پەرلەمانتارێک: دابینکردنی مووچەی هەرێم دەبێت لە ڕێی بانکە فیدراڵیەکانەوە بێت

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژی نیوزی ڕاگەیاند، دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە دابینکردنی مووچەی هەرێم دەبێت لە ڕێگەی بانکە حکومییە فیدراڵییەکانەوە بێت، دەشڵێت: لەسەر ئەو پرسەش وەزارەتی دارایی پرسی بە داداگای فیدراڵی کردووە و تا ئەم ساتەش دادگاکە وەڵامی نەداوەتەوە.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر چۆنییەتى پێدانى مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

سۆران عومەر دەڵێت: دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە دابینکردنی مووچەی هەرێم دەبێت لە ڕێگەی بانکە حکومییە فیدراڵییەکانەوە بێت.

هەروەها پەرلەمانتارەکە ئاماژەى بەوەشکرد، وەزارەتی دارایی لە بارەی پرسی دابینکردنی مووچە لەلایەن بانکە ئەهلییەکانەوە پرسی بە داداگای فیدراڵی کردووە و تا ئەم ساتەش دادگاکە وەڵامی نەداوەتەوە.

سەبارەت بە پڕۆژەى “هەژماری من” پەرلەمانتارەکەى کورد لە پەرلەمانى عێراق  ڕوونیکردەوە، پڕۆژەی هەژماری من دەکەوێتە سەر ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لە بارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر دادگای فیدراڵی عێراق ئەو بڕیارەى لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمەوە دەری کردبوو ئەوەى ڕایگەیاندبوو کە مووچە دەبێت لەڕێی بانکە فیدراڵییەکانى عێراقەوە بێت، بەڵام مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى ماوە بەسەرچووی هەرێم پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەى ئەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچەخۆرانى دەنێرێت لەڕێی پڕۆژەى”هەژماری من”ەوە بێت کە پێنج بانکی ئەهلی لەناو پڕۆژەکەدان.

لەئێستاشدا پرۆژەى “هەژماری من” دەنگدانەوەیەکى فراوانى لەناو مووچەخۆرانى هەرێم درووست کردووە و زۆرینەى مووچەخۆران ئەو پڕۆژەیە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن دەبێت دابەشکردنى مووچەکانیان لەڕێی بانکە فیدراڵییەکانى عێراقەوە بێت، چونکە بەوتەى خۆیان بڕوا و متمانەیان بەو پڕۆژەیەی مەسرور بارزانی نییە.

ڕ.ش

Comments are closed.