بە درووشمی “ژن ژیان ئازادیی” پژاک حەوتەمین کۆنگرەی ئەنجامدا

ناوەندی هەواڵەکان

پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان- پژاک حەوتەمین کۆنگرەی حزبەکەی سازکرد و ڕایگەیاند، پژاک لە کۆنگرەی حەوتەم دا بە درووشمی ”بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیی، کوردستان ئازاد بکەین و نەتەوەی دیموکراتیک بونیاد بنێین” لە هەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆدا هەڤاڵ پەیمان ڤیان و هەڤاڵ ئەمیر کەریمی وەک هەوسەرۆکانی نوێی حزب هەڵبژێردران.

پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان- پژاک، حەوتەمین کۆنگرەی خۆی بە درووشمی “ئێمە بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیی کوردستان ئازاد دەکەین و نەتەوەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین” و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموو بەش و پێکهاتەکانی لە چیاکانی کوردستان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پێکهێنا.

لە ئەنجامنامەی کۆنگرەکەدا بڕیاری، “ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەر پرسی کورد، وەک پلانێکی سەرەکی کارکردن لە ماوەکانی داهاتووی پارتەکەدا پەسەند کراوە. هەروەها ئاماژە بە “شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی”یش کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو؛ “ژن، ژیان، ئازادیی فەلسەفەی هەبوونی و بناغەی پارادایمی تێکۆشانمانە”.

لە بڵاوکراوەی پاش کۆنگرەدا پژاک ڕایگەیاندووە، لەکاتێکدا لە هەستیارترین قۆناغی مێژوومان داین و لە هەموو کوردستان تێکۆشانێکی بەهێز لە ئارادایە و گەلمان بە هەموو هێز و توانایەوە بۆ بەفەرمی ناساندنی هەبوون و ناسنامەی کەلتووری و سیاسیی خۆی بەرخۆدان دەکات و هاوکات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی گێژاوێکی قووڵ بووەتەوە، پارتیمان، کۆنگرەی حەوتەمینی خۆی پێکهێنا.

ئاماژە بەوە کراوە، سووربوون لە بەردەوامی خەبات، پێویستی هەڵسەنگاندنی کار و تێکۆشانمان، پێویستی بە ڕەخنە و ڕەخنەدایین بە مەبەستی نوێبوونەوە و کۆتایی هاتنی وادەی ئەرکداری ڕێوەبەری هەڵبژێردراو لە کۆنگرەی پێشووی حزبەکەمان، وایکرد بە بڕیارداری و ئیرادەیەکی پتەوی هەڵقوڵاو لە خەباتی ئەو چەند ساڵەی دوایی، کۆنگرە پێکبێنین.

لە کۆنگرەدا بەوردی بارودۆخی سیاسی سەردەمی ڕابردوو بە بەشداری هەڤاڵانی هەموو مەیدانەکانی خەبات و بە سەرنج دانە دۆخی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەڵسەنگێندرا. بارودۆخی سیاسیی و مەترسیداری سەردەم، دۆخی گەلمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان، دۆخی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و جێگەی هێزە جەماوەرییەکان و ئەگەرەکانی بەردەممان لە داهاتوو قسەیان لەسەر کرا. لەسەر کردەوەی هێزە دژبەرەکان، بارودۆخی سەردەمی شۆڕش و کاردانەوەکانی ڕژێم گفتوگۆ کرا.

هەروەها گۆڕانکارییە هەرێمیەکان و بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمڕالی و هەڵوێست و پێگەی بەڕێزیان لە بەرامبەر هێزە نکۆڵیکەرەکان و ئەو بەرخۆدانە مێژووییەی بەڕێوەی دەبات، وەک بنەمای بەرخۆدانی گەلانی ناوچە و هەوڵدان لە پێناو بەدەستخستنی ئیرادەی سەربەخۆ و خۆبەڕیوەبەری گەلان لێکدرایەوە.

هاوکات، ئەو گۆشەگیرییە ڕەهایەی لە زیندانی ئیمرالی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێووە دەچێ لێکدرایەوە و ئەو گۆشەگیری و هێرشانەی سەر ڕێبەرمان وەک هەڵوێست و ڕوانگەی ڕژێمی سیاسی ئێستا بەرامبەر پرسی کورد دیترا.

ڕاگەیەندرا، ئەو گۆشەگیرییە ڕەهایەی سەر ڕێبەرمان، نموونەی فشار و گوشاری هەمەلایەنەی بەرامبەر گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستانە. هاوتەریبی ئەوەش، بەرخۆدان و خۆڕاگری مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ  بەرامبەر فاشیسم و تۆتالیتاریسم، هەوێنی سەرەکی تێکۆشانی گەلمان لە کوردستان و گەلانی جیهانە. لەسەر ئەو بنەمایە کۆنگرە سوور بوو لە بەشدارییەکی چالاک لە کەمپینی “ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد” و وەک بەرنامەیەکی سەرەکی داهاتوو پەسەد کرا.

پژاک ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کۆنگرەکەدا، هەڵوێستی سیاسیی پارتەکە لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەوڵدان بۆ وێناکردنی ڕووی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە هەڵسەنگێندرا و کەم و کووڕییەکانی ئەو سەردەمە بە ڕوونی و دیاریکراوی باسیان لێکرا.

هەروەها، سەرجەم ئەو ڕەخنانەی گەل، بیرمەندان، ڕووناکبیران، هۆگران، لایەنگرانیان باسیان کردبوو  قسەیان لەسەر کرا و بوونە ناوەرۆکی وتووێژەکان.

هەوڵدرا سەردەمی نوێ و شەڕی هێزە هەرێمی و جیهانیەکان وەک خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و هەروەها جێگە و پێگەی گەلی کورد وەک فاکتەرێکی کاریگەر لەو دۆخەدا بە وردی باسی لێوە کرا و هەڵوێستی درووستی سیاسیش دیاری کرا. سیاسەتەکانی ڕژێم لە دژی خەباتی نەتەوەی کورد و سەرجەم نەتەوەکان و  هەروەها مەترسییەکانی سەر بزووتنەوەکەشان بەشێکی گرنگی لەو بابەتە سیاسیانە بوون، کە لە کۆنگرەی حەوتەمدا خرانە بەرباس.

پرسی گەنجان یەکێکی دیکە لە پرسە سەرەکییەکانی کۆنگرەی حەوتەم بوو، بەشداری چالاکانەی گەنجان لە کۆنگرەدا ڕوویەکی گەنجانەی دا بە کۆنگرە. بە تاووتوێکردنی پرسەکانی گەنجان و نەوەی نوێی کۆمەڵگە و تواناکانیان، ڕێزگرتن لە ماتەوزەی گەنجان و پاراستن و یەکخستنی ئەو ماتەوزەیە لەگەڵ ڕەوتی خەبات و تێکۆشان وەک ئەرکی حزبی بەناو و جەخت کرایەوە. گەنجان پێشانیان دا دەستبەرداری ئامانجەکانی ژیانی ئازاد نابن و ئەوەش هۆکارێکی بەهێزە بۆ خەبات بە ڕووحێکی گەنجانە. لەو ئاراستەیەدا کۆنگرە هەندێ بڕیاری پەسەند کرد.

کۆنگرەی حەوتەمی بە هێنانە بەرباسی بارودۆخی قەیراناوی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و سیاسەتە ڕووخێنەرەکانی ڕژێمی ئێران، جەختی کردەوە کە کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتانە لەسەر هەبوونی کۆمەڵگەکانی ناوخۆی ئێران کێشەیەکی جدییە. کۆنگرەکەمان پێداگربوو لە هاوکاری هەمەلایەنە لەگەڵ سەرجەم بزوتنەوە و خەباتکارانی ژینگەپارێز بەمەبەستی بەرفراوان کردنەوەی خەباتی ئیکۆلۆژیکی بەرامبەر سیاسەتەکانی دژایەتی ژینگە، هەروەها لەسەر فراوان کردنەوەی کەلتووری ئیکۆلۆژیکی و هاندانی ژیانی تاک و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ژینگەپارێزی، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی کردەوە پێویستی بە چاوەڕوانی سەرکەوتنی تێکۆشان نییە و پێویستە وەک ئەرکێکی سەرەکی ژیان و خەباتی حزب و ئەندامانی پێکبێت.

لە درێژەی کۆنگرەدا ڕاپۆڕتی هاوسەرۆکایەتی پارتەکە خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە، لە ئەنجامدا بە هەندێ تێڕوانینەوە لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە لە چوارچیوەی بەڵگەکانی کۆنگرەدا پەسەند کرا.

بە پێی کۆتایی هاتنی کاتی هاوسەرۆکایەتی هاوسەرۆکانی حزب، نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرەدا لە میانەی هەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆدا و ڕووندا هەڤاڵ پەیمان ڤیان و هەڤاڵ ئەمیر کەریمی وەک هەوسەرۆکانی نوێی حزب هەڵبژێردران و سووپاسی ڕەنج و تێکۆشانی هاوسەرۆکانی پێشوو کرا.

هەروەها لە هەڵبژاردنێکی جیاوازتردا ئەندامانی مەجلیسی پژاک هەڵبژێردران و هەروەها ئەندامانی جێگرەوە و لەبڕی ئەندامانی مەجلیس هەڵبژێردران. کۆنگرە لە کەش و هەوایەکی شایەنی خەتی شەهیدان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی بەڕێوەچوو و سەرکەوتووانە کۆتایی هات.

ش. ئـ

Comments are closed.