حكومەتی عێراق ٣٠٠ ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری تەرخانكردووە

ناوەندی هەواڵەكان

یاریدەدەری وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری دانیشتووان لە سەرجەم شارەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش بڕی ٣٠٠ ملیار دینارمان بۆ تەرخانكراوە، كە لەو بڕە ٣٨ ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستانە.

ئەزهەر ڕوبەیعی، یاریدەدەری وەزیری پلاندانانى عێراق لە بارەی وردەكاری و وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ئەزهەر ڕوبەیعی ڕایگەیاند، سەرژمێری ئەزموونی دانیشتووان لە كۆتایی ئەم مانگەدا دەستپێدەكات، سەرژمێری فەرمیش لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەنجام دەدرێت و هەموو پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی خشتەكانی بودجە حكومەتی عێراق بڕی ٣٠٠ ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی تەرخانكردووە، كە لەو بڕە ٣٨ ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستانە و هەروەها، سەرژمێری ئەمجارە دوور دەبێت لە تائیفی و ئاینی و نەتەوە.

هاوکات، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی وەزارەتی پلاندانان ئامادەی كردوون، گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن كەس.

جێگەى ئاماژەیە، وەزارەتی پلاندانانى عێراق پێشبینی دەكات، تا ساڵی ٢٠٢٨ ژمارەی دانیشتوانی عێراق بگاتە ٤٨ ملیۆن كەس.

هـ.ئ

Comments are closed.