کاریگەرییەکانى خۆڵبارین لەسەر تەندرووستى مرۆڤ کامانەن؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر شاھۆ حەوێزی دەڵێت، لەکاتی خۆڵباریندا ھاوشانی گەردیلە وردەکانی تۆز و خۆڵ زۆر جۆری ڤایرۆس و بەکتریاش دەگوازرێتەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، دەشڵێت، ئەو کەسانەى، کە نەخۆشی دڵیان ھەیە کاریگەرى خۆڵبارین لەسەریان زیاترە.

دکتۆر شاهۆ حەوێزی پزیشکى گشتى لە نووسینێکدا ئاماژە بە کاریگەریەکانى خۆڵبارین لەسەر تەندروستى مرۆڤ دەکات و دەقى نووسینەکەشى بەمجۆرەیە.

ئاشکرایە لەکاتی خۆڵباریندا ھاوشانی گەردیلە وردەکانی تۆز و خۆڵ زۆر جۆری ڤایرۆس و بەکتریاش دەگوازرێتەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، کە بێگومان کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر تەندروستی مرۆڤ بە تایبەتی ڕێرەوی ھەناسە و نەخۆشیەکانی سییەکان.

کاریگەریەکانى خۆڵبارین لەسەر تەندرووستى مرۆڤ کامانەن؟

یەکەم– پژمین و کۆکەی لەسەر یەک.

دووەم– سوربوونەوە و ھەستیاری چاو.

سێیەم– کڕانەوەی قوڕگ و لووت.

چوارەم– ھەستیاری سەر پێست.

پێنجەم– ھەناسەتەنگی بە تایبەتی ئەوانەی ھەستیاری سییەکان یان رەبۆ یان ھەیە.

ھەموو ڕەگەز و تەمەنێک بۆی ھەیە بکەوێتە بەر کاریگەریە خراپەکانی خۆڵبارین، بەڵام چەند توێژێک هەیە، پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن  لەوانەش:-

یەکەم– ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی ھەناسە وەک ھەستیاری سییەکان – رەبۆ Asthma ، ھەوکردنی درێژخایەنی سییەکان، نەخۆشی درێژخایەنی گیرانی بۆری سییەکان COPD یان هەیە.

دووەم– ئەوانەی نەخۆشی دڵیان ھەیە وەک سستی دڵ، نەخۆشی تەسکبوونی بۆڕییەکانی خوێن.

سێیەم– منداڵی خوار تەمەنی ١٢ ساڵان.

چوارەم– ئافرەتی دووگیان.

پێنجەم–  کەسانی سەروو تەمەنی ٦٥ ساڵ.

شەشەم– ئەوانەی سیستەمی بەرگری جەستەیان بێھێزە بەھەر ھۆکارێک بێت.

پێویستە چی بکەین لەکاتی خۆڵباریندا ؟

یەکەم- چاودێری کاتی ھاتنی خۆڵبارین بکە لەڕێی ماڵپەڕە جیھانییەکانی کەش و ھەوا.

دووەم- دوور بکەونەوە لە شوێنی خۆڵبارین بەپێی توانا..

سێیەم- بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە.

چوارەم- ئەگەر بۆ کاری پێویست لە دەرەوە بوویت ھەوڵ بدە ماسک- دەمامک بکەیت.

پێنجەم- بە ھیچ شێوەیەک وەرزش و کاری قورس لە دەرەوە ئەنجام مەدە لەو کاتانەدا.

شەشەم- دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەوە دابخە.

حەوتەم- ئەو دەرمانانەی، کە پزیشکەکەت بۆی داناوی بۆ نەخۆشیەکەت بە تەواوی بەکاربھێنە.

هەشتەم- لەکاتی مانەوەی نیشانەکانی قوڕگ یان ھەناسە و قورس بوونی نیشانەکان بەزووترین کات سەردانی نزیکترین نەخۆشخانە بکە.

ئ.م

Comments are closed.