ڕێبەر ئۆجالان.. لە منداڵێکی یاخییەوە بۆ ئافراندنی سیستەمی ژیان

باران گەرمیانی

لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە ترۆپکی خۆیدا بوون و کەس نەیدەتوانی تەنانەت بە کوردیش قسە بکات، وەک چۆن گوڵەنێرگز زەوی هەڵدەتەکێنێ ڕۆڵەیەک بۆ خەمی گەلەکەی چاوی بە دونیا هەڵهێنا و ناوی لێنرا “عەبدوڵا ئۆجالان”، هەر لە منداڵییەوە هەستە یاخیبوونەکەی کردی بە بەهاری ئازادیی بۆ گەلەکەی، لەمەشەوە بڕیاریدا خەمی گەلەکەی بکات بە سەرچاوەی ئافراندنی سیستەمێكی ژیانی بۆ تەواوی گەلانی بندەست.

لە ٤ـی نیسانی ساڵی ١٩٤٩ و ٧٥ ساڵ پێش ئێستا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە گوندی ئامارا سەربە شارۆچکەی خەلفەتی لە ڕحای باکووری کوردستان، لە خێزانێكی ڕەنجدەر و جوتیار لە دایکبوو، هەر لە منداڵییەوە یاخیبوو، بەرخۆدان و پشتبەخۆ بەستن لەناخییدا چەکەرەی کرد.

خانەوادەی ڕێبەر ئۆجالان وەک زۆرینەی خێزانە کلاسیکەکان دوو ڕەوتی تێدابووە، دایکێکی باڵادەست و باوکێکی سادە و بێ دەسەڵات، دایکی کاریگەریی زۆری لەسەر بیرکردنەوەکانی ڕێبەر ئۆجالان هەبووە، بۆیە خۆی دەڵێت: دایکم یەکەم مامۆستای ژیانم بوو.

لەبەرئەوەی خانەوادەی ڕێبەر ئۆجالان لە گونددا دەژیان و خاوەنی باخێکی زۆربوون، محەمەدی برایشی هاوکاریی ماڵەوەی نەدەکرد، ڕۆژێک ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ براکەیدا دەبێت بەشەڕیان، پاشان باوکی لێی توڕەدەبێت، ئەویش بەردێکی تێدەگرێت و لەماڵەوە یاخی دەبێت، ڕێبەر ئۆجالان ئەو ڕووداوە وەک یاخیبوون لە خانەوادە و تەنانەت لە گوندەکەی لێکدەداتەوە و بە سەرەتایەک بۆ پشتبەخۆبەستن دایدەنێت.

هەڵکەوتەی دیمۆگرافی زێدی ڕێبەر ئۆجالان بەشێوەیەک بوو، زۆرینەی نەژاد و پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەخۆگرتووە، لەوانەش؛ ئەرمەن، سریان، ئاشووریی، کورد، عەرەب، تورک و تورکمان، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ڕوانگەی ڕێبەر ئۆجالان بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان هەبووە، ئەمەش دواتر گەیاندنی بەو باوەڕییەی سیستەمی نەتەوەی دیموکرات بنیات بنێت.

یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی فکری ڕێبەر ئۆجالان پرسی ژن و ئازادیی ژنە، سەرلەنوێ پێناسەی بۆ مێژوو و ڕۆڵی ژن کردووەتەوە و ژنی وەک “پێشەنگی کۆمەڵگە” لەقەڵەمداوە، لە ساتەوەختی بەشوودانی کچە ئامۆزایەکی حەسەنی هاوڕێی دەپرسێت، بۆچی دەبێت ژن بەشوو بدرێت و چیتر وەک پێشتر چالاک نەمێنێت، لەوێوە دەروازەی پرسی ژن لە فکر و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئۆجالاندا دەکرێتەوە.

بۆچی دەبێت لە خوێندنگە بە تورکیی قسەبکەین، لەکاتێکدا ئێمە لە ماڵەوە بە کوردیی قسەدەکەین؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی خۆی بداتەوە، لە تەمەنێکی کەمی گەنجییدا، دەستدەکات بە لێگەڕێن بەناو مێژووی هەزاران ساڵەی کورد و مرۆڤایەتییدا، دەگات بەو ڕاستییەی کە “کوردستان داگیرکراوە”.

لەسەر ئەو بنەمایە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی زانکۆیدا، سەرەتا بزووتنەوەی “ئاپۆچییەکان” و دواتریش لەساڵی ١٩٧٨ پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، دادەمەزرێنێت، ئەم پارتەش دەبێت بە داستانی ژیانەوە و سەرلەنوێ سەرهەڵدانی گەلی کورد دژی بە فاشیزم و نادادی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییدا، ئەم پارتە بە دەیان نشێو و پیلانگێڕییدا تێدەپەڕێت، بەڵام فکر و فەلسەفەکەی ڕێبەر ئۆجالان دەیکات بە پارتی پارێزەری گەل و نزیکەی نیو سەدەیە تێکۆشان بۆ ئازادیی گەلەکەی دەکات.

پاش ئەو سەرکەوتنە مەزنانە و پیداگرییەکەی بۆ ئازادیی گەلانی چەوساوە، لە ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا، بە بەشداری هەریەک لە (ئەمریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا، تورکیا و چەندین وڵاتی دیکەی ناتۆ و دەزگا هەواڵگیرییەکانیان) ڕێبەر ئۆجالان لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێندرا و ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالیی گۆشەگیر کراوە.

هەرچەندە دەوڵەتی تورک و هاوکارانی پێیان وابوو بە گۆشەگیرکردنی ڕێگریی دەکەن لە بەردەم گەشەسەندنی فکر و فەلسەفەکەی و دەتوانن بە تەواوی گەلی کورد لەناوبەرن، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان ڕادەستنەبوونی قەبوڵ نەکرد و دیوارەکانی زیندانی کرد بە گەورەترین گۆڕەپانی تێکۆشان.

لە زیندانی ئیمرالییەوە بە نووسینەوەی چەندین پەرتووک جارێکی دیکە نەخشەڕێگەی ژیانی بۆ تەواوی گەلانی جیهان کێشا و سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ئافراند و پێشکەش بە گەلانی کرد، کە لە بەرامبەر ئەو نادادییە جیهانییەی سیستەمی سەرمایەداریی بەسەر مڕۆڤایەتییدا چەسپاندوویەتی.

ئێستا فکر و فەلسەفەکەی تەواوی سنوورە دەستکردەکانی جیهانی هەڵوەشاندووەتەوە و تێزەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر دەیان زمان و بووە بە جێی تێڕامانی فەیلەسووف و سەرچاوەی توێژینەوەی دەیان پرسی ژیانی، هەروەها بۆ جیهان بووە بە نموونەیەکی سەرەکی هێڵی تێکۆشان و ژیان بۆ بەدەستهێنانەوەی ماف و داخوازییەکان.

ماوەی چارەکە سەدەیەکە ڕێبەر ئۆجالان گۆشەگیرکراوە و زیاتر لە ٣٦ مانگیشە ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن و تەنانەت هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخی تەندروستییەوە نازاندرێت.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهانەوە، بە یەک دەنگ لە گۆڕەپانە گەورەکانەوە داوای پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن و کامپەینی جیهانی و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و ڕایدەگەیەنن، تا ڕێبەر ئۆجالان ئازاد نەبێت کێشەی گەلانیش چارەسەر نابێت.

ب. جـ

Comments are closed.