مەزڵوم عەبدی: هەڕەشەی داعش و تورکیا لەسەر ناوچەکە بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمەکە و جیهان، هاوکات هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، مەزڵوم عەبدی لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە پیرۆزبایی بەستنی چوارەمین کۆنگرەی پارتی سووریای ئایندەی کرد، کە لە ڕەقە ئەنجام درا و لەبارەی مەترسی داعشەوە قسەی کرد.

مەزڵوم عەبدی لە پەیامەکەیدا وتی: “مەترسی چەتەکانی داعش بەردەوامە و هێشتاش هەڕەشەیە بۆ سەر گەلەکەمان و سەراپای جیهان، ئەگەر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هاوکارانمان نەبێت، هەرێمەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت”.

مەزڵوم عەبدی وتیشی: “لەلایەکی دیکەوە، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، داگیرکردنی خاک هێشتاش درێژەی هەیە، ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی گەل دەکاتە ئامانج، تاوەکو هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەشی گەل نەکرێت.”

هەروەها باسی هەوڵەکانی ڕژێمی سووریای کرد بۆ تێکدانی سەقامگیریی و خوڵقاندنی ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکاندا و وتی: “پێویستە هەموومان لە ڕێگەی کار و خەباتی هاوبەش و ڕێکخستن و هۆشیارکردنەوەی جڤاکەوە، ئەم هەوڵانە پووچەڵ بکەینەوە.”

ب.گ

Comments are closed.