“ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە کڵاو ڕۆژنەی کازیوەی زمانی کوردی”

سەعید محەمەد بەرزنجی

باڵدار ئەو پەپولە دڵ ناسکە بوو، بەرەو گەنجینەی فەرهەنگی کوردی باڵی ئەگرتەوە، بۆ ئەوەی لە هەگبەی (هەنبانە بۆرینە) ـی کوردەواری وشە و بابەتی هەڵەچن کۆبکاتەوە لە پاڵ ئەو بەهرە یەزدانییە بەهێزەدا پاکنوسیان بکات و قەواڵەی بەختی پاشەڕۆژی ملێۆنەها خوێندکاری کوردی پێ بکاتەوە وەفا و دڵسۆزی دوو بنەمای سەرەکی بواری پەروەردە و خوێندن کە لە (باڵدار) ـی بلیمەتدا کۆبوبونەوە بۆیە ڕاستەوخۆ کاریان کردە سەر گۆرانکارییەکانی بەرەو پێشچوونی پرۆسەی خوێندن، کوردانە ڕووبەڕووی ئەو پێشهات و بۆچوونانە بووە، کە پێچەوانەی پێشەنگی خزمەت گوزاری و ڕابەری نەتەوەکەمانن، بۆیە تا خۆی مابوو نەیان توانی تۆزقاڵێک لە بایەخی کتێبەکەی کەم بکەنەوە.

دوای مردنیشی گۆڕەپانەکە واڵایە هەر یەکە لە ئاشێ لێ دەکات و هەر یەکە لە پەنای سێبەری قوتی زمانێکدا بە ئارەزوو خواستی خۆی بێ گوێدانە پارێزگاری سامانی نەتەوەیی و زانستی بنەماکانی پەروەردەیی و هاوچەرخ فتوای خۆی ئەدات، ئەوانیش ئەیانەوێت بە پێشەکیەکی سادە خۆیان بخەڵەتێنن .

هەر بۆیە کردەی باڵدار لە ژیانی ئێمەدا کردەیەکی داهێنەرانەیە، دەیەوێت بە (ئەلف و بێیەکی نوێ) وە، لە جیهاندا لە دایک ببین و زمان ژیانمان پێ ئاشنا بکات.

کردەی داهێنەرانە هەمیشە پێویستی بە زمانێکی نوێ و هەنگاو نانە بۆ زمانێک، کە هەڵگری خەونی فڕین و دەربازبوونە بۆ چارەنووسمان . باڵدار ئەو زانایەیە، کە توانی وێنەی ئەو دەنگانەی زمانی کوردی بگرێ کە پێش خۆی لە ئارادا نەبوو. بۆیە کۆششەکانی فڕین بوو بە ئاسمانی زمانی کوردیدا، مێژووی گەلی کورد پڕیەتی لە سەروەری و ژیانی سەربەرزانە، سەری نەتەوەکەمانی بەرز کردووەتەوە، ناوی لە مێژووی گەلەکەی دا بە شکۆوە تۆمارکردووە، ئەویش باڵداری پەروەردەکارە، جەوهەری پەروەردەیی بوونی خۆی ئاشکرا دەکات، کە نەک هەر تەنیا منداڵی ئێمەی دنەدا بۆ خوێندنەوە، بەڵکو هانیشداین تێیدا بژین وەک جیهانێکی جیاواز لە واقعی دەوروبەری خۆمان ( هەموو لە بیرمانە کاتێک لە قوتابخانە دەگەڕاینەوە ) بە هەڵمی پەنجەرەکە دەمانووسی دارا دوو داری دی.

جگە لەوەش باڵدار دانەری کتێبی ( ئەلف و بێی ) کوردییە و نزیکەی نیو سەدەیە و ڕەنگاڵەی زمانی کوردی و خوێندەواری لە ( دارا دوو داری دی ) ئەم ڕۆڵە دڵسۆزەی گەلەکەمان نۆشیوە.

باڵدار دەروازەیەک بوو بۆ گوڵستانی زمانی کوردی لە ڕووی پەروەردەییەوە، ئالوودەی ئەندێشەکانی منداڵان بووە و لە نزیکەوە بە بەردەوامی ناخی منداڵانی ناسیووە، زانیویەتی چ وشەیەکی جوان و بە کەڵک ساڕێژی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی پەروردەیی و ئەوان دەکات و گەشەی پێدەکات.

دڵنیا بووە و زانیویەتی منداڵ لەو تەمەنەدا چۆن بیردەکاتەوە چۆن ئەدوێ چی بەلاوە خۆش و چێش بەخشە.

بۆیە چەند لەم مرۆڤە مەزنە بدوێن هێشتا لە چاو گەورەیی خۆێدا دڵۆپی بە دەریایە، هەموومانی بە دنیایی خوێندن ئاشنا کرد، ڕێبازەکانی وانە وتنەوە و گرنگی دان بە ڕێگەی دەنگ، بەستنەوەی بابەتەکە بە ژیانی ڕۆژانەی منداڵ  و دەوروبەری ، داڕشتنی بابەتەکان لە ڕادەی تێگەیشتنی منداڵدا و ناسینەوەی ئەندامانی خێزان پەیوەندیان بە یەکترەوە ئاشکرا کردنی پێداویستییەکانی ناوماڵ، چەسپاندنی گیانی بەزەیی هاتنەوە بە گیانداراندا بەتایبەتی گیاندارە ماڵییەکان، شارەزابوونی یارییە خۆماڵیی و فۆلکلۆرییەکان، ڕوواندنی هەست و سۆز خۆشەویستی و وەفاو دڵسۆزی لە دەروونی قوتابییاندا و دوورکەوتنەوە لە کارە دزێوەکان و ناسینەوەی ڕەنگەکان، یەک خستن و نزیکردنەوەی دەنگ و شێوەی پیتەکان و یان هێماکان بۆ ئاسانکاری کردەی فێرکردن .

ئەم ئەرکە گەورەیە و ئەم پەیامە پیرۆزە، کە ( باڵدار ) هۆکاری هەڵگرتنی بوو بە بەرپرسیارێتییەوە گەیاندیە نەتەوەکەی بۆیە لە پێناو پاراستنی سیمای نەتەوەیی و ڕێکخستنی کردەی فێرکردن و بەرژەوەندی پاشەڕۆژێکی پرشنگدار و شیاو بۆ ڕۆڵەکانمان، بابگەڕێینەوە بۆ رووناکییەکەی ( باڵدار ) کە تەنیا گۆشەیەک لەم کوردستانەدا نەما روناکی نەکاتەوە .

ئەوانەی دوێنێ بەرنامەی ( باڵدار ) یان وەلانا ئەوانەی ئەمرۆش هەوڵی پینە پەڕۆی بەرهەمەکەی ( باڵدار ) دەدەن با بەخۆیاندا بچنەوە بەری ڕۆژ بە بێژنگ ناگیرێت .

دەستوەرنەدەنە سامانی نەتەوەی و خۆتان شەرمەزاری مێژوو نەکەن.

پرۆفایلى مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار بەمشێوەیەیە:-

-ساڵی ١٩٢٠ ( ئیبراهیم ئەمین باڵدار ) لە گەرەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی لە دایکبووە.

– خوێندنی قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی ( فەیسەڵییە ) تەواوکردووە.

– ساڵی ١٩٣٩-١٩٤٠ لە بەغدا خویندنی ( دار المعلمین )ـی ڕیفی تەواو کردووە.

– ساڵی ١٩٤٠ بوو بە مامۆستای لادێی قەمچوغە، جاسەنە، لەوێوە خولیایی دانانی ئەلف و بێی بۆ منداڵانی کورد کەوتە بیرو هۆشییەوە .

-ساڵی ١٩٨٤ دانانی شاکاری ( ئەلف و بێی ) دابنێت و ڕۆژبەڕۆژ بەسەر قوتابییەکاندا ئەزموونیان بکاتەوە.

– لە قوتابخانەکانی، تەوێڵە، هەڵەبجە، چوارتا، مامۆستا بووە.

– ساڵی ١٩٤٩ ( ئەلف و بێی ) یەکەی تەواوکرد و وەزارەتی مەعاریفی ئەوکات بڕیاری لە چاپدانی دا.

-ساڵی ١٩٥١ لە چاپخانەی ( نەجا‌‌ح ) لە شاری بەغدا ( ئەلف و بێی ) یەکەی چاپکرا.

– ساڵی ١٩٥٣ لەلایەن هونەرمەندی نەمر ( بەدیع باباجان ) وێنەکانی کێشرا.

– ساڵی ١٩٥٥ ( ئەلف و بێی ) یەکی بۆ گەورەکانیش دانا.

– ساڵی ١٩٥٦ لە لایەن خاتو ( تروودی میتلمان ) ه وە جارێکی دی وێنەکانی کێشاوە.

– ساڵی ١٩٥٦ لە بەغدا کۆلێجی بازرگانی و ئابووری تەواوکردووە.

– ساڵی ١٩٦١ لە کۆلێجی سان فرانسیسکۆ لە ئەمریکا بڕوانامەی ( ماستەر ) ی لە پەروەردە و دەرونزانیدا وەرگرتووە.

– ساڵی ١٩٦٨ لە زانکۆی سلێمانی بەشی ئەدەبییات بوو بە مامۆستا.

– ساڵی ١٩٨١ گوێزرایەوە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر.

– ساڵی ١٩٨٢ گوێزرایەوە بۆ زانکۆیی موستەنسرییەی بەغدا تا خانەنیشین کرا.

– لە ڕۆژی ١٢/ ٧ / ١٩٩٨ کۆچی دوایی کردوو هێنرایەوە بۆ سلێمانی لە زێدی خۆیی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.