كۆمسیۆن: دەستەی دادوەریی لێكۆڵینەوەی لە سەرجەم سكاڵاكان كردووە

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند، دەستەی دادوەریی هەموو سكاڵاكانی پەیوەست بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تاوتوێ كرد، كە ژمارەیان ٣٢٩ سكاڵا بووە،  هاوكات دەستەی دادوەریی بڕیاری سزادانی چەند كاندیدێكی دەركردووە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لەبارەی یەكلاكردنەوەی سكاڵاكانی سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

جومانە غەلای ڕایگەیاند، دەستەی دادوەری سەرجەم سكاڵاكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تاوتوێ كرد، كە ٣٢٩ سكاڵا بووە و دواتر ڕەوانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردووە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان چەند كاندیدێك بەهۆی سەرپێچی ڕێنمایەكانی كۆمسیۆنەوە سزای مادی دراون.

ڕوونیشی كردەوە، ئەوە دەكەوێتە ئەستۆی كۆمسیۆن جێبەجێكردنی ئەو ئەركەیە، كە دەستەی دادوەری بڕیاری كۆتایی لەسەر داوە، هەربۆیە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەش كرد، دەستەی كۆمیسیاران بڕیاری غەرامەكردنی ئەو كاندیدانەی دەركرد، كە سەرپێچی ڕێسا و ڕێنماییەكانیان كردووە، هەربۆیە ئەوانیش تانەیان دا لە بڕیارەكەی دەستەی دادوەری سەبارەت بەم سزایانە.

ڕۆژانی ١٦ و ١٨ـی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە ١٥ پارێزگای عێراق، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەڕێوەچوو، كە بەپێی ئامارەكانی كۆمیسیۆن ڕێژەی بەشداریكردن گەیشتە ٤١٪، كە شەش ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٦٦٨ دەنگدەر ڕوویان لە سندووقەكانی دەنگدان كرد.

هـ.ئ

 

Comments are closed.