تاوان و پێشێلکارییەکانی چەتەکانی تورکیا لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتە ساڵانەکەیدا، بە وردی باس لە تاوان و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری سووریا دەکات، لەلایەن گرووپە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە مەدەنینشینەکان، بەتایبەتی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٧٧ـەوە ساڵانە، ڕاپۆرتێک بڵاو دەکاتەوە و ڕۆشنایی دەخاتە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە زیاتر لە ٢٠٠ وڵات و ناوچەی جیهاندا، کۆتا ڕاپۆرتی کە ٢٣ـی ئەم مانگە بڵاوی کردەوە، بە تایبەتی تیشک دەخاتە سەر ئەو توندوتیژیی و تاوان و پێشێلکارییانەی کە لەلایەن گرووپە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بەرامبەر بە هاوڵاتییانی مەدەنی کورد دەکرێن.

لە ڕاپۆرتەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندین نموونەی پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ـی لەلایەن گرووپە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە خستووەتە ڕوو، بەتایبەتی ئەو چەتانەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستانن  لەوانە عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی.

لەبارەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەوە، بەسام ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سوورییەکان بۆ ڕاستیی و دادپەروەریی (STJ)بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە ” گرنگترین شت لەم ڕاپۆرتەدا ئەوەیە کە پێشێلکارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بە بەڵگە دەکات.

دەشڵێت: “ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گرووپە چەکدارە سورییەکان کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، تا ئێستاش کارەکانی وەک کوشتن و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و تاڵانکردنی ماڵ، لە دژی کوردانی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی ئەنجام دەدەن”.

ڕاپۆرتەکە دەریدەخات، کە گرووپە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، گومانی هەبوونی پەیوەندی بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سووریای دیموکرات و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی، دەکەن بە بیانوو بۆ دەستگیرکردنی زۆرێک لە هاوڵاتییانی کورد و هەراسانکردنیان.

هەروەها سەرنجی خستووەتە سەر بە ئامانجکردنی دانیشتوانی کورد لەناویاندا کوردانی ئێزدیی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، نموونەی ئەم پێشێلکاریانەشی وەک کوشتن، ڕفاندن، بێسەروشوێنکردنی خەڵکی مەدەنی، توندوتیژی سێکسیی، دیپۆرتکردنەوە و کۆنترۆڵکردن و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵی خەڵکی ڕاگەیاندووە.

هەروەها سەبارەت بە بۆردوومان و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕاپۆرتەکە شەپۆلی هێرشەکانی نێوان ٢٣ تا ٢٧ـی مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٣ بە بەڵگە دەکات، بە پێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی درەوەی ئەمریکا، لەو هێرشانەی کرانە سەر حەسەکە، قامشلۆ و کۆبانێ، ١٠ هاوڵاتی مەدەنی کورد شەهید بوون و زیانێکی بەرچاو بە ژێرخانی ئابووریی و مەدەنی وەک نەخۆشخانە و کارگەکان کەوتووە.

ب.گ

Comments are closed.