پەدەکە لە کەرکووک کورد دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە

ناوەندی هەواڵەکان

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزەکانى عێراق، چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە، ئەگەرچی پرسی کورد لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان پرسی ناسنامە و نەتەوەیە، بەڵام کورد بە پێنج لیستی جیاواز بەشداری دەکەن، ئەمەش بە هۆی قوماری سیاسیی پەدەکە لەسەر بەرژەوەندییە تەسک و بچووکەکانی خۆی، کە پرسی کوردی بۆ دۆڕاند لەسەر مێزی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکدا.

١٨ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت و کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەکات، هەر لە سەرەتاوە هەوڵی زۆر درا کە یەک لیستى کورد درووست بکرێت و پەدەکە بخرێتە ناو بەرەى یەکڕیزییەوە، بەڵام پەدەکە ملی بۆ یەکڕیزیی کورد نەدا و لایەنەکانی دیکەش بەهۆی پەدەکەوە نەیانتوانى یەک لیستى درووست بکەن.

بارزانى چۆن یەکڕیزیی کوردی لە کەرکووک تێکدا؟

هەر کە ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریکرا، پەدەکە خۆی یەکلایی کردەوە کە ناچێتە ناو هیچ پڕۆژە و لیستێکەوە کە کورد کۆبکاتەوە و یەکگرتوویان بکات، بۆیە داواکاری سەرجەم لایەنە کوردییەکانى ڕەتکردەوە و ئامادە نەبوو لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست بەشداریی بکات.

کورد بە پێنج لیستى جیا بەشداریان لەو هەڵبژاردنە کردووە، ئەوانیش لیستەکانی (یەنەکە و شیوعی، پەدەکە و چەند لایەنێکی دیکە، نەوەى نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو، پارتى سۆسیالیستی کوردستان).

بەشداریی نەکردنى پەدەکە یەک لیستی کورد، بە بڕیاری مەسعود بارزانى سەرۆکى پەدەکە بوو، ئەوان تەنیا یەک مەرجیان بۆ ئەو یەک لیستییە هەبوو ئەویش لە سەرەتاوە بەڵێنیان پێ بدەن کە پۆستى پارێزگار بۆ پەدەکە بێت، بەڵام ئەو مەرجە لەلایەن یەنەکەوە ڕەتکراوە.

بارزانى لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەرپرسانى پارتەکەى ڕاگەیاندبوو یان پارێزگار بۆ پەدەکە دەبێت یان مەچنە هاوپەیمانییەتى لەگەڵ یەنەکە، ئەوەشی پێ وتبوون کە دەستان کراوەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەل لایەنە تورکمان و عەرەبەکان.

ئەم بڕیارەى بارزانى کۆدەنگی و یەک بەرەیی کوردی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش لەت کرد و پێگە و دەسەڵاتی داهاتووی کوردی لەو ناوچانە خستە داهاتوویەکى نادیارەوە کە مەترسی گەورەیان بۆ سەر کورد دەبێت.

لە هەڵبژاردنى ساڵى ٢٠٠٥ـى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لە کۆى ٤١ کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لیستى برایەتى کە یەکێتى و پارتى پێکەوە بوون ، ٢٦ کورسییان بەدەستهێنا و یەنەکە پۆستى پارێزگارى وەرگرت، لە ساڵی ٢٠١٣ـش هەڵبژارندن ئەنجام درا و کورد لەکۆی ١٦ کورسی ١٢ کورسی بەدەستهێنا.

ئەمجارە، کورد بۆ ئەوەى بتوانێت پۆستى پارێزگار بەرێتەوە پێویستە نۆ کورسی بەدەست بهێنێت، ئەگەر لایەنە کوردییەکان یەک لیست بوونایە و پەدەکە ئەو پەرتەوازەییەى درووست نەکردایە ئەوا بردنەوەى پۆستى پارێزگار بۆ کورد بێ چەند و چوون مسۆگەربوو.

پەدەکە لە کەرکووک چی دەکات و بە نیازی چییە؟

ئێستا پەدەکە لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکان بەرەیەکی دژ بە کوردییان لە کەرکووک پێکهێناوە و دەیەوێت بە پشتیوانى ئەوان پۆستى پارێزگاری شارەکە بۆ خۆی بەرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانى ڕۆژنیوز ئەو لایەنانە هیچ بەڵێنێکیان بە پەدەکە نەداوە بۆ ئەوەى لە داهاتوودا پشتیوانى بکەن بۆ بەدەستهێنانى ئەو پۆستە، بۆیە پەدەکە بێهیوا بووە و ناچار بڕیاریداوە مادام ئەو پۆستە بەدەست ناهێنێت نەهێڵێت بۆ یەنەکەش ببێت.

لە ماوەى چەندین ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک پەدەکە سەرقاڵی ساردکردنەوەى هاوڵاتییانی کوردە لەو هەڵبژاردنە و تیمێکی درووست کردووە کە لە ڕێی سەردانی هاوڵاتییان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێهیوایی بڵاودەکەنەوە و دەڵێن” کورد ناتوانێت پۆستى پارێزگار بەدەست بهێنێتەوە” لەگەڵ چەندین قسە و بانگەشەى ڕووخێنەری تردا.

ئێستا پەدەکە هەموو هەوڵێک دەدات هەڵبژاردنەکان دوا بخات، چونکە جگە لەوەى کاندیدەکانى لەلای خەڵک ناسراو نین و پێگەی جەماوەری لەدەستداوە، هاوکات ژمارەیەک لە کاندید و کادرە باڵاکانى وازیان لەو حزبە هێناوە، بەمەش گورزێکی کەمەرشکێنی بەردەکەوێت.

پەدەکە چۆن خۆی و کوردی تووشی شکست کرد؟

تەنیا لە یەک هەفتەى ڕابردوودا دوو کاندیدی پەدەکە کە کادری باڵای ئەو پارتە بوون وازیان لە پەدەکە هێنا و چوونە ناو ڕیزەکانى یەنەکەوە، ئەو دوو کاندیدە سیاسەتى پارتەکەیان بۆ ڕای گشتى ئاشکرا کردوەو دەڵێن، پەدەکە سیاسەتێکی دژ بە کوردی هەڵگرتووە و پێچەوانەى هەموو ئەو درووشمانەیە کە خۆیان باسی لێوە دەکەن.

دوورکەوتنەوەى ئەندام و کادرە باڵاکانى پەدەکە لە کەرکووک بارزانى هێنایە دەنگ و لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى پێکهێناوە لە هۆکاری وازهێنانی کاندید و ئەندامەکانى و هەڕەشەى سزادانى ئەو بەرپرسانەى پارتەکەى کردوە کە بەرپرسیارن لەوە.

کاوێز مەلا پەروێز کە خۆی و براکەی، لەپاش زیاتر لە ١٥ ساڵ کارکردن ئێستا وازیان لە پەدەکە هێناوە ئاشکرای کرد، بەرپرسێکی باڵای پەدەکە وتوویەتی پارێزگارێکی عەرەبمان پێ باشترە لە پارێزگارێکی یەکێتی.

هاوکات پەدەکە لەگەڵ چنینەوەى شکستەکانى خۆی، کوردیشى ڕووبەرووی مەترسی کردووەتەوە و چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە بەهۆی ئەو پەرتەوازەییەى کورد و فشارەکانى پەدەکە کە نەیهێشت لایەنە کوردییەکانى دیکەش یەکڕیز بن، ئەگەری زۆرە کورد پۆستى پارێزگار لەدەست بدات و لە کەرکووک دووچاری شکستێکی مێژوویی ببێتەوە.

هەروەها ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە بنەماو بەڵگەیەک بەدەست حکومەتى عێراق و پێکهاتەکانی ترەوە بۆ سەلماندنی کەمینەبوونی کورد لەو شارە، لە هەمان کاتدا سیاسەتى تەعریب لە سنووری ئەو پارێزگایە لە جاران زیاتر دەست پێ دەکاتەوە و موڵک و ماڵی کورد داگیر دەکرێتەوە.

هەموو ئەوەی ئێستا پەدەکە لە پارێزگای کەرکووک دەیکات خزمەتە بە تورکمانەکان و دەوڵەتى داگیرکەریی تورک، هەروەها پۆستى پارێزگاریش لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی عەرەبە شۆڤێنییەکان دەکات، تەنیا بۆ ئەوەى ئەو پۆستە بۆ لایەنێکی دیکەى کوردی نەبێت.

هـ.ح

Comments are closed.