ژینگەپارێزان لە گۆڕستانی بێناونیشانەکانی سلێمانی زیاد لە ١٠٠ نەمامیان چاند

سلێمانی

ئەمڕۆ، کۆمەڵەی ژینگەپارێزانی کوردستان لە سوید، بە هاوکاری چەند ژینگەپارێزێکی شاری سلێمانی، لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگەوە زیاتر لە ١٠٠ نەمامیان چاند، بۆ خزمەتکردنی ئەو گۆڕانەی، کە لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان لەلایەن شارەوانی نێژراون و کەسوکاریان نادیارە.

ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی بێناونیشان لە شاری سلێمانی، کۆمەڵەی ژینگەپارێزانی کوردستان لقی سوید، بە هاوکاری مامۆستایان و ڕۆشنبیران و ژینگەپارێزان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگەوە، زیاد لە ١٠٠ نەمامیان چاند.

لە بارەی چالاکییەکەیانەوە، ئاسۆی کەریم زەند، ئەندازیاری ژینگە و ئەندامی کۆمەڵەکە وتی: ئەم چالاکییە هەڵمەتێکی ژینگەییە و دەمانەوێت بەردەوامی هەبێت لە داهاتوودا، هەروەها  گرنگی چالاکییەکە لەوەدایە، هیچ ڕێکخراوێکی لەپشت نییە و ئەو کەسانەی بەشدارن لەم چالاکییەدا بە خۆبەخشی و بە ئامانجی خزمەتکردنی گۆڕی ئەو ژن و منداڵانەی، کە بێکەسن و کەس لێیان ناپرسێت و بە ئامانجی سەوزکردنی ژینگە و پاراستنی ئەم کارەیان کردووە.

هەروەها وتیشی: بۆیە لە گۆڕستانی ژنانەوە دەستمان پێکرد، چونکە ژن و ژینگە دووانەیەکی لێکدانەبڕاون و کۆمەڵگەی دیموکراتیی بەوان دەتوانێت دروست ببێت و پێشبکەوێت، وەک نمونەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستاندا، ئەم چالاکییە بەردەوام دەبێت و ئەمە یەکەم هەنگاومانە، بەڵام لە داهاتوودا بە چەندین چالاکییەکی جیاوازتر خزمەتی ژینگەی کوردستان دەکەین.

باسی لەوەش کرد، لەبەر ئەوەی درەختەکانی ئەم گۆڕستانە کەس ئاویان نادات و خزمەت ناکرێن، بۆیە درەختی سنەوبەر و بەڕوو ئەرخەوانمان هەڵبژارد، چونکە دەتوانن خۆیان لەگەڵ ژینگە بگونجێنن و پێوەستییان بە خزمەت نییە.

ب. جـ

Comments are closed.