‎كێ وای كرد ڕۆح لە باشووردا نەمێنێ؟

تارا حسێن

‎شەهید لە دوای شەهید کەسانی سڤیل و بێ چەك، گوندنشین، هەنگەوان، دوكاندار، جوتیار و دایك تەنانەت پێشمەرگەی باشوری کوردستان بە بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیای داگیركار  شەهید دەكرێن. لەئاست ئەو داگیرکاریی و کارەساتە هاوخوێن، هاوسێ ، هاوزمان و هاونیشتیمانیانی بێدەنگی هەڵدەبژێرن!

‎ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات، بەڵام زۆر بە لوتبەرزییەوە دەڵێت ئەگەری هەیە بچمە هەولێریش. بۆچی لە خۆمان دەپرسین بۆچی دێتە هەولێر. دەپرسین داخۆ جارێکی تر بۆ پاکێجێکی تری براکوژی نێو کورد و بۆ هەڵمژینی دەوڵەمەندییەکانی کوردستان و بۆ داگیرکردنێکی سەرتاپاگیرانەی باشوورە بەڵام ئێمە هەموومان سەرقاڵی خوێندنەوەی هەواڵەكانین و جگە لە بینەرێكی ی سۆشیال میدیاكان، بێ هەست و ڕۆحێك شتێكی تر نین، ئێمە لە سروشتی خۆمان دەرخراوین یان بەهۆی داگیرکاریی بەردەوامەوە لە خۆبوونی خۆمان دەخراووین کە ناتوانین بیر بکەینەوە کە ئەم خەمساردیی و بێدەربەستییە چییە؟ هێندە بێ كاردانەوەین. ئاخر ئەمڕۆ هاونیشتیمانیەكەمە سبەی من و تۆین، مەگەر ژیانی كۆیلایەتی هێندە چێژبەخشە؟ كە مرۆڤ ببینێ قاتیلەكەی بكوژ و خوێنخۆرەكەی دێتە سەرخاكەكەی و پیلانی داگیرکردنێکی نوێ دادەڕێژێت كەچی ئێمە جگە لە سەیرکردن یان فەرامۆشکردن چی تر دەکەین؟

‎كچە دێهاتیەكی شارباژێڕی جوان و خاوەن هەڵوێست ڤیدیۆیەكی خۆی بڵاو كردۆتەوە باس لە مەترسی بۆردومانەكان و گازە ژەهراویەكانی توركیا و بۆردومانی گوند و بەئامانج گرتنی سڤیلەكان لە گوندەكەی خۆی دەكات، دنیایەك كۆمێنت نوسی بێ ئاوەز و خۆنەناس و مێژوو نەناس بۆی دەنوسن:

‎ ”بێدەنگ بە با تۆش نەبیتە ئامانجی فڕۆكەكانی توركیا” ئەم بابەتە نابێ ئاسایی بەسەرماندا تێپەڕێت، بابەتی سەدان توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و ڕاپۆرتی بنكۆڵكاریە، ئاخر میللەتێك خاوەنی هەزاران قارەمانەكانی ناو مێژوو بێت، دەیان دروشمی پێش مەرگ و سێدارە بێت و تەسلیم نەبوبێت، چۆن دەبێت هێندە بێباك و بگرە خۆفرۆش بێت، پێویستە هۆكار،  پاڵنەر و دەرئەنجامەكانی شی و شیتەڵ بكرێنەوە و بخرێنەڕوو، لە شاشە، لاپەڕە و كتێبەكانەوە بڵاو بکرێنەوە و بكرێنە ئەزموون بۆ نەوەی داهاتوو کە لێ هۆشیار بكرێنەوە

‎تەمەنم چل و یەك ساڵە پەروەردەیەكی ئاوام لە مێژووی خۆم، بنەماڵە، كولتوور، دین وعورفماندا نەدیوە کە بڵێ خۆت كڕ و بێدەنگ بكە با دەوروبەرەكەت تیا بچێت بەس خۆت سەلامەت بیت، ئەمانە هەڵوێستی ترسنۆكانە و شەرمهێنەرن. مرۆڤ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیە و مێژووکەی بە ئازادی و بەرخودانی بۆ ئازادی پڕاوپڕە، ژیانێکی بێ ئازادی مایەی قبوڵ نییە، ئەگەر نا دەبێ ئێمە گومان لە مرۆڤبوونمان بکەین. کۆیلایەتی لە ئاستەدا مردنە، مردنێکی ڕۆحی و مەعنەوی، ئیدی ئەوەی دەمێنێتەوە جەستەیەکی بێ ڕۆحە، مرۆڤی بێ هەست و هەڵوێست هەموو ڕۆژێك دەیان جار دەمرێت. بەڵام مرۆڤە خاوەن هەڵوێستەکانیش ڕێکنەخراو و پەرتەوازەن، تەنیا ڕاستیەکان دەڵێن، دەست ناخەنە ژێر بەرد و بەرپرسیارێتی نیشان بدەن، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژە نییە کە دەست بە کڵاومانەوە بگرین و با نەیبا، کڵاوی ئێمە بەو داگیرکارییە سەرتاسەرییەی هەیە دەمێکە با بردوویەتی.

‎لە باشوری كوردستاندا، دەست خراوەتە بیناقاقای هونەر، كولتوور و بەتایبەت ڕاگەیاندن، پاشا گەردانی باشوور بەو لێشاوە ڕاگەیاندنە بێ سەروبەرە و بەو میدیا دیجتاڵە سەرکراوەیە دەستیان پێ كرد کە هەرچی بەهای کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، ویژدانی و کولتوورییە بە دەستی دەسەڵات و خیانەت دەستی تێوەردرا و ئاراستەكانیان گۆڕی،  بەجۆرێك ئەمڕۆش نەبێت سبەی سەری خۆیان دەخوات و بۆ یەكجاری لە كۆڵی میللەتێكی ماندووی جینۆسایدی ئەنفال و كیمیا باران و شەری خۆخۆری  دەكاتەوە،هەرچەندە ئاسەواریان بۆ پەنجا ساڵی تر لە كۆڵ نابێتەوە و پەڵە ڕەشەكان بە بەرۆكی پاكی كۆمەڵگەوە دەمێننەوە و بە ئاسانی چڵكنیەكانیان پاك نابنەوە .

‎ئێمە تەنیا داوا لە كۆمەڵگەی باشوری كوردستان ناکەین کە وشیار بێت لەوەی بە قوربانیدان بەدەستی هێناوە بەڵکو خۆمان لە ئاست ئەو ئەرکەدا بەرپرسیار دەبینین. سبەی كە ئەردۆغان هات کۆمەڵگە دەتوانێت چارەنوسی خۆی دەستنیشان بكات. بە بێ هەڵوێستی و بێدەنگیتان ڕێكەوتن لە سەر قڕكردنمان بەردەوام دەبێت.

‎لە قەندیل و بادینان و جێگاکانی تریش ئەگەر ئەمڕۆ هێزێك هەیە بۆ پاراستنە، ئەوێ ڕۆژێش هەر هێزێك هەبوو بۆ پاراستن، ئەو قسەیەی دەڵێت ؛ ” ئەگەر فڵان هێز لەو شوێنە نەبێت بۆردومان ناكرێت” هەركەس بیكات قسەی دوژمن دووبارە دەکاتەوە. ئەو هێزانەی دوێنێ نەبونایە ئێستا ئێمە نەبوین وەك زۆر گەلی تر كە توانەوە و ئاسەواریان نەما لە ناوچەكەی ئێمەدا. ئێستا گەریلا پارێزەری كوردستانە ئەگینا بە ڕۆژی ڕووناك جەندرمەی توركی لە ناو ماڵ، بازاڕ و دوكانەكاندا كەرامەتمان دەشكێنێ.

پێویستە هەموومان تەواوكاری ئەو شۆڕشە مێژووییە بین بە پێچەوانەوە مەترسیەكان كەم نین، ئێستا باشوور پێویستی بەو هەموو لیست و قەوارەی هەڵپەكارەی گەیشتن بە دەسەڵات نییە پێویستی بە شۆڕشێكی فكری و وشیاری كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەخلاقی هەیە، كێ دەتوانێت پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە مەدەنیە كۆمەڵایەتییە بكات دەبێتە جێگەی شانازی ئەمڕۆ و سبەی و ڕوو سوری بەردەم خوا و كۆمەڵگەكەی دەبێت، بە پێچەوانەوە دوو هەزار كەس بچێتە پەرلەمانێكەوە شكۆكەی بەدەست جەندرمەوە بێت ناتوانیت بچیتە ناو دڵی میلەتەوە و چارەسەری هیچ كێشەیەكیش ناكرێ،  من بە هیوام

‎١- هەموو  ئەوانەی كاندیدن و ئەیانەوێ متمانەی گەل بە دەست بهێنن، ئێستا بیسەلمێنن  كە خاوەن ئیرادەی سەربەخۆن با بە نوسینێك بەرنامەیەك كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی چالاكیەكی مەدەنی بە ئەردۆغان بڵێن تۆ دەیان كەسی سڤیلی ئەم هەرێمەت شەهید كردووە، تۆ تاوانباری

‎٢- بنەماڵەی شەهیدان بە گشتی و شەهیدانی سڤیل و بریندارانی ئەم بۆردومانانەی دوو ساڵی ڕابردوو، كە بچنە بەردەم ناوەندە گرنگەكان و بە ئەردۆغان بلێن تۆ تیرۆریستێك كەمتر نیت كە لە ناو ماڵ و خاك و ژیانی خۆماندا ژیانت لە ڕۆڵەكانمان سەندەوە تۆ دەبێت دادگایی بكرێیت نەك پێشوازیت لێبکرێت.

‎٣- پارت و لایەنە سیاسیەكان كۆبونەوەیەكی ئاوارتەی بەپەلە بكەن و بە یەك هەڵوێستی داتای هەموو ئەو پێشێلكاریانە بخەنە ڕوو كە ئەردۆغان و دەوڵەتەكەی بەرامبەر بە سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان كردویەتی. بڵێن ؛ ئێوە داگیركارن و ناكرێ فەرشی سورتان لە خاكی  قوربانیاندا لە ژێر پێ ڕابخرێت و بەسەر خوێنی ئەواندا مامەڵەی بازرگانی بە خوێنی كوردەوە بكەن.

‎٤- ڕێكخراوە مەدەنییەكان و بەتایبەتیتر ژینگەپارێزان دەكرا پێشەنگایەتی ناڕەزایەتی شەقام بكەن گرنگ نییە ژمارەی هەزاران هەبێت، گرنگ هەڵوێست و دەنگێك بگاتە دونیا كە ئەردۆغانی دژە-ژینگە و دژە-مرۆڤ و دژە-سروشت، خاك و كێڵگە و شاخ و دارستان و ئاو و هەوای كوردستانی وێران و ژەهراوی كردووە.

‎گرنگ نییە هەوڵەكان چەندە ئەنجامگیر دەبن گرنگە دەنگمان بگەیەنین بە جیهان و لە مێژووشدا شەرمەزار نەمێنینەوە.

‎لە كۆتاییدا ڕۆح كردنەوە بە بەری كۆمەڵگەدا ئەركی خودی كۆمەڵگە و پێشەنگانی سیستمێكی نوێیە، بێگومان چارەسەری لە زهنییەتی باڵاخوازی و ناوەندگەرێتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا نابینینەوە، ناچارین لە لێگەڕینی نوێدا و لە تەوەری هزری مۆدێرنیتەی دیموكراتیدا بە پشت بەستن بە خودی خۆمان و تێپەڕاندنی چەمكی چاوەڕوانی لە دەرەوە، بە خۆڕێكخستن كردنمان لە گەڕەكێكەوە بۆ گوندێك و بۆ شارێك و تەواوی چین و توێژە جیاوازەكان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان مسۆگەر ژیانێكی شایستە بە مرۆڤایەتی دێتە بوون كە لە سایەیدا نەك تەنها گەلی كورد بەڵكو تەواوی گەلانی عێراق و كوردستان ژیانێكی وەك یەك وهاوسەنگ لە ژینگەیەكی ئارام و خاوێندا  دەحەسێنەوە.

ب.گ

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.