ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى فراکسیۆنى یەنەکە و سوودانى ئاشکرا کرا

ناوەندى هەواڵەکان

بڕیار ڕەشید ڕایگەیاند، شەوى ڕابردوو فراکسیۆنی یەنەکە لەگەڵ سوودانى کۆبوونەوە و تێیدا داوامانکرد، پرۆسەی تەوتین و ئەژماری بانکی چارەسەر بکرێ و لە بەرامبەردا سوودانى وتى، کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەزگا ئەمنیەکان چارەسەرکراوە و هەنگاوەکانیش بۆ تەوتینی مووچە و ئەژماری بانکی روو لە چارەسەرن.

شەوى ڕابردوو فراکسیۆنی یەنەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەزیرانی داد و ژینگە، کە ئەوانیش لە پشکى ئەو حزبەنە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شارى بەغدا کۆبوونەوە، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەوە بڕیار ڕەشید ئەندامى پەرلەمانى عێراق بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو:-

بڕیار ڕەشید ڕایگەیاند، فراکسیۆنەکەمان داواى لە سوودانى کردووە، پرۆسەی تەوتین و ئەژماری بانکی چارەسەر بکرێ، لەبەرامبەردا سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، حکومەتەکەی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە دابینکردنی مووچە بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی و دڵنیاییدا کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەزگا ئەمنیەکان چارەسەرکراوە و هەنگاوەکانیش بۆ تەوتینی مووچە و ئەژماری بانکی روو لە چارەسەرن.

وتیشى، سەبارەت بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم س سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکەی ئەرکی لە دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوکاری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کردووە و گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێ.

باسى لەوەشکرد، فراکسیۆنەکەمان جەختی لە تەواوکردنی رێکارە دەستورییەکان کردەوە بە مەبەستى هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێى کەرکووک، بۆ ئەو مەبەستەش ستایشی رۆڵی سەرۆک وەزیران دەکەین، بۆ نزیکردنەوەی پێکهاتە و لایەنە براوەکانی پارێزگاکە بە ئاراستەی سازان.

ئەوەشى خستەڕوو، سەبارەت بە سەروەری خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچە سنورییەکان، فراکسیۆنەکەمان داوای لە سوودانى کرد، حکومەتی ئیتحادی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە تا لەرێگای کەناڵە دیپلۆماتیەکانەوە چارەسەری بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەى شەش مانگى ڕابردوودا حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێم تەنها یەک مووچەى دابەشکردووە.

جێگەى ئاماژەیە، حکومەتى عێراق لە ئێستادا بڕى ٦٠٨ ملیار دینارى بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێمى کوردستان دەستى بەسەر ئاو پارەدا گرتووە و ئامادە نیە دابەشى بکات.

ئ.م

Comments are closed.