرد، بەهۆیەوە چەندین گەریلا شەهیدبوون، بەڵام ئەمەش نەیتوانی ڕێگریی لە گەریلا بکات، بەڵکو بە لەبەرکردنی جل و چەتری تایبەت بە پارێزەری گەرمی، ئێستا گەریلا لە ژێر فڕینی دەیان فڕۆکەدا ئۆپەراسیۆنی شۆڕسگێڕیی ئەنجامدەدات و گورزی کەمەرشکێن لە داگیرکەران دەدات.

هەروەها، گەریلا سیستەمی بەرگریی دژە تانکی “تاو”ـی بەدەستخستووە، هەرچەندە ئەم چەکە دژە تانکە، بەڵام گەریلا بە ئامێر و کەرەستەی دیکە تەیاری کردووە و ئێستا دەتوانرێت لە شاخ و شار و لە دژی سەرباز و تانکیش بەکاربهێنرێت.

لەگەڵ پێشکەوتنە سەربازییەکاندا، گەریلاکانی ئازادیی شەڕی پارتیزانیی ئاوێتەی شەڕی مۆدێرن کردووە و گەریلای مۆدێرن لە بواری سەربازییدا بەرهەمهاتووە، کە هەر پێشکەوتنێک لە بوارەکەدا ڕوو بدات، گەریلاش خۆی پێش دەخات و بە زووی دژەکەی دەدۆزێتەوە و بێکاریگەری دەکات.

تا دەهات بواری سەربازی لە جیهاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە دەبینی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕۆڵێکی کارای لە یەکلاکردنەوەی شەڕەکان دەبینی، بۆیە گەریلاش بە ئیمکانیاتێكی کەمەوە، توانی دەیان جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و گورزی گەورەیان لێ بووەشێنێت.

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بە بەردەوام باسی لە درووستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانا سەرسوڕهێنەرەکانی دەکرد و بازاڕی بۆ پەیدا دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو فڕۆکانە لە ئاسمانی کوردستاندا ناتوانن بفڕن و هەمیشە لە ئاسماندا دەکرێت بە پارچەیەک ئاگر و گەریلا ئاسمان و زەوی کوردستانی بە ڕووی داگیرکەراندا داخستووە.

بە پێی ڕاگەیاندراوێکی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە، کە لە ٢٠ـی ئەم مانگە بۆ مزگێنی جەژنی نەورۆز بڵاویان کردەوە، گەریلاکانی ئازادیی دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک بێ کاریگەر بکەن و لە ماوەی ١٣ مانگدا ١٥ فڕۆکە خراونەتەخوارەوە، کە دوو دانەیان “ئاکنجیی”ـە یەکێک لە هەرە پێشکەوتووترین فڕۆکەی دەوڵەتی تورکە بە وتەی خۆیان.

وەک موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە دەڵێت: هەر داگیرکەرێک پێ بنێتە ناو خاکی کوردستانەوە دەبێت هەڵبێت یان بمرێت.

بەم شێوەیە گەریلای مۆدێرن بە تەواوی بووە بە کابووسی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و هاوکارانیان.

ب. جـ

Comments are closed.