وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەنتۆنی بلینكن گەشتێكی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات و سەردانی هەریەکە لە وڵاتانى سعودیە و میسر بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی غەزە و گەیشتن بە ڕێككەوتن بۆ ئاگربەست و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ غەزە دەکات.

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بارەی سەردانەكەی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەمجۆرە زانیاری خستەڕوو.

ماتیۆ میلەر ڕایگەیاند، بڕیارە سبەى بلینکن دەگاتە سعودییە و ڕۆژی پێنجشەممەش دەچێتە قاهیرە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە كۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بلینكن لە میانەى کۆبونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى میسر و سعودیە، تاوتوێی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ غەزە و هەماهەنگی لەسەر پلاندانان بۆ قۆناغی دوای شەڕ لە غەزە دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەمان پێی وایە دامەزراندنی دەوڵەتێك بۆ گەلی فەلەستین بە گەرەنتی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل، دەبێتە هۆکارى ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەكەدا.

وتیشى، بلینكن بابەتی كۆتایی هێنان بە هێرشى حووسییەكانی یەمەن بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش لە دەریای سوور و كەنداوی عەدەن لەگەڵ بەرپرسانى میسر و سعودیە تاوتوێ دەكات.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمە شەشەمین گەشتی بلینكن دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە، كە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی غەزە كوژران و برینداربوون.

هـ.ئ

Comments are closed.