لە بەغدا ژنێک بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە ناوچەی زەیوونەی شاری بە‌غدا، ژنە چالاکێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو ئۆتۆمبێلکەی خۆیدا بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا و تاوانبارەکەش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە.

شەوی ڕابردوو لە ناوچەی زیوونەی شاری بەغدا، غوفران مەهدی ناسراو بە “ئووم فەهد” کە چالاکێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە بە دەستڕێژی گوللـە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا کۆژرا و تا ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەستگیر نەکراوە.

لەو دیمەنانەی بڵاو کراونەتەوە دەردەکەوێت، کە کەسێک بە ماتۆڕسکیل شوێن ئۆتۆمبێلەکەی ئووم فەهد کەوتووە کاتێک ڕادەوەستێت دەچێتە پێشەوە و بە دوو فیشەک دەیکوژێت، پاشان بۆ جێیەکی نادیار هەڵدێت.

هەروەها ژنێکی دیکە برینداربووە، کە لەگەڵ ئووم فەهدا بووە لە کاتی ھێرشەکەدا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق تیمێکی لێکۆڵینەوەی بۆ زانینی ھۆکاری کوشتنی ئووم فەھد و گەڕان بەدوای تۆمەتباراندا پێکھێناوە.

غوفران مەهدی “ئووم فەهد” لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسێکی ناسراوە، لە شوباتی ٢٠٢٣دا، بە تۆمەتی بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆ و وێنە، کە لەگەڵ ئاکار و ئادابی گشتیی کۆمەڵگەی عێراقدا ناگونجێت، دادگای عێراق سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند.

پاش تەواوکردنی ماوەی زیندانییەکەشی، شەوی ڕابردوو لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا.

ش. ئـ

Comments are closed.