” حەلبووسی نایەوێت كەسێك لە ئەنبار وەك سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرێت”

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی هاوپەیمانی ئەنبار ڕایگەیاند، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پارتی تەقەدووم نایەوێت كەسێك لە ئەنبار وەك سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرێت، چونكە سەركردایەتی پێكهاتەی سوننە هەمیشە وابەستەی پێگەی سەرۆكی پەرلەمانە.

تارق دلێمی ئەندامی هاوپەیمانی ئەنبار لە بارەی ڕێگرییەكانی حەلبووسی بۆ دیاری كردنی كەسێك لە ئەنبارەوە بۆ پۆستی سەرۆك پەرلەمان، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

تارق دلێمی ڕایگەیاند محەمەد حەلبووسی درك بەوە دەكات، كە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان لە ئەنبارەوە دەبێتە ڕكابەری سەركردایەتی كردنی پێكهاتەی سوننە، چونكە سەركردایەتی پێكهاتەی سوننە هەمیشە وابەستەی پێگەی سەرۆكی پەرلەمانە، بۆیە حەلبووسی نایەوێت كەسێك لە ئەنبار وەك سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەڕای ئەوەی كۆدەنگی سوننە بۆ سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەیە، بەڵام حەلبووسی ناڕەزایی دەردەبڕێت لە كاندیدكردنی، چونكە سالم پێگەى سیاسیی و كۆمەڵایەتیی هەیە.

ڕوونی كردەوە، بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بە دەسەڵاتی حەلبووسی بەسەر ئەنبار دەهێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش دەیەوێت كەسێكی دیكە كاندید بكات، كە لە ژێر چەتری ئەودا بێت.

ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.

هـ.ئ

Comments are closed.