پەرلەمان داوا دەکات سوودانى جەژنانە بە فەرمانبەران بدات

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێكدا، داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، بەبۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە و بە لە بەرچاوگرتنی سەختی دۆخی هاوڵاتییان، پێویستە سوودانى بڕی ١٠٠ هەزار دینار جەژنانە بداتە فەرمانبەران و مووچەخۆران.

ئەسكەندەر وتوت ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە داواكارییەكیان لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پێدانی جەژنانە بە فەرمانبەران و مووچەخۆران نووسراوێكی ئاڕاستەى حکومەت کرد.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی نزیكبوونەوەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و گرانبوونی نرخی كاڵاكان لە بازاڕەكاندا، داوا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەکەم، بڕی ١٠٠ هەزار دیناری عێراقی وەك جەژنانە بدات بە مووچەخۆران.

ئاماژەى بەوەشكردووە، پێویستە دۆخی سەختی هاوڵاتییان، بە تایبەتی خانەنشیان لە بەرچاو بگیرێت، ئەم بڕە پارەش وەك هاوكارییەكى باش دەبێت بۆ ئەو چینە.

ئەمە لەكاتێكدایە، حكومەتی ماوەبەسەرچوى هەرێمی كوردستان نەك جەژنانە، بەڵكو لە شەش مانگدا تەنها یەک مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی دابەشنەكردووە، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی عێراق بەشێك لە پارەی فەرمانبەرانی ناردووە، بەڵام حكومەتی ماوەبەسەرچووى هەرێم دەستی بەسەر ئەوەشدا گرتووە و ئامادە نییە دابەشی بكات.

هـ.ئ

Comments are closed.