ئەمریکا و بەریتانیا سزای بەرفراوانیان لە دژی ئێران ڕاگەیاند

ناوەندی هەواڵەکان

هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەرفراوان دەکەن لە دژی ئێران، بەتایبەتی بۆ سەر بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان، بەهۆی هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل.

ئەمڕۆ ئەمریکا و بەریتانیا، لە کاردانەوەی هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکەی ١٣ـی ئەم مانگەی  ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سزای بەرفراوانیان بۆ سەر بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی ئێران ڕاگەیاند.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “ئەمڕۆ ئێمە لێپرسینەوە لە ئێران دەکەین، سزای نوێ دەسەپێنین و کۆنتڕۆڵکردنی هاوردەکردنی بەسەردا جێبەجێ دەکەین.”

ئێران درەنگانی شەوی شەمەی ١٣ـی ئەم مانگە، یەکەم هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا لە ڕێگای زیاتر لە ٣٠٠ درۆن و مووشەکەوە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ١ـی مانگی نیسان بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران و لە نێویاندا دوو بەرپرسی باڵای تێدابوو.

بەرپرسانی ئیسرائیل تا ئێستا ئاشکرایان نەکردووە کەی و لە کوێ تۆڵە دەکەنەوە، بەڵام سەرۆکی سوپای ئیسرائیل بەڵێنی بەرپەرچدانەوەی ئێرانی داوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، سزاکانی واشنتن ١٦ کەس و دوو کۆمپانیای بەشدار لە بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران (UAV)  و هەروەها پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لە هێرشەکەی ڕۆژی شەمەدا بەکارهێنراون دەکاتە ئامانج.

جۆ بایدن وتی: هەروەک چۆن لە بەرەبەیانی دوای هێرشەکە لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپی حەوت گفتوگۆم کرد، “ئێمە پابەندین بە کارکردنی هاوبەش بۆ زیادکردنی سزا و فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران.”

ئاماژەی بەوەشداوە: “با بۆ هەموو ئەو کەسانە ڕوون بێت کە پشتیوانی لە هێرشەکانی ئێران دەکەن یان ڕێگەخۆشکەرن، ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە، ئێمە درێخی ناکەین لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ وەڵامدانەوەتان”.

هەروەها بەریتانیا سزاکانی خۆی بۆ سەر تاران ڕاگەیاند، حکومەتی بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەمڕۆ پاکێجی گەمارۆکانی خۆی بۆ سەر تاران ڕاگەیاند کە حەوت کەس و شەش کۆمپانیا دەکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی ئێران، چالاکییە تێکدەرەکانی، لەنێویاندا هێرشە ڕاستەوخۆکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت.

سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕیشی سوناک وتی: هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کارێکی بێباکانەیە و دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکان، لە ناوچەکە.

وتیشی: بەریتانیا سزای سەپاندووە بەسەر فەرماندە سەربازییەکانی ئێران و ئەو هێزانەی بەرپرسن لە هێرشەکە بۆ سەر ئیسرائیل.

ب.گ

Comments are closed.