دادگای فیدراڵی لەسەر پێنج سکاڵا کۆدەبێتەوە دوانیان تایبەتە بە هەرێم

ناوەندی هەواڵەکان

بڕیارە سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سەبارەت دوو سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، یەکێکیان پەیوەندی بە مووچەی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانەوە هەیە.

بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی سبەینێ سێ شەممە دادگاکە لەسەر پێنج سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان پەیوەندی بە مووچەى ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانەوە هەیە.

سکاڵای یەکەم لەلایەن  جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر محەمەد شیاع سوودانی تۆمارکراوە و تایبەتە بەناردنی سێ گوژمەی قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە سکاڵاکەیدا ئەو پەرلەمانتارە داوا دەکات، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەساڵی ٢٠٢٣ بۆ ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار کە بە سێ گوژمەی ٧٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.

سکاڵای دووەمی تایبەتە بە پرسی داخستنی کەمپی ئاوارەکان و نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق  لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سکاڵاکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی رافد ناسر عەبدولکەریم لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرى پەروەردە تۆمارکراوە.

سکاڵاکار لەسکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان کە بڕیارە تاوەکو ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ سەرجەم کەمپەکان دابخرێن، لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

هـ.ح

Comments are closed.