ڕۆژنامەنووسێک: ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر دەنگی کوردان بەجیهان دەگەیەنن

هەولێر

ڕۆژنامەنووسێکی شاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت هێرش و هەڵکوتانە سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە جێگای قبوڵکردن نییە، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی لەم وڵاتە بێنە دەنگ، بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە، دەشڵێت: هێرشەکە بۆ ئەوەیە دەنگی کوردان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان نەگات بە وڵاتانی جیهان.

بەرەبەیانی ٢٣ـی ئەم مانگە، پۆلیسی بەلجیکا هەڵیکوتایە سەر باڵەخانەی هەردوو کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر و دەستی بەسەر بەشێک لە کەرەستە میدیاییەکاندا گرت و بەشێکی دیکەشیان تێکشکاند، ئەمەش کاردانەوەی لەلای هاوڵاتییان و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و ڕۆشنبیران درووست کردووە.

لەم بارەوە فەرمان ڕەشاد ڕۆژنامەنووسێکی شاری هەولێرە و ئیدانەی هێرشکردنە سەر کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر دەکات و دەڵێت: لە ناو جەرگی ئەوروپا و وڵاتێکی وەک بەلجیکا بانگەشەی دیموکراسی و ئازادییەکان دەکات، بەڵام دوور لە بنەماکانی ئازادیی کاریی میدیای هەڵدەکوتنە سەر کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر ، کە دوو کەناڵی گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی گەلی کورد و ئازادیخوازانن.

ئەو ڕۆژنامەنووسە وتیشی: هێرش کردنە سەر کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر لە لایەن پۆلیسی بەلجیکاوە دوور لە بنەماکانی کاری میدیای و ئازادیی ڕادەبڕینە لەو وڵاتە، چونکە ئەم دوو دەزگایە کار دەکەن بۆ گەیاندنی دەنگی کوردانی هەرچوار پاچەی کوردستان.

فەرمان ڕەشاد باسی لەوەشکرد، کەناڵی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر دوو دەزگای ڕاگەیاندن بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردا بە جیهاندا، بۆیە گوزارشت لە دەنگی کوردان دەکات، بۆیە ئەمەش هەوڵێکە لە لایەن ئەو وڵاتانەی دژ بە گەلی کوردن، لەڕێگای فشار خستنە سەر ئەم دەزگایانە و کپ بکرێت، بۆ ئەوە دەنگی کوردان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان نەگات بە وڵاتانی جیهانەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە وتیشی: ئەم دوو دەزگا ڕاگەیاندنە ڕۆڵ پێگەی خۆیان هەیە لە گەیاندنی دەنگی کوردان، بۆیە هێرشیان کراوەتە سەر، بە گرنگی دەزانێت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی لەبارەی ئازادیی ڕادەربڕین لەسەر ئەم ڕووداوە بێنە دەنگ، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە نەبوونەوەی ئەم هێرشەی کراوەتە سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر.

هـ.ح

Comments are closed.