کرێکارانی ڕۆژهەڵات: بەشێک لە خاوەنکارەکان کرێی کارەکانمان پێنادەن

سلێمانی

کرێکارانی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا ئاماژە بە پێشێلکرکردنى مافەکانیان و هەروهها گرفتەکانى مانەوەیان دەکەن لە باشووری کوردستان، هاوکات داوا دەکەن چیتر مافەکانیان زەوت نەکرێت، لە لایەن خاوەنکارەکانەوە، هاوکات داوا دەکەن ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاستەنگیان بۆ درووست نەکەن.

بە هۆی خراپی دۆخی ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەشێک لە هاوڵاتییانی رۆژهەڵات ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خۆیان و خانەوادەکانیان دەستەبەر بکەن، بەڵام لەلایەن بەشێک لە خاوەنکارەکانەوە مافەکانی خۆیانیان پێ نادرێت، هەروەها مافی نشینگەیی و زۆری تێچووکەی یەکێکی دیکەی لەمپەرەکانی بەردەمیانە.

لە بارەی کێشەوگرفتەکانیان، کرێکارانی ڕۆژهەڵاتی کە لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستاندا کار دەکەن، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

محەمەد ساڵح
محەمەد ساڵح

لەو بارەیەوە، محەمەد ساڵح، وتی: بەیانیان دەمانبەنە سەر کار، بەڵام ئێوارە دوای تەواوبوونی کارەکانمان کرێکەمان کە مافی خۆمانە پێمان نادەن، یان لێرە ئیشێکمان پێ دەڵێن، کاتێک دەڕۆینە سەر کارەکە ئەوە نییە پێیان وتووین، یەکێکی دیکە لە کێشەکانمان ئاسایشە کە ئاستەنگیمان بۆ دروست دەکەن و  داوای ئیقامە (نشینگە)ـمان لێدەکەن.

هاوکات لە بارەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە وتی: کرێکار هیچ جەژنێکی نییە، هەموو داماو و سووتاون، ماوەی ١٥ ڕۆژە کارمان کردووە کەچی خاوەن کار پارەکەمان پێ نادات بگەڕێینەوە بۆ ناو کەسوکارمان، خاوەنکارەکان بەشێکیان باشن و بەشێکیان لە گەڵمان خراپن.

هەروەها، سەلمان حەبیبووڵا کرێکارێکی دیکەیە، بە هەمان شێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بژێوی ژیان لە باشووری کوردستان کار

سەلمان حەبیبووڵا
سەلمان حەبیبووڵا

دەکات، سەرەتا ئەم جەژنەی لە کرێکارانی کورد پیرۆز کرد و باسی لە کێشەکانیان کرد و وتی: کێشەمان زۆرە، سەرەکیترین کێشەمان ئاسایشە، داوای نشینگەییمان لێ دەکەن، ئێمەش ئەگەر ئەو پارەیەمان هەبێت نایەین لێرە کاربکەین، چونکە تێچووەکەی زۆرە بۆ ئێمە و بۆهەر یەکێک تێچووی نشینگەیی یەک ملیۆن و ٢٠٠هەزار دینارە.

وتیشی: کێشەیەکی دیکەمان ئەوەیە بەشێک لە خاوەن کارەکان لە گەڵ کرێکار باش نین، هەندێکیان فێڵمان لێ دەکەن و مافەکانمان دەخۆن.

ئەو کرێکارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئێمە هەرچوار بەشی کوردستان بە خاکی خۆما دەزانین، بەڵام لێرە وەک بیانی سەیرمان دەکەن، ڕۆژانەی کرێکار لە سلێمانی ٣٠ هەزار دینارە، بەڵام ١٥ هەزارمان پێ دەدەن، ئەوەش بەشی ئێمە ناکات، داواکارین ئەوانەی کاریان بۆ دەکەین لەگەڵمان باش بن.

ب. جـ

Comments are closed.