نان و ئازادیی

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەگەر مرۆڤ خۆی تەرخانبکات بۆ وەڵامی ئەو هەموو نائاوەزیەی بەرپرسانی کوردستان، دەبێت تەمەنی نوح داوا بکات، ئەوانەی، کە دەڵێن پارە و موچە چیە و خەڵک لە برسا نەمردوە، هەریەکە و بای هەزار ساڵ گەندەڵی و دزی و فزیان کردووە و هەرچی نەشێ کردویانە بۆئەوەی بۆ دە نەوەی داهاتوشیان بخۆن و بڕێن و بخەون.

ئەوان ئاگایان لەو پاکەوانە نیە، کە موچەکەی نەبێ دەبێ دەست پانبکاتەوە، ئاگایان لەوهەموو دەرچووە دانەمەزراوەی زانکۆ و پەیمانگایانە نیە، کە ڕوویان نایەت داوای هاوکاری لە دایک و باوکیشیان بکەن، ئەوان لە بری ئۆتۆمبێلی دوا مۆدێل فڕۆکە و لە بری جادەی پڕتاسە و کەند و لەند جادەی تایبەت و کارەبای فول و زانکۆی تایبەت و لە ماڵەکانیاندا مەلاوانگە و هۆڵی وەرزش و ساونا و باڕ و، سینەما و هەرچی دەڵێی هەیانە و دێن باسی ئازادی بێ نان بۆ خەڵک دەکەن، وەک ئەوەی خەڵک نەزانێ ٣٣ ساڵە ئەوان چی دەبەن و چی دەدزن.

ئەوان ڕۆژگارێ ئەو تەحین و دۆشاوەشیان دەدزی، کە هاوپەیمانان بۆ خەڵکیان دەهێنا، ئەو کاوجۆیەشیان دەخوارد، کە ڕێکخراوێک بەخێر بۆ گوندە وێرانەکانی دەنارد، ئازادی ڕووت بەبێ قوت درۆیەکی گەورەیە، بڕۆن سەیری خوان و گیرفانی هەژارەکان بکەن، نەک خوان و گیرفانی خۆتان.

باسی ئازادی بۆ برسی قسەی قۆڕ زیاتر نیە، نەخۆش و بەلەنگاز و پێ پارە و دەربەدەر چی لەو ئازادیە بکەن کە تۆ بە ویستی خۆت چوار چێوەت بۆ کێشاوە و تەنها لەوێدا قەبوڵی دەکەی کە تۆ گەورە و سەردار بیت و هیچ قسەیەک لە قسەتا نەکرێت، تۆ پێت وایە ئێمە لە نرخی ئازادیە ساختەکەی تۆ ناگەین.

ئێمە ئێستا تاریکی دەخوێنینەوە، دەزانین لەم سەردەمەدا و لەنێو تاریکیەکی نوتەکدا چی دەگوزەرێ و کێن حاکمە نهێنیەکانی نێو ئەو تاریکیە، ئێمە ئیتر خەڵکانی بێ ئاگاو کزۆڵە نین، دەزانین هەر ئێستا لە مۆسکۆ پۆتن بیر لەچی دەکاتەوە، لات وایە ناتوانین خەیاڵی خۆێنین و خۆڵاوی تۆ بخوێنینەوە، ئازادیەکەی تۆ لەوێدا دادەخرێت، کە جیاواز لە بینینی تۆ شتەکان ببینین، ئازادیەکەی تۆ دەتەوێ ئێمەی پێ فریو بدەی ماڵە باجێنەی دەستی خۆتە و هیچی تر.

خەڵک پێویستی بە قوت و موچەیە دواتر ئازادی ڕاستینە، ئازادی بێ کۆت و بەندی دەسەڵات، خوداش نانی نەخستوەتە پێش ئازادیەوە، وەک چۆن ئێمەش دەڵێین، نان و ئازادی، کەمێک لە بەهەشتەکەی خۆت وەرە دەرەوە و سەیر ئەو دۆزەخە بکە کە بەناوی ئازادیەوە بۆ خەڵکت چێ کردوە.

ئەم وتارە ڕاوبۆچونى نووسەر خۆیەتى.

ئ.م

Comments are closed.