” دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان مەترسییە لەسەر تەواوی کۆمەڵگە”

سلێمانی

پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانیش بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانەکانن، مامۆستایەکی زانکۆ و چالاکوانێکیش دەڵێن: نیگەرانین هەر پێشلکارییەک بەرامبەر هەر رۆژنامەنووسێک بکرێت، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان مەترسییە لەسەر تەواوی کۆمەڵگە.

هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەى جیهان کە بە زۆنێکی ڕەش بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی دادەنرێت، بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت هەر لە لێدانەوە تا تیرۆرکردنیان، کابینەى نۆیەم بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانیش خراپترین کابینەی حکومەت بووە لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان و نەهێشتنی ئازادییەکان.

چالاکوان و ئەکادیمستان سەبارەت بە دۆخی کاری ڕۆژنامەنووسی هەرێم بە مەترسییەکانی سەر ژیانی ڕۆژنامەنووسی ئاژانسەکەمان سلێمان ئەحمەد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

تاکور زەردەشتی
تاکور زەردەشتی

تاکور زەردەشتی چالاکوانی سیاسی وتی: بنەماڵەی بارزانی دەم دەکەنەوە باسی ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەکەن، بەڵام بچووکترین ئازادییان لە هەرێمی کوردستان نەهێشتووە.

ئاماژەى بەوەشکرد، بنەماڵەى بارزانی ڕۆژانە تاوان ئەنجام دەدەن لە دژی ڕۆژننامەنووسانی وەکو سلێمان ئەحمەد کە ماوەی شەش مانگە هیچ کەسێک ئاگای لە ڕەوشی نییە،  کە مەترسی تیرۆرکردن و شەهیدکردنی هەیە، کەس نازانێت، چوونکە بەڕاستی هەتا ئەو ئاستە تاوانبارن.

د. هونەر ڕەسوڵ، مامۆستای زانکۆ ڕایگەیاند: جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە ڕاگەیاندنی ئازاد خۆشگوزەرانی فەراهەم دەکات، پێویستە دەسەڵات خۆی پشتگیری ڕاگەیاندن بکات تا شەفافیەت  و ئازادیی ڕادەڕبڕین درووست ببێت.

هونەر ڕەسوڵ
هونەر ڕەسوڵ

وتیشی: نیگەرانیشم کە هەر پێشلکاریەک بەرامبەر هەر رۆژنامەنووسێک بکرێت لە هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان مەترسییە لەسەر تەواوی کۆمەڵگە.

هەر لە چوارچێوەى پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ ١٩٠ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووسی ئاژانسەکەمان(ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە، لەو کاتەوە تائێستا چەندین هەوڵی جۆراو جۆر دراوە بۆ زانینی شوێنی زیندانیکردنى و هەروەها ئازادکردنی، بەڵام هەموو هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون و پەدەکە ئامادە نییە هیچ زانیارییەکى لەسەر بداتە پارێزەرو کەسوکارەکەی.

هـ.ح

Comments are closed.