لە مەراسیمێکدا چلەی ماتەمینی شەهید مەنسوور کەریمیان بەڕێوەچوو

سلێمانی

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی خانەوادەکەى چلەی ماتەمینی شەهیدی هونەرمەند مەنسوور کەریمیان لەسەر مەزارەکەی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ، لە گۆڕستانى شێخ عەباس لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی وڵاتپارێزان، خانەوادە و هاوڕێکانی، لەسەر مەزارەکەی چلەی ماتەمینی بۆ شەهیدی هونەرمەند مەنسوور کەریمیان بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی ڕێگایی ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد و پاشان بە دروشمی “شەهید نامرێت” تاجە گوڵینە لەسەر مەزارەکەی دانرا.

دواتر، ئیبراهیم محەمەد، لەسەر ناوی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن، شەهید بە کامێراکەی دەستی دەیویست دەنگی گەلێک بە هەموو دونیا بگەیەنێت، شەهیدێک، کە چەکی هەڵنەگرتبوو، تەنها لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە ویستی خزمەتی گەلەکەی بکات، هەر بۆیە لەو پێناوەدا شەهید بوو.

هەروەها، برایەکی شەهید مەنسوور کەریمیان وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، دەستخۆشی لە هەمووان دەکەین بۆ خەمخۆریی و بەشداربووانتان لەم مەراسیمەدا، پێکەوەبوونتان هەمیشە بەردەوامبێت، دڵمان پڕە لەو زوڵم و زۆرانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەسەرماندا هاتووە، بۆیە ناتوانم بە باشی هەستەکانم دەرببڕم، بەخێرهاتنتان دەکەین، شەهید نامرێت.

مەنسوور کەریمیان، لە ساڵی ١٩٨٤، لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، نزیکەی ٢٠  ساڵ لە بوارە جیاوازەکانی سینەمادا کاری دەکرد، ماوەی دوو ساڵیش لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرقاڵى دەرهێنانی فیلم بوو، لە ٢٥ى کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بەهۆى هێرشى ئاسمانى دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە بۆ سەر ناوەندێکی هونەریی لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوو.

بەهۆی ئەوەی ڕژێمی ئێران ڕێگریی کرد لە بردنەوەی تەرمەکەی بۆ زێدی خۆی، لە مەراسیمێکدا لە ٧ی مانگی ڕابردوو، بە ئامادەبوونی خانەوادە و هونەرمەندان و وڵاتپارێزان، لە گۆڕستانی شێخ عەباس لە شاری سلێمانی سپاردەی خاک کرا.

ب. جـ

Comments are closed.