ئیسرائیل و ئێران ئاگرەکەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆش دەکەن

٤٨ کاتژمێری داهاتوو چی ڕوو دەدات؟

ناوەندی هەواڵەکان

جەنگی حەماس و ئیسرائیل ئەو بۆمبە تەوقیتکراوە بوو کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو تەقییەوە و جیهانى بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران بزوێنەری جەنگەن، بۆیە هەر دەرفەتێک بۆیان هەڵکەوێ گورز لەیەکتر دەوەشێنن، ئێستا خەریکە ئەو ئاگری ئەو جەنگە خۆشتر دەبێت و دەبێتە جەنگی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئێران خۆیان.

سەرەتای ئەم مانگە ئیسرائیل بە فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشی کردە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەوهۆیەوە حەوت ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران کوژران، هەرچەندە ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران پەنجەی تۆمەتیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن.

دوای هێرشەکەی یەکی نیسان عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی ئەوەی کرد وەڵامێکی توندیان دەبێت.

“ئیسرائیل هەڵەی گەورەی کرد و دەبێت تەمبێ بکرێت”

خامەنەیی وتی: باڵیۆزخانەکانی ئێمە لە هەر وڵاتێک هەبن، بە خاکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێن، کاتێک هێرش دەکەنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە، وەکو ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێمە، ئیسرائیل لەم بابەتەدا هەڵەی گەورەی کرد، دەبێت تەمبێ بکرێت و ئەوەش بە ئێمە دەکرێت.

 ئەم هێرشەى ئیسرائیل لە دیمەشەق دەرگای بەڕووی جەنگێکی نوێدا کردەوە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بکەونە جەنگێکی نوێوە و چیتر لە ڕێی بریکارەکانیان و لە سێبەری گرووپ و ملیشیاکاندا شەڕی یەکتر نەکەن.

لە وەڵامی هەڕەشەکانى ئێراندا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی کرد و ڕایگەیاند: هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین، ئێمە ئامادەین بۆ هەر هێرش و وەڵامێک کە پێویست بێت.

” ئەگەر ئێران هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل، ئێمەش راستەوخۆ هێرش دەکەینە سەر ئێران”

هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیکردەوە، ئەگەر ئێران هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوانیش راستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر ئێران.

 هەروەها دانیێل هەگاری، وتەبێژی بەرگریی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە، هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل وەڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێران بەدوادا دێت.

 بەرپرسانى دەرەوەى ئێران و سوپای پاسداران لێکدا لێکدا لێدوانى تیژ و توند لەدژی ئیسرائیل دەدەن و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن، بۆ ئەوەش کاتژمێری سفریان داناوە بۆ گورز وەشاندن لە ئیسرائیل، بەڵام ئەوەى ڕوون نییە ئەوەیە، ئایا ئێران ئەو گورزەى لە ئیسرائیلی دەدات ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەبێت یان لە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانى لە وڵاتانی ناوچەکە دەدات یاخود لە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق گوورز دەوەشێنێت.

هێرشەکەى ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەى ئێران لە دیمەشق جێگای خۆشحاڵی وڵاتانى ناوچەکە و ئەوروپا نەبوو، بەڵکو پێیان وابوو ئەم هێرشە لەم کاتەدا ململانێیەکان لەناوچەکە زیاتر دەکات و بەرەیەکى دیکەى جەنگ دەکاتەوە کە هیچ لایەنێک قازانجی لێ ناکات.

لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانى ناکۆکییەکانى ئیسرائیل و ئێران، چەند وڵاتێک هاتنە دەنگ و داوایان لە تەلئەبیب و تاران کرد دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە شەڕ دوور بگرن.

“زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات کە لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە”

لەو چوارچێوەیەدا، ئەنالێنا بیربۆک وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند: زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات کە لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە، بۆیە داوایان لێدەکرێت بە بەرپرسیاریێتییەوە مامەڵە بکەن و دان بە خۆیاندا بگرن.

 دوای ڕووداوەکەی یەکی نیسان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش  لەپەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، بە نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانم وت، ئێمە پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلەوە دژی هەڕەشانەی ئێران و پاشکۆکانی، بۆیە ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

هەریەکە لە ئەنتۆنی بلنکین وەزیری دەرەوەى ئەمریکا و سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە وڵاتەکەیان هیچ بەشدارییەکى نەبووە لەو هێرشەی کە کراوەتە سەر کونسوڵخانەى ئێران لە دیمەشق.ئێستا ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لە ٤٨  کاتژمێری داهاتوو هێرش بکات، بەڵام دیار نییە هێرشەکە چۆن و بۆ کوێ دەبێت، بەڵام هەریەکە لە ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکارییان کردوە بۆ وەڵامدانەوەى ئەو هێرشەی ئێران ئەگەر ڕووبدات.

واشنتۆن و تەلئەبیب سوورن لەسەر ئەوەی بەیەکەوە وەڵامی هەر هێرشێکى ئێران بدەنەوە

میدیاکانى جیهان بە گرنگییەوە باس لە هەڕەشەکانى تەلئەبیب و تاران دەکەن و بەردەوام زانیاری نوێ و جۆراو جۆر بڵاودەکەنەوە، میدیاکانى ئەمریکا تیشیکان خستووەتە سەر ئامادەکارییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل و ئاماژەیان بەوە کردوە، ئەگەرچی ئەمریکا هاوڕای هێرشەکەى سەر دیمەشق نەبووە، بەڵام واشنتۆن و تەلئەبیب سوورن لەسەر ئەوەی بەیەکەوە هەماهەنگی تەواو بکەن بۆ وەڵامدانەوەى هەر هێرشێکى ئێران.

لەو چوار چێوەیەدا ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل لە باشوور و باکووری خاکەکەیەوە ئامادەکاری بۆ هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران دەکات، کە ئەگەری هەیە لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتووبێت.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرزیش بڵاویکردەوە، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی بۆ ئەمریکا ناردووە و هەڕەشەی ئەوەی کردوە، ئەگەری هەیە لەماوەی ٤٨  کاتژمێری داهاتوودا هێرش بکەن.

لەماوەى زیاتر لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل بە بەردەوامی بۆردوومانی هێزە چەکدارەکانى ئێران و گروپە ملیشیاکانى سەر بە تارانی بۆردوومان کردوە، بەرپرسانى ئیسرائیل هۆکاری ئەو بۆردومان و هێرشانەشیان بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە بەوتەى خۆیان نایانەوێت، ئێران پێگەی خۆی لە سوریا بەهێز بکات، بۆ ئەوەى لەڕێگەی جۆلانەوە مەترسی لەسەر وڵاتەکەى دروست نەکات.

لە ماوەى ١٠ ساڵدا ئێران هیچ هێرش و کاردانەوەیەکى بەرامبەر ئیسرائیل نەبووە

لەماوەى ئەو ١٠ ساڵەدا ئێران هیچ هێرش و کاردانەوەیەکى بۆسەر ئیسرائیل نەبووە، لەکاتێکدا بە بەردەوامی ئیسرائیل سوپای پاسداران و گروپ ملیشیاکانى سەر  بەو وڵاتەی کردوەتە ئامانج و هەزارانى لێکوشتوون، بەڵام ئێران هیچ کاردانەوەیەکى ڕاستەوخۆی نەبووە، تاکە کاردانەوەى ئێران ئەوە بوو کە هێرشی کردە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر کە بەوتەى بەرپرسانى تاران ئەو ماڵە بارەگای هەواڵگیری ئیسرائیل بووە، بەڵام ئیسرائیل هیچ هەڵوێست و لێدوانێکی نەبوو.

لە دوای هێرشە فراوانەکەى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕۆژی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ناکۆکییەکانى ئێران و ئیسرائیل گەیشتە لوتەکەی خۆی و لەو کاتەوە تائێستا ئیسرائیل زیاتر لە ٥٠ هێرشی کردوەتە سەر بنکەو بارەگاکانى سوپای پاسداران و گروپە ملیشیاکانیان لە سوریا، لەبەرامبەریشدا ئێران لە عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن بەبەردەوامی هێرشی کردوەتە سەر هێزەکانى ئەمریکا لەناوچەکە.

ئایا لە ماوەى ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئێران تۆڵەی خۆی دەکاتەوە؟

ئێستا هەمووان چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکەن و چاوەڕوانی ئەوەن ئایا لەماوەى ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا چی ڕوو دەدات، ئایا ئێران چۆن تۆڵەی خۆی دەکاتەوە؟ ئەگەر ئێران تۆڵەى خۆی کردەوە و هێرشی کردە سەر ئیسرائیل کاردانەوە  ئەمریکا و ئیسرائیل چی دەبێت؟، چونکە هێرشکردنە سەر دەوڵەتى ئێران دەمێکە  لەستراتیژ و پلانى ئیسرائیل دایە، بەڵام پێویستی بە دوو شت بوو یەکێکیان بیانوویەک لەلایەن ئێرانەوە، دووەمیان پشتیوانی و هەڵکردنى گڵۆپی سەوزی ئەمریکاو ئەوروپا بۆ لێدان لە تاران.

ئەو دوو دەوڵەتە دەمێک ساڵە شیرو تیر لەیەک دەسوون و هەڕەشەی سڕینەوەى یەکتر دەکەن لەسەر نەخشەى جیهان، ئەمە لە ڕواڵەتدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچ هێرشێکی زیانمەند لەو دوو وڵاتە نەبینراوە لەیەکتری بدەن، بۆیە کەم نین ئەو سیاسەتمەدار و چاودێرە سیاسیانەى کە پێیانوایە، “دوژمنایەتى ئیسرائیل و ئێران سیناریۆ و درۆینەیە، بەڵکو لە پشتی پەردەوە دوو دەوڵەتى زۆر دۆستن” بۆ ئەمەش چەندین بەڵگە و هۆکار دەخەنەڕوو.

هـ.ح

Comments are closed.