ژنێکی خاوەنکار لە خۆشەویستی بۆ کارەکەی داهێنانی تێدا کردووە

گەرمیان

ژنێک ماوەی سێ ساڵە دووکانێکی بۆن فرۆشی بەڕێوە دەبات، بەهۆی هەبوونی چەندین بۆنی جیاوازییشەوە سەرنجی هاوڵاتییان و بەتایبەت ژنانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، داوا لە ژنانیش دەکات لەماڵ بێنە دەرەوە و کاربکەن بۆئەوەی زیاتر هەست بەبوونی خۆیان بکەن.

نیشتمان فەریق تەمەنی ٣٥ ساڵە و دانیشتووی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، پێشتر لە ماڵەوە بووە و هیچ کارێکی نەکردووە، بەڵام ماوەی سێ ساڵە لە ناو بازاڕی کەلار دووکانێکی بۆن فرۆشی بەڕێوە دەبات و سەرنجی هاوڵاتییانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، لە دووکانەکەیدا زیاتر لە ١٥٠ جۆر بۆنی جیاوازی هەیە و هاوڵاتییان بە گشتیی  و بەتایبەت ژنان بە زۆری سەردانی دەکەن.

نیشتیمان فەریق
نیشتیمان فەریق

نیشتیمان فەریق  پێشتر ژنی ماڵەوە بووە و هیچ کارێکی نەکردووە، بەڵام بە هۆی حەزکردنی لە کارکردن و پشت بەستن بە خۆی، سێ ساڵ پێش ئێستا دووکانێکی بۆن فرۆشی دادەنێت، چونکە هەستی بەوە کردووە لە شارۆچکەکە دووکانێکی لەو جۆرە نییە، بۆیە لەگەڵ هاوژینەکەیدا بڕیاری ئەم کارەیاندا و حەزێکی زۆری بۆ کارەکەی هەیە.

وەک خۆشی دەڵێت: سەرەتا دووکانەم بچووکتر بووە، بەڵام  هەستم کرد خواست لەسەر بۆنەکانمان زۆرە، بۆیە دووکانەکانمان گەورەتر کردەوە و تەنها ژنی بۆن فرۆشیشم لە کەلار، سەرووی ١٥٠ جۆر بۆنی جیاوازمان هەیە و ژنان و پیاوان سەردانمان دەکەن، بەڵام زۆرینەی بۆنەکانمان تایبەتە بە ژن و کڕیارەکانیشمان زیاتر ژنن.

نیشتیمان فەریق داهێنانی لە کارەکەیدا کردووە و هەندێک بۆنی تایبەت بە ژن هەیە  وەک تێکەڵەیەک درووستی کردوون و خواستێکی زۆریان لەسەرە، جگە لەوەش چەندین جۆری تری هەیە،  کە تایبەتە بە ژن و لە ناو خەڵکدا ناسراوە لەوانەش ئێڵ ٣، میکیاج و لیدی وەردی و جگە لە بۆنی هەردوو ڕەگەزیش بخور، مەبخەرە و میسکیشی هەیە و لە دەرەوە هاوردەی دەکات.

ئەو دەشڵێت: بەکارهێنانی بۆن زۆر گرنگە بۆ لایەنی دەروونی مرۆڤ، بەتایبەت لە وەرزی هاوین و بۆ شوێنێکی وەک گەرمیان، بۆنیش بە پێی ناوچەکان دەگۆڕێت و بەهەڵە پێشتر وتراوە لە وەرزی هاوین نابێت بۆنی قورس بەکاربهێنین ئەمە هەڵەیە، چونکە بۆنی قورس زیاتر هەست بە بۆنەکەی دەکرێت و دەمێنێتەوە.

نیشتیمان فەریق، داوا لە ژنانیش دەکات لەماڵ بێنە دەرەوە کار بکەن، ئەو جیاوازییەکی زۆر لە خۆیدا دەبینێت، لە نێوان ئێستا و پێشتر، کە لەماڵەوە بووە و کاری نەکردووە، پێیشیوایە ژنان لە کارکردن زیاتر تێکەڵی کۆمەڵگە دەبن و زیاتریش باوەڕیان بەخۆیان دەبێت و هەست بە بوونی خۆیان دەکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.