ئێزدییەکان: پەدەکە بووەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکان

شنگال

ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سیبا ڕایدەگەیەنن، پەدەکە ئێزدییەکانی ڕادەستی داعش کرد و ئەوە ماوەی ١٠ ساڵیشە ڕێگە نادات بگەڕێنەوە شنگال، ئەوانەی ڕێگەیان بە جینۆسایدی شنگال دا دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بدرێنە دادگا.

لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ سەدان هەزار ئێزدی بەهۆی کۆمەڵکووژی داعشەوە کۆچبەر بوون، بەشێکیان چوونە ڕۆژئای کوردستان و دوای ئازادکردنی شنگال دەستبەجێ گەڕانەوە شوێنی خۆیان، هەندێکیان چوونە باشووری کوردستان و لە کامپی پەنابەران جێگیرکران.

لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا پەدەکە بە سیاسەتێکی گڵاو ڕێگری لە گەڕانەوەی ئێزدیەکان دەکات، هەوڵی ئەوە دەدات بە شەڕێکی تایبەت ئێزدییەکان لە خاکە دێرینەکەیان داببڕن و شنگال لەبەر چاوی ئێزدییەکان ڕەش بکات، وێڕای ئەم سیاسەتەی پەدەکە، بە هەزاران ئێزدی لە ئەنجامی خزمەتەکانی خۆبەڕێوەبەریی شنگال گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام بەهۆی ڕێگریەکانی پەدەکە، دەیان هەزار ئێزدی هێشتا وەک دیل لە کامپەکانی باشووری کوردستان ڕاگیراون.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و ڕێبەر ئەحمەد تۆمار کرد، چونکە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئێزیدییەکان دەکەن، کۆمەڵگەی ئێزیدیش پشتیوانی ئەم بڕیار و هەڵوێستە دەکەن، بەڵام له هەمانکاتدا هۆشداری دەدات به حکوومەتی عێراق که ئەمجاره هەنگاوی پێویست بنرێت و هەموو ئەو کامپانەی ئێزیدییەکانی تێدایه به تەواوی چۆڵ بکرێن.

سەبارەت بەو بابەتە و گەڕانەوەی ئێزدیەکان بۆ شنگال و کاریگەری پەدەکە لەسەر کۆچبەرانی کامپەکانی باشوور ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سیبا بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

خەلیل خودێدا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی سیبای ڕایگەیاند، تا ئێستا ٢٤ کامپی باشووری کوردستان چۆڵ نەکراون و دەڵێت: ماوەی ١٠ساڵە گەلەکەمان لەناو کامپەکاندا ڕاگیراون و دەیانەوێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ساڵانە دەڵێن ئەمساڵ کۆچبەرەکان کامپەکان بەجێدەهێڵن، بەڵام هەر کە گەڕانەوەی کۆچبەران دەکرێت بە بابەتی سەرەکی  پەدەکە سیاسەتێک لە دژی ئێمە بەڕێوە دەبات و دەرگای گەڕانەوە دادەخرێت.

وتیشی: ئێمە دەمانەوێت گەلەکەمان بگەڕێتەوە سەر خاکی خۆی تا کەی لەو کامپانە بمێننەوە؟ هەرکاتێک هەوڵی گەڕانەوە هەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لێدەکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کامپەکانی کۆچبەران چۆڵدەکرێن، بەڵام تا ئێستا دەروازەی ٢٤ کامپی کۆچبەران دانەخراوە.

هەروەها جەمیل قیرانی ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سیبا وتی: لە جینۆسایدی ساڵی ٢٠١٤دا بە سەدان هەزار ئێزدی بەرەو باشوور، ڕۆژئاوا و ئەوروپا ڕۆشتن، بەڵام ماوەی ١٠ ساڵە سیاسەتی پەدەکە لەسەر گەلی ئێزدی ئەوەیە کە ڕێگە بە گەلەکەمان نادات بگەڕێتەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆی، شەڕێکی تایبەت لە دژی ئێمە دەکات بۆ ئەوەی ئێزدییەکان نەگەڕێنەوە، ئێستا بڕیاری چۆڵکردنی کامپەکانی باشووری کوردستان دراوە، هەموو جیهان دەزانێت بۆچی ئێزدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال، پەدەکە بۆتە بەربەست بۆ ئێزدییەکان، هەر جارەی خەڵکی شنگال دەڵێن دەگەڕێینەوە فڕۆکەی دەوڵەتی تورک لەسەر شنگال دەبێت.

جەمیل قەیرانی ڕاشیگەیاند: ئەوانەی شنگالیان فرۆشت، پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و بنەماڵەی بارزانی و ئەوکەسانەی دەستیان لە جینۆسایدی شنگالدا هەبووە دادگایی بکرێن.

لەکۆتایی قسەکانیدا هۆشداریدایە حکومەتی عێراق، کە ئەمجارە پابەندی بەڵێن و بڕیارەکانی بێت و کامپەکانی باشووری کوردستان دابخات، ڕێگە بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بکاتەوە.

ب. ق

Comments are closed.