ئاو.. بۆمبە تەوقیتکراوەکەى جیهان

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٢٢ـی ئادار ڕۆژی جهانی ئاوە کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئەمڕۆژە دیاریکراوە، بۆیە سەرجەم ڕێکخراو و گرووپە پەیوەندیدارەکانى گرێدراو بە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشیاری لەسەر بەکارهێنانی ئاو بڵاو دەکەنەوە، هاوکات هۆشداریش دەدات لە قەیرانێکی گەورەیی مرۆیی و ژینگەیی لە جیهاندا.

ڕۆژی جیهانی ئاو بۆنەیەکی ساڵانەیە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٢٢ـی ئازاردا بەڕێوەدەچێت – کە تیشک دەخاتە سەر گرنگی ئاوی شیرین، چالاکییەکانی لەلایەن لیژنەی سەرچاوەکانی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەماهەنگ دەکرێن، و کاروبارەکانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لەلایەن یەکێک یان چەند ئەندامێکی لیژنەکە و هاوبەشەکانی کە ئەرکێکی دیاریکراویان هەیە.

ئەمڕۆ کەمی و پیسبوونى ئاو قەیرانە گەورەکەى جیهانە، وڵاتانى جیهان کەوتوونەتە سەر شاڕێی قەیرانێکی زۆر مەترسیدار بەدوو هۆکار یان کەمی ئاو یان پیسبوونى ئاو، بەڵام تەنیا دوو هۆکار نین، بەڵکو ڕێڕەوە ئاوییەکان و بەکارهێنانی ئاو وەک هەڕەشە و کارتى سیاسی و سەربازی و چەندین هۆکاری دیکە وایکردوە جیهان لەبەردەم مەترسییەکی گەورە دابێت.

بەپێی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ژیانی سێیەکی دانیشتووانی سەر زەوی ڕووبەڕووی مەترسی گەورەى ئاو بوونەتەوە چی بەهۆی نەبوونى ئاوی خواردنەوە چی بەهۆی پیسبوونی ئاوەوەى.

دیاردەی کەمی ئاو،ھەموو جیھانی گرتووەتەوە، بەھۆی فراوان بوونی شارەکان، گەشەکردنی دانیشتوان، زیادبوونی بەکارھێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵ، هەروەها بەهۆی پیشەسازیشەوە، قەیرانى ئاو گەورە تر بووە.

لەبەرامبەردا بەکارھێنانی ئاو لە جیھاندا زۆر زیادی کردووە، تێکڕا بەدوو ھێندەی زیادبوونی گەشەی دانیشتوان مەزەندە دەکرێت، ئەمەش لەسەر هەموو کیشوەرەکانى زەوی کاریگەری هەبووە، بە شێوەیەک ڕێژەی٤٠%ـى دانیشتوانی گۆی زەوی دەگرێتەوە.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن، تا ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦ بڕی ١,٨ملیار دانیشتوانی گۆی زەوی لەو وڵاتانەدا دەبن کە بە دەست کەمی و نەبوونى ئاوەوە دەناڵێنن، هاوکات سێیەکی دانیشتوانی زەویش، بە دەستی کەمی ئاوەوە گیرۆدە دەبن.

ئەمە تەنیا قەیرانی ئاو نییە، بەڵکو ئاو کاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر خۆراک هەیە، بەو مانایەى کە ئاو سەرچاوەى کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و کەرتەکانى دیکەشە، بۆیە قەیرانى ئاو ڕاستەوخۆ قەیرانى خۆراکیش دروست دەکات لە جیهاندا.
ئەمە سەرەڕای دەستنەکەوتنی ئاوی خاوێن و پاراستنی تەندروستیش، کە ناتوانرێت ڕێگە لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانیش بگیرێت، وەکو نەخۆشی ئایدز. ڕۆژانە ٣٨٠٠ منداڵ دەمرن لەبەر نەبوونی یان کەمی ئاوی خواردنەوە، یان بەھۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی و پاک وخاوێنی.
یەکێک لە کێشە گەورەکانیش کەمی ئاوی پاکە بۆ خواردنەوە، کە ئەمە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر تەواوی ژیان و ئاوەدانی گۆی زەوی، بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە ساڵی ٢٠٢٥وە زیاتر لە ٤٥ وڵات بە دەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن کە نیوەی گۆی زەوی ئاوی پاکیان دەستناکەوێت، بەتایبەت وڵاتە ھەژارەکان لە ھەمووان زیاتر زیانیان پێدەگات.
کێشەی ئاوو ململانێکانی وڵاتان

لەگەڵ زیادبوونی خێرایی داواکاری لەسەر ئاو و زیادبوونی دانیشتوان، پێداویستیان بۆ ئاوی خاوێنی خواردنەوە، تەندروستی گشتی و بەرھەمھێنانی خۆراک و پیشەسازی، ھەروەھا گۆڕانی کەشوھەوا، زیادبوونی ماوەی وشکە ساڵی، دەبێتە ھۆی تێکچوونی چۆنێتی دابینکردنی ئاو لەگەڵ چۆنێتی بەکارھێنانی لەسەر ئاستی جیھان، پێکەوە چەند هۆکارێکن بۆ ڕوو لەکەمبوونەوەى سەرچاوەکانی ئاوی شیرین بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار.

ئەمانەش زەنگێکن بۆ، ” شەڕی ئاو”لە ساڵانی داھاتوودا، بەجۆرێک ئاو جێگای سووتەمەنى بگرێتەوە و ببێتە سەرچاوەى شەڕو ناکۆکی و ململانێی نێودەوڵەتى بەو جۆرەى کەئێستا لەنێوان بەشێک لە وڵاتان دەستى پێکردوە، تا دێت ئەو ململانێیەش زیاتر و زیاتر دەبێت.

لە ئێستادا جیھان پێویستی بە مامەڵە و ڕێککەوتن و پەیماننامەی نوێ ھەیە لەگەڵ ئاودا، بە شێوەیەک، وڵاتە پیشەسازیەکان، بە شێکی ئەم لێپرسراوێتییەیان دەکەوێتە ئەستۆ لەم کێشە جیھانیەدا، ئەوەش بەھۆی خراپی بەکارھێنانیەوە، ھەربۆیە ئەم قەیرانە پێویستی بە پەیماننامە و دەرکردنى یاسا و ڕێکاری توند هەیە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە.


ململانێ و هۆشدارییەکان لەسەر ئاو

 بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەند ڕاپۆرتێکی دەزگا هەواڵگیرییەکانى ئەمریکا و بەریتانیا، لە ئێستا بەدواوە کێشەی کەمی ئاو دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ململانێیەکی جیھانی، ئەویش بەهۆی پێداویستیەکانی جیهان بە ئاوی شیرین، ئەمەش زەنگێکە بۆ زیاتر ناجێگیری سیاسی و سەرهەڵدانى ناکۆکی و جەنگ لەنێوان وڵاتانى جیهاندا.

ئەو زانیاریی و ڕاپۆرتانە ئاماژەیان بەوە کردوە، ناوچەکانی باشووری ئاسیا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە لە چارەسەری کێشەی ئاودا، کە دەبێتە ھۆی ڕێگر لە بەردەم بەرھەمھێنانی خۆراک و وزەدا.

ھەروەھا لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوودا، ململانێکان لەسەر ئاو زیاد دەبن، بە ھاتنی ساڵی ٢٠٣٠، داواکاری لەسەر ئاوی شیرین بە ڕێژەی ٤٠% زیاد دەکات، مەترسیەکانیش زیاتر دەبن و لە ڕابردووشدا چەندین ململانێ لە نێوان وڵاتاندا ڕوویان داوە لەسەر ئاو، بەنموونەش ھندستان و پاکستان و ئیسڕائیل و فەلەستین و سوریا و تورکیا و عێراق.


ئاو ھۆکارێکی ڕاستەوخۆی جەنگەکانە

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی خۆیدا بە ناونیشانی”ئاو لە جیھانێکی گۆڕاودا”ئاماژەى بەوە کردوە، بەھاتنی ساڵی ٢٠٣٠، نیوەی دانیشتوانی سەرزەوى، لەو ناوچانەدا دەژین، کە ئاویان کەمە، کەلە نێوان ٧٥ – ٢٥٠ ملیۆن کەسیان بە تەنھا لە کیشوەری ئەفریقادایە.

زۆرێک لە وڵاتان، ڕووبەڕوویململانێی توندی سیاسی یان پێکدادان و جەنگی خوێناوی دەبنەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیاندا، یان بەشدار لەگەڵیاندا لە سەرچاوەکانی ئاو و ڕووبارەکانەوە، لەو وڵاتانەی کە پێشبینی دەکرێت کە ئاو ببێتە ھۆکاری ھەڵایسانی جەنگ.

سوریا وعێراق،ھەردوو وڵاتدەناڵێنن بەدەست کێشەی کەمی ئاوی ھەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە، ئەوەش بەھۆی گلدانەوە و دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەنداو لەلایەن تورکیاوە، کەمی و دابەزینی ئاستی ئاوی ھەردوو ڕووبارەکە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیان لەھەریەکە لە سوریا و عێراقدا، تورکیاوە بەکاردەھێنرێن دژی عێراق و سوریا تورکیاش تا ئێستا ڕازی نییە دیجلە و فورات، بە ڕووباری نێودەوڵەتی، بناسێت بۆ ئەوەی مافی دەستبەسەرداگرتنیان بەخۆی بدات، دوور لە بەشداریکردنی ھەریەکە لە عێراق وسوریا.

تورکیا، لە مێژە کار لەسەر دروستکردنی بەنداو و گۆڕینی ئاڕاستەی ڕووبارەکان – کە ژمارەیانزیاد لە سەد ڕووبار دەبێت جگە لە دیجلە و فورات – دەکات بۆ ناو خاکی تورکیا، ئەوەش بە مەبەستی فشار خستنە سەر ھەریەکە لە: سوریا وعێراق، بەمەش ئەگەری ھەڵایسانی جەنگی خوێناوی ھەیە لە ئایندەدا لە نێوان ھەریەکە لە: تورکیا، سوریا، عێراق لەلایەک، هەروەها لە نێوان سوریا وعێراق لەلایەکی ترەوە.


زۆر جار ململانێ سیاسیەکان، بە ئاڕاستە جیاوازەکانیانەوە لە ” نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی” ، دەبنە ھۆکار بۆ بەکارھێنانی ئاو وەکو چەکێک لەو جەنگ و ململانێیانەدا.وەک ئەوەی لە عێراقدا و لەناوخۆی ھەندێک پارێزگاکاندا ڕوویاندا لەنێوان نەتەوە و ئاین و مەزھەبە جیاوازەکاندا، لە سونە و شیعە، بەڵام لە کۆتاییدا، ئەم ململانێ ناوخۆییانە لەلایەن ململانێ نێودەوڵەتیەکانەوە کۆتاییان پێدەھێنرێت، وەک ئەوەی ئێران دژی ھەندێک لە پارێزگا شیعە نشینەکان و کوردستان کردى، ئەوەش بە بڕینی ئاوی ڕووباری ئەڵوەن لە خانەقین.

کوردستان و ئاو

کوردستانی گەورە لە ئێستادا دابەشبووەتە سەر چوار وڵاتی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەھەریەکە لە: تورکیا وئێران وعێراق وسوریادا، خاوەنی گەورەترین بڕی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەویە، لە ھەموو ناوچەکەدا، کە ئەم ھۆکارەش یەکێکە لەو ھۆکارانەی کەوڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیەکانیش ڕێگە نادەن بە یەکگرتن و گەورەبوون و بەھێزبوونی، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نەتەوەییدا.

کوردستانی گەورە فراوانترین ڕووبەری جوگرافی نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە و گەورەترین چڕی دانیشتوان کە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس و دەوڵەمەندترین ناوچەشە بەھەردوو سەرچاوەی وزە ” زێڕی ڕەش” لە نەوتی خاو و غازی سروشتی، زێڕی ڕۆیشتوو یان سپی ” ئاوی شیرین”.

ھەربۆیە جارێکی تر کورد و کوردستان، لە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی و داگیرکردنێکی تردان، بەھۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی شیرینەوە و جەنگ و داگیرکارییەکانی ناوچەکە، کە بەدڵنیایی کوردستانیش دەگرێتەوە لەسەر ئاو و کەمی ئاو دەبێت.

ئاشکراشە کوردستان و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،کۆمەڵگەلێک کێشەی مێژوویی و جوگرافی لەمێژینە و ئاڵۆزیان ھەیە، ھەر لە کێشەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و سنور و کێشەی سیاسی و ئابوری و لە ئێستاشدا و لە ئایندەشدا کێشەی ئاو و ژینگەشی دێتەسەر.

کێشەکە لەوەدایە کە تاکو ئێستا ڕێکەوتنێکی تەواو نییە لەسەر ڕێکخستنی بەشداریکردن لە ئاوی فوراتدا بۆ بەکارھێنانی، بێجگە لە ھەندێک ڕێکەوتن کە بنەما سەرەتاییەکانی بەشداریکردن و مافی ئەو وڵاتانەی دانپیاداناوە، ڕووباری دیجلەش تورکیا دایدەنێت بە ڕووبارێکی نیشتیمانی خۆی و تەنھا تێپەڕدەبێت بە سنورەکانیدا و دەڵێت، مافی تەواوی ھەیە لە بەکارھێنانیدا، ئەوەی دەیداتە ھەریەکە لە سوریا و عێراق ئەوە تەنھا قوربانیدانە و پیاوەتییە نەک ئەرک و مافی خۆیان بێت.

ھەڵوێستی ئێرانیش ھیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ ھەڵوێستی تورکیادا، بەھەمان شێوە ئێران لە ھەوڵدایە بۆ گۆڕینی زۆربەی لقە ئاویەکان کە دێتە سەر ڕووباری دیجلە، ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ھاتوو بۆ خاکی عێراق، هەروەها دەبێتە ھۆی خراپبوونی جۆری ئاوەکە و ڕێژەی پیسبوونیشی زیاد دەکات.

ئەم ھەڵوێستانەی ئێران دەربارەی عێراق و ھەرێمی کوردستان، بونەتە مایەی ئاگادارکردنەوەی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی گەشەپێدان بە جۆرێک ڕایگەیاند کە، کارەساتێکی ژینگەیی گەورە لە ھەندێ لە پارێزگاکانی ڕۆژھەڵات و باشوری عێراق ڕوودەدەن، ئەگەر ئێران سووربێت لەسەر بڕین و گرتنەوەی ئاوی ھەندێ لە ڕووبارەکان، وەک: ڕووباری ئەڵوەن لە خانەقین، کە ماوەی ١٣ ساڵە ئێران ئاوەکەی دەگرێتەوە، ئەوەش بۆتە مایەی زیانێکی گەورە بە کشتوکاڵی ئەو ناوچەکە.

 هەروەها ئەمە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ١٠% ی زەویە بە پیتەکان و بۆتە ھۆی کۆچکردنی زۆرێک لە دانیشتوانی گوندی ناوچەکە بەھۆی وشکبوونەوەی زەوی و ڕەز و باخەکانیانەوە، هەروەها بۆتە کەمبوونەوەی ھەندێک بەروبوومی کشتوکاڵی لە عێراقدا بەڕێژەی ٨٠% لەگەڵ خراپی لە جۆرەکانیشیدا.

ئێستا دەوڵەتی عێراق ھەستێت بە گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێک بۆ بەرگرتن لە دیاردەی بە بیابانبوون و وشکبوونەوە. ئەویش بە دروستکردنی بەنداو لە کوردستان، کەلە کۆتاییدا بە بەرژەوەندی دانیشتوانی ناوەڕاست و عێراق تەواو دەبێت، ھەروەھا بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە ئاوداشتن و بەکارھێناندا و وەبەرھێنانی ناوخۆیی و دەرەکی لە کەرتی ئاودا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بۆشایی ئاوی، کۆمەڵ گەلێک کارن، کە دەبنە ھۆی چارەسەر و کەمبوونەوەی کێشەی ئاو، لە عێراق و کوردستاندا.

 بۆ ئەم ڕاپۆرتە سود لەچەند سەرچاوەیەک وەرگیراوە..

هـ.ح

Comments are closed.