وەزیری تەندرووستیی نکۆڵی لە خراپی کەرتی تەندرووستی حکومیی دەکات

هەڵەبجە

لە کاتێکدا بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت و گەشەسەندنی کەرتی ئەهلییەوە، نەخۆشخانە حکومییەکان، کێشەی دەرمان و کارمەندی پسپۆڕ و ئامێر و کەرەستەی پێشکەتووی تەندرووستییان هەیە، بەڵام وەزیری تەندرووستیی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێت: نەخۆشخانە حکومییەکان لە پێش نەخۆشخانە ئەهلییەکانەوەن.

 لە ماوەکانی ڕابردوودا، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و نەبوونی دەرمان و ئامێر و کەرەستەی تەندرووستی پێویست و خراپی بینای نەخۆشخانە حکومییەکانەوە، چەندین جار کارمەندانی تەندرووستی بایکۆتیان کردووە و هاوڵاتییان خۆپیشاندان و نارەزایەتییان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستیی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم، سەردانی هەڵەبجەی كرد و كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا.

دكتۆر سامان بەرزنجی لەمیانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، نکۆڵی لەم ڕاستییە کرد و وتی: دەرمان ڕەنگە لە شوێنێك بە جۆرێكی تایبەتی كەمبێت، بەڵام بەو جۆرە نییە كە دەرمان هەر نەبێت لەناو نەخۆشخانەكان ئەمساڵ بوونی دەرمان زۆرباشتر بووە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەوەش بەهۆی هاتنی بڕێكی زۆر دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە بەغداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، نەخۆشخانەی حكومیی لە ڕووی بەهێزییەوە زۆر لە پێش نەخۆشخانە ئەهلییەكانەوەیە بەجیاوازییەكی زۆرەوە.

هەر لەقسەكانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا لە ٧٥٪ـی نەشتەرگەرییەكان لە كەرتی حكومیی دەكرێت، ئەو ڕێژە كەمەشی دەمێنێتەوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكرێت، هەندێك پسپۆڕیش هەیە حكومەت بە ڕێژەی لە ١٠٠٪ـی دابینیکردووە، نمونەش سووتان و برینداربوون بە تەقینەوە و چارەسەری وەرگرتنی شێرپەنجە، كە ئەمانە بە هیچ جۆرێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا ناكرێت، تەنها حكومەت دەرمانەكانی دابین دەكات.

ب.گ

Comments are closed.