هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ هیندستان دەستی پێكرد

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ پرۆسەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ هیندستان دەستی پێكرد، هەروەها بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام دەبێت و نزیكەی یەك ملیار دەنگدەر مافی‌ دەنگدانیان هەیە و ئەوەش بە گەورەترین پرۆسەی‌ هەڵبژاردن دادەنرێت لە ڕووی‌ ژمارەی‌ دەنگدەر و بنكەی‌ دەنگدانەوە.

میدیا جیهانییەكان لە بارەی دەستپێكردنی پرۆسەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ هیندستان و ژمارەی دەنگدەرانی ئەو وڵاتەوە زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی پرۆسەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان لە هیندستان وەک گەورەترین وڵاتی جیهان لە ڕووی‌ ژمارەی‌ دانیشتووانەوە ئەنجام دەرێت، ئەم هەڵبژاردنەش بە گەورەترین هەڵبژاردن لە جیهاندا دادەنرێت و وادەكەشی شەش هەفتە دەخایەنێت، هەروەها پرۆسەكە بە حەوت قۆناغ ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی كردەوە، وابڕیارە دەنگدانەكە بە ئەلیكترۆنی بێت تا پڕۆسەكە دووربێت لە هەموو جۆرە ساختەكارییەك، لەهەمان كاتیشدا ماوەیەكی كەم بخایەنێت.

 بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هیندستان، ٩٧٠ ملیۆن هاوڵاتیی دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ هەڵبژاردنی ٥٤٣ ئەندام پەرلەمان، لە ماوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەدا ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار وێستگەی دەنگدان دەكرێنەوە و ١٥ ملیۆن فەرمانبەریش پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن.

دەشڵێن: چاوەڕوان دەكرێت ماوەی هەڵبژاردنەكە بۆ شەش هەفتە درێژبكرێتەوە، تا مافی دەنگدانی ئەو كەسانە نەفەوتێت، كە دوورن لە بنكەكانی دەنگدانەوە، یاخود بەهەر هۆكارێك نەتوانن لەكاتی دیاریكراوی پڕۆسەكەدا بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن.

ناوەندی لێكۆڵینەوەی هیندستان پەیوەست بە تێچووی هەڵبژاردنەكەوە پێشبینی كردووە، تێچووی هەڵبژاردنەكەی ئەمساڵی هیندستان ١٤.٥ ملیاردۆلار تێپەڕێنێت، كە بە نزیكەیی یەكسانە بە تێچووی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی ٢٠٢٠دا.

نارێندرا مۆدی ٧٣ساڵ، سەرۆك وەزیرانی ئێستای هندستان لە بەهێزترین كاندیدەكانی ئەم هەڵبژاردنەیە، نارێندرا مۆدی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠١٤ دا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا، لە ئێستاشدا خۆی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بۆ سێیەم جار پۆستەکە بەدەست بهێنێتەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش نارێندرا مۆدی و پارتەكەی نزیكەی مانگێكە دەستیان بەهەڵمەتێكی نافەرمی هەڵبژاردن كردووە و لەڕێگەی گرنگیدان بە لایەنە ئایینی و ئابوورییەكانی وڵاتەكەوە هاوسۆزی لایەنگرانیان بۆخۆیان ڕاكێشاوە.

لە بەرامبەریشدا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هندستان كە لە ٢٦ پارتی جۆراوجۆر پێكهاتوون، لەدژی پارتەكەی مۆدی (بەهاراتیا جاناتا) یەكیانگرتووە، بەم شێوەیەش هەردوو بەرە لە ململانێیەکى تونددان.

بەڵام لە ئێستادا ئەگەری سەركەوتنی مۆدی و پارتەكەی زیاترە و سەركردەكانی پارتەكەش دووپاتی دەكەنەوە، كە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دەهێنن.

جێگەی ئاماژەیە، لەمساڵدا ٦٠ پرۆسەی هەڵبژاردن لە جیهاندا ئەنجام دەدرێت، كە گرنگترینیان هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، ڕووسیا، هندستان و بەریتانیایە.

 هــ.ئ

Comments are closed.