یەپەژە چۆن ئەزموونی وەرگرت و سەختییەکانى تێپەڕاند؟ I

ناوەندی هەواڵەکان

بێریڤان عامودا، ئەندامی فەرمانگەی زانیاری و بەڵگەنامەسازی یەکەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە دەڵێت: ژنان ئەوەیان سەلماند، کە دەکرێت بە سەر هەموو سەختیەکاندا تێپەرن و ئەگەر بەشێوەیەکی دروست کاری بۆ بکەن سەرکەوتوو دەبن، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەزموونەکانی چیاکانیان بینی و سودیان لە زانستی کەڵەکەبووی سەربازی و فکری ژنانی گەریلاکانی کورد وەرگرت.

بێریڤان عامودا، ئەندامی فەرمانگەی زانیاری و بەڵگەنامەسازی یەکەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کورد- کەجەسە کە لە فوراتنیوز بڵاوکراوەتەوە، قسەى کردو هەڵسەنگاندنى بۆ ڕۆڵ و کاریگەری ژن و یەپەژە لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و تێکۆشانیان لە دژی چەتەکانى داعش و دەوڵەتى داگیرکەری تورک کرد.

بێریڤان دەڵێت: بەهاری عەرەبی وەک زۆربەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی سووریاشی گرتەوە، بەڵام بەداخەوە  لەبری ئەوەی ببێتە وەڵام بۆ داخوازیەکانی گەل و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە وڵامێک بۆ  داواکارییەکانی گەل بدۆزێتەوە، بە پێچەوانەوە، تەنها بووە هۆکاری سەر‌هەڵدانی زیاتری توندوتیژی  و شەڕی ناوخۆی  سوریا، ئەوەش کاریگەری هەبوو کە ئەو وڵاتە پارچە ببێت و تا ئیستا درێژەی هەیە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، نەک تەنها دەوڵەتی سوریا بەڵکوو ژمارەیەک دەوڵەتی زلهێزی جیهانی خزانە ناو سوریا و پاشکۆی خۆیان لەو وڵاتە جێگیرکردوە، هیچ یەک لەو زلهێزانە نوێنەرایەتی چارەسەری بۆ گەل ناکەن، بەڵکوو نەهامەتی زیاد دەکەن دۆخی شەڕ قووڵتر دەکەنەوە.

ئەندامەکەی فەرمانگەی زانیاری و بەڵگەنامەسازی یەپەژە دەشڵێت: لە شەڕی کۆبانیدا، ژنان ڕۆڵێکی گرینگیان لە تێکشکاندنی داعش گێڕا، بەهۆی باوەڕ و ئیرادەیان بە کار و شۆڕشەکە،  ناوبانگی یەپەژە بە جیهاندا بڵاو بوویەوە، بە چەشنێک یەپەژە وەک پاڵەوانی شەڕی تێکشکاندنی داعش بۆ بەرگریی لە مرۆڤایەتیی تەماشا دەکرێت.

تەواوی چاوپێکەوتنەکەى بێریڤان عامودا بەمجۆرەیە:

یەپەژە لە ئەنجامی شەڕی خوێناوی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢ سەریهەڵدا. لەو کاتەوە وەک هێزێکی پاراستنی ژنان ناوبانگێکی جیهانی بە دەست هێناوە، بە تایبەتی لەکاتی گەمارۆدانی شاری کۆبانی لەلایەن داعشەوە، یەپەژە  خەباتێکی شۆرشگێرانەی بەرێوە برد: داخۆ دەکرێت ئەو هەلومەرجانە دەستنیشان بکەیت کە ڕۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە ژنان؟

بەهاری عەرەبی وەک زۆربەی  وڵاتانی دیکەی عەرەبی سووریاشی گرتەوە، بەڵام بەداخەوە  لەبری ئەوەی ببێتە وەڵام بۆ داخوازیەکانی گەل و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە وڵامێک بۆ  داواکارییەکانی گەل بدۆزێتەوە، بە پێچەوانەوە، تەنها بووە هۆکاری سەر‌هەڵدانی زیاتری توندوتیژی  و شەڕی ناوخۆی  سوریا، ئەوەش کاریگەری هەبوو کە ئەو وڵاتە پارچە ببێت و تا ئیستا درێژەی هەیە. نەک تەنها دەوڵەتی سوریا بەڵکوو ژمارەیەک دەوڵەتی زلهێزی جیهانی خزانە ناو سوریا و پاشکۆی خۆیان لەو وڵاتە جێگیرکردوە. هیچ یەک لەو زلهێزانە نوێنەرایەتی چارەسەری بۆ گەل ناکەن، بەڵکوو نەهامەتی زیاد دەکەن دۆخی شەڕ قووڵتر دەکەنەوە.

شۆڕشی لە ڕۆژئاوای کوردستان سیستەمی ئەڵتەرناتیڤی خۆی دەخاتە ڕوو بە پێشکەشکردنی ڕێگاچارەی سێیەم، نوێنەرایەتی خۆی دەکات، جیاوازە لە ئۆپۆزیسیۆن و ڕژێمیش، بە سادەیی شۆڕش لە شوێنێکی نادیارەوە سەریهەڵنەدا: بەڵکوو پێکهاتەیەکە لە گەلانی ناوچەکە لە ناویشیاندا کورد و چەندین گرووپی دیکە، لەوانەش مەسیحی و عەرەب، ئەوانەی کە سەر بە بازنەی نوخبەی ڕژێمی سوریا نین، بەتایبەتیش ئەو پێکهاتانەی لە مێژوودا تووشی ئەشکەنجە و ئاسمیلەکردن و چەوساندنەوە ببوون، ڕژێمی سوریا پلانێکی کۆنکرێتی  تەعریبکردنی بۆ ناوچە کوردنشینەکان و گوندەکانی نزیک سنووری تورکیا(سنوری باکوری کوردستان) دانابوو و جێبەجێی دەکرد، وەک ” پشتێنەی عەرەبی”. زمانی کوردی  قەدەغە کرابوو، تەنانەت منداڵانیش ئەگەر لە حەوشەی قوتابخانەکانیاندا بە زمانی کوردی قسەیان کردبا، بە توندوتیژی جەستەیی سزا دەدران، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لەناو زیندانەکانی ئەشکەنجەدانی ڕژێمی سوریادا بێسەروشوێن بوون.

لەبەرامبەر ئەشکەنجە و ستەمی ڕژێم لە سوریا ژمارەیەکی کەم لە هاوڵاتیانی کوردانی ڕۆژئاوا خۆیان ڕێکخست، لە دوای هاتنی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ سوریا لە ساڵی ١٩٧٩ ڕێکخستن گەشەی کرد، کە ئامانج لێی ئیدارەیەکی خۆبەرێوبەری بوو لە ناوچەکانیان، لەو کاتەدا ئەوە تەنها خەونێک بوو کەس نەیدەزانی لەم شێوەی ئیستا دێتە ئاراوە. عەبدوڵا ئۆجالان لە سەرەتای شۆرش پێش ئەوەی بڕفیندرێت بۆ زیندان پارادایمێکی سیاسی پەرەپێدابوو، هەزارن کەسی لە ئەکادیمیادا پەروەردە کردبوو، بە شێوەێکی کاریگەر و بەرفراوان لە دوای ڕفاندن و زیناندانیکردنیشی بەردەوام عەبدوڵا ئۆجەلان گرینگی بە پێشخستنی پارادایمی بۆ ڕزگاری ژن و  ئازادی کۆمەڵگا دەدا. فکرو پارادایمەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ناو کۆمەڵگای ڕۆژئاوادا بڵاو بوویەوە، بە دڵنیاییەوە ئەوەش یەكێکی تربوو لە بنەما سەرەکیەکانی سەرهەڵدانی شۆرش.

لە لایەکی ترەوە، گروپی سەربازی گەریلای ژنان لە شاخەکانی کوردستان گەشەی کرد و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری ریزەکانی گەریلابوون تاکو ساڵی ١٩٩٣ بۆ یەکەمجار بە فەرمی سوپای ژنانیان دەمەزراند و گەشەیان پێدا تا لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکان توانیان هێزێکی شەڕكەری خاوەن ئیرادە دابمەزرێنن. ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو بەڵکوو ژنان ڕووبەڕووی چەندین سەختی  بوونەوە، بەڵام هەموو ئەمانە بوونە ئەزموون و زانستی ژن، ژنان ئەوەیان سەلماند کە دەکرێت بە سەر هەموو سەختیەکاندا تێپەرن و ئەگەر بەشێوەیەکی دروست کاری بۆ بکەن سەرکەوتوو دەبن. ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەزموونەکانی چیاکانیان بینی و سودیان لە زانستی کەڵەکەبووی سەربازی و فکری ژنانی گەریلاکانی کورد وەرگرت.

“یەپەژە سوپایەکی تەقلیدی نییە، بەڵکوو هێزێکی شۆڕشگێرە و ئەرکی یەکلاکەرەوەی گۆڕینی زیهنییەتی ستەم و پاوانخوازییە”.

ژنەکان لەسەرەتادا کۆت و بەندەکانی خۆیان شکاند، دواتریش کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگا، بەمەش گورزیان لە زیهنیەتی ڕژێم و داعشیشدا کە پێشتر بوونیاتنرابوو. پێش ئەوەی یەپەژە بە فەرمی دابمەزرێت ژنان لە چوارچێوەی دوو کەتیبە ( تابوور- بەتالیۆن) خۆیان ڕێکخست لەسەر ئەو بنەمایش ژمارەیەکی زۆری ژنان بەشداریان کرد لەو هێزەی ژنان، بەمەش لە ساڵی ٢٠١٣ یەکینەی پاراستی ژنان (یەپەژە) دامەزرێنرا، بێگوومان لە سەرەتادا یەپەژە ڕووبەڕووی زۆر بیروباوەڕی کۆنەپارێز و خێڵەکی بوویەوە، کە پێیان وابوو ژنان ناتوانن بەشداری هێزی چەکداری بکەن.

بەڵام لە شەڕی کۆبانێدا، ژنان ڕۆڵێکی گرینگیان لە تێکشکاندنی داعش گێڕا. بەهۆی باوەڕ و ئیرادەیان بە کار و شۆڕشەکە،  ناوبانگی یەپەژە بە جیهاندا بڵاو بوویەوە، بە چەشنێک یەپەژە وەک پاڵەوانی شەڕی تێکشکاندنی داعش بۆ بەرگریی لە مرۆڤایەتیی تەماشا دەکرێت. یەپەژە بەشداریی شەڕی دژی بەرەی نوسرە، داعش، تورکیا و ڕژێمی سووریای کردووە. ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هەموو جووڵە چەکداریی و بزاوتەکانی تری مێژوو هەڵدەبوێرێت ئەوەیە، ئەوان دەیانگوت:” با سەرەتا شەڕ چارەسەر بکەین، دواتر باسی ئازادیی ژن و کۆمەڵگا دەکەین”، بەڵام بە پێچەوانەوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی یەکەمەوە، بە پێودانگی خەباتێک بووە کە ڕزگاریی و گۆڕانکاریی، کۆمەڵگا بەرەو جڤاکێکی ئەخلاقیی و سیاسیی ئاڕاستە دەکات، هەر لەبەر ئەوەشە بونیاتنانی سوپای ژنان بە شێکی سرووشتیی شۆڕشەکەیە.

ژنان لە ڕۆژئاوا بە بەردەوامی بوونەتە ئامانجی جۆرەها توندوتیژی پیاوسالاری، لەوانە لەلایەن دەوڵەتانی وەک تورکیا یان ڕژێمی سوریا و ڕێکخراوەکانی وەک داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی هاوپەیمانی داعش، چۆن توانیتان بەرەنگاری ئەو جۆرە چەوساندنەوەیە ببنەوە و ئەو ئاڵنگاریانە چین کە لەم ڕووەوە دێنە پێشتان؟

تورکیای فاشیست، ڕژێمی سوریا و داعش شێوازی درووستبوون بونیاتنانیان  لەسەر هەمان زیهنیەتە و لە دژایەتیکردنی ژنان جیاوازیان نییە. بەدڵنیاییەوە توندوتیژی لە مێژوودا هەمیشە ڕەهەندی جیاوازی وەرگرتووە و بە گشتی لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەت دیکتاتۆری تورکیا گەیشتووەتە ڕەهەندی نوێ لە ستەم. بەڵام ئێمە تیشک دەخەینە سەر پێشکەوتنەکانی جەنگی جیهانی سێیەم کە ناوەندەکەی کوردستان  و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، تیشک دەخەینە سەر ئەوە توندوتیژیانەی کە بەرامبەر ژنان پێش دەکەوێت لەو جەنگەدا. لەو جەنگەدا تورکیا و چەتەکانی چەکی فسفۆریان بەکارهێنا، ژنانیان ڕفاند و دەست درێژیان کردە سەریان. بە هەمان شێوەش ژنانی ناوچەکە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون دەستدرێژیان کرایە سەر، ناخۆشترین کاتەکانی خۆیان بردە سەر. ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی بوونەوە لە ئاستی کارەساتدابوو، بەڵام ئەو ژنانەی لەبەرامبەر ئەو توندتیژیانە خۆیان ڕادەست نەکرد لە چوارچێوەی بیروبۆچوونی عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان ڕێکخست و تەحەدایان کرد، چارەسەری ئەو پرسەی خۆیان لەو فکریەدا بە دیکرد.

ئەو شۆرشە لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بونیاتنراوە و ئامانجی سەرەکی بونیاتنانی  ئازادی ژن و کۆمەڵگایەکی ژینگەپارێزە.  بارودۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بنەڕەتەوە گۆردرا. بێگومان ئەوە هەموو شۆڕشەکە نیە و کارەکانمان تەواو نەبووە، لەبەرئەوەی زیهنیەتی پیاوسالاری زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە بونیاتنراوە وا بە ئاسانی بە چەند ڕۆژێك ناگۆڕدرێت. ئاستەنگە سەرەکیەکانی ئەم شۆرشە ئەو زیهنیەتە بونیاتنراوە کلاسیکەیە. بۆیە ئەمە خەباتێکی درێژخایەنە تا ڕێکخستنکردنی هەموو ژنان بۆ داکۆکیکردن لە ئازادیەکانی خۆیان و نیشتیمانەکەیان. بێگومان قۆناغی هەرە دژواری ئەم شۆرشە گۆڕینی زیهنیەتی خۆمانە وەک ژن، ئەگەر بتوانین زیهنەیتی خۆمان بگۆڕین ئەوە بێگومان دەتوانین زیهنیەتی کۆمەڵگاش بگۆرین و سەرکەوتنی گەورەتر بە دەست بخەین.

یەپەژە  سیمبوڵێکی بە هێزی ژنانە، ئایە ئێوە دەتوانن یەک هەنگاو دەست نیشان بکەن بۆ ئەوەی ژنان لە کۆمەڵگاکانی دیکەدا بیگرنەبەر و بە هێز ببن؟

بۆ ئەوەی ژنان سەرکەوتن بە دەست بخەن و بە هێز بن، سەرەتا دەبێت پرسیار لە سیستەمی مۆدێرنیتە بکەن و بڕوانن، کە چۆن لە سیستەمی مۆدیرنیتە ژنان دەکەنە ئامانج، دەفرۆشن، دەکەنە کاڵا  و بێ ڕێزیان بەرامبەر دەکەن. ئەگەر توانیان لەوە تێبگەن و شیکاری بکەن  چۆن مۆدیرنیتە ژنان دەچەوسێنێتەوە، ئەوە  ئەو کاتە دەتوانن سەرکەتن بە دەست بخەن و لە دۆخی ژنان تێبگەن. بێگومان دەستکەوتانەش بە خەباتی سەربەخۆی ژنان بە دەست دێت، چونکە لەم جیهانە هیچ شوێنێک نیە پیاوسالاری دەسەڵاتی خۆی پێ نەگەیاندبێت. بۆ ئەمەش بێگومان هیچ پرۆگرامێک نیە کە ئامادە بێت یەکسەر بیکەتە ناو کۆمەڵگاوە و کۆمەڵگا بگۆرێت بەڵکوو دەبێت بۆ ئەوە کار بکەیت.

“پەرە بە خەباتی هاوبەش  و کۆنفیدراڵ بدەن، سەرنجتان لەسەر خەباتی خۆپاراستن بێت”

هەموو کۆمەڵگایەک جیاوازی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە واباشترە بە گوێرەی سروشت و هەلومەرجی کۆمەڵگاکان لێکۆڵێنەوە بکرێت و چارەسەری بۆ دەست نیشان بکرێت خەبات پێش بخرێت، بێگومان تاکە چارەسەر تەنها درووستکردنی سوپای ژنان نیە بەڵکو دەكرێت بە فۆرمی جیاوازتریش خەبات بکرێت. ئەگەر ئێمە هەنگاوێک بۆ ژنانی جیهان پێشنیار بکەین ئەوەیە: پەرە بە خەباتی هاوبەش و کۆنفیدراڵ بدەن، سەرنجتان لەسەر خەباتی خۆپاراستن بێت.

کام لەمانە قورستر بوو، شەڕکردنی قارەمانانەی ئێوە بەرامبەر داعش، یان ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریەکانی دەسەڵاتی تورکیا؟

بێگومان ئێمە بۆ تێکشاندی داعش هەزاران شەهیدماندا، بەڵام شەرکردمان لەگەڵ دەسەڵاتی ستەمکاری تورکیا کارێکی گەورەترە چونکە ئەو دەوڵەتە لەلایەن ناتۆوە پشتگیری دەکرێت. داعش تەنها هێزێکی بەکرێگیراو بوو شەڕی بە وەكالەتیان بۆ تورکیا دەکرد، شکستی داعش بە هەمان شێوە شکستی تورکیاش بوو، چونکە تورکیا پشتیوانی ئەوە ڕێکخراوە دەکات، ئەوە سەلـمێنراوە کە یەپەژە و یەپەگە داعشیان تێک شکاند، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە  دەتوانی هەموو شتێک بە دەست بهێنێت کاتێک ئایدۆلۆژیایەکی بەهێز لەپشتت بێت.

تورکیا لەڕووی تەکنەلۆژیای شەڕەوە زۆر لە داعش پێشكەوتووترە،  بە بەردەوامی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شەڕکەر بەکاردێنێت بۆ لێدان لە هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەندامانی هێزەکانی پاراستن و سیاستمەداران لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. لە ڕاستیدا ئەوە جیاوازییەکی گەورە دروست دەکات، ئەو ئیعتبارە سیاسییە کە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بە تورکیایان بەخشیوە، هێزی بە تورکیا بەخشی لەبەردەم چاوی جیهاندا لە ڕێگەی شەڕی دڕندانە عەفرین و سەرێکانی داگیربکات و پەرە بدات بە سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی و ئاسمیلەکردن بەرامبەر بە گروپە جیاوازەکانی دانیشتوانی ناوچەکە، بەتایبەتی گەلی کورد.

تورکیا هەوڵی داگیرکردن و لکاندنی بەشێکی سەرەکی باکوری سوریا ( ڕۆژئاوای کوردستان) و بەشێکی باشووری کوردستان (باکوری عێراق) دەدات. ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی کە تورکیا هەیەتی دەیەوێت بەکاری بێنێت، هەوڵی ئەوە دەدات بیکاتە هۆی لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، هەر ئەوەشە وا دەکات هێرشەکانی  تورکیا لە هێرشەکانی داعش مەترسیدارتر بێت. بەم مانایە بەرەنگاربوونەوەی تورکیا درێژەی دەبێت. بەڵام وێرای ئەوەش دەوڵەتی فاشیستی تورک لە دۆخێکی قەیراناویدایە، ئەمەش وا دەکات بتوانرێت بە تێکۆشان شکست بە هێرشەکانی تورکیا بهێنرێت. هەر بۆیە بەرخۆدان بەردەوامە و قوربانیدانی گەورەشی دەوێت.

* دکتۆر هاوژین عەزیز خاوەنی دکتۆرایە لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە زانکۆی نیوکاسڵ لە ئوسترالیا. لە ئێستادا هاوسەرۆکی (The  – Kurdish Center for Studies – بەشی ئینگلیزی)  و هەروەها دروستکەری (The Middle Eastern Feministە. پێشتر لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی وانەبێژ بووە، هەروەها زانای سەردانکەر بووە لە سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان). ناوبراو لە کاتێکدا کە ئەندامی دەستەی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ بووە لە دوای ڕزگاربوونی لە دەستی داعش، لە نزیکەوە لەگەڵ پەنابەران و ئاوارەکانی ڕۆژئاوا کاری کردووە. بوارەکانی شارەزایی ئەو بریتین لە داینامیکی جێندەری، ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی نەتەوە لە دوای ململانێ، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و توێژینەوەی کوردی.

هـ.ح

Comments are closed.