عێراق و ئێران گرێبەستێکی پێنج ساڵەی غازیان واژۆ کرد

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی کارەبای عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران واژۆ کرد، بە گوێرەی ئەو گرێبەستە تا پێنج ساڵی داهاتو ڕۆژانە بڕی ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز ڕەوانەی عێراق دەکرێت، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

وەزارەتی کارەبای عێراق لە ڕاگەیانراوێکدا ئاشکرای کرد، زیاد فازڵ وەزیری کارەبا گرێبەستێکی هاوردە کردنی غازی لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران واژۆ کردووە، گرێبەستەکەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ کارا دەبێت.

بە گوێرەی ئەو گرێبەستە، ڕۆژانە بڕی ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز ڕەوانەی عێراق دەکرێت، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، واژۆ کردنی ئەو گرێبەستەش لەپێناو کەمکردنەوەی فشاری سەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابین کردنی بڕی پێویستی کارەبایە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٦ـی شوباتی ئەمساڵ محەمەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئاشکرای کردبوو، ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئێران هەیە، بۆ هەناردەکردنی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز، لە هاوینی ئەمساڵیش هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق زیاد دەکات.

ب.گ

Comments are closed.