عەلی باقر: ئێران و عێراق بەرپرسیارییەتى ئاسایشی ناوچەکەیان لە ئەستۆدایە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ وەزیر دەرەوەی عێراق و ئێران لە بەغدای پایتەخت كۆبوونەوە، تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و لوبنان چەند بابەتێكی دیكە كرا، عەلی باقر وتی: ئێران و عێراق بەرپرسیارییەتى ئاسایشی ناوچەکەیان لە ئەستۆدایە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە عێراق لەگەڵ عەلی باقری وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەكالەت كۆبوویەوە و دوای كۆبوونەوەكە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

فوئاد حسێن ڕایگەیاند، لە دیدارەكەدا باسمان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كرد، باسمان لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە كردووە و هاوڕابووین لە سەر ئەوەی دۆخی ناوچەكە و ئاسایی كردنەوەی ناكۆكییەكانی ناوچەكە پێویستی بە گفتوگۆ و ڕاوێژكاری بەردەوامە.

فوئاد حسێن لە بارەی ئاگربەستی غەزەوە وتی: هەڵوێستی خۆمان دووپات دەكەینەوە کە پشتیوانیی لە ڕاگرتنی شەڕ دەكەین، هەروەها فراوانكردنی مەیدانی شەڕو هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان جێگەی نیگەرانییە، چونكە ماڵوێرانی و كاولكارییەكان زیاتر دەكات.

لای خۆیەوە عەلی باقری ڕایگەیاند، سوپاسی حكومەت و گەلی عێراق دەكەین بۆ هاوسۆزییان بەرامبەر ئێران و وەستانەوەیان لەگەڵ ئێران لە هەموو هەلومەرجە سەختەكاندا، گەلی عێراق و ئێران شارستانیەت و مێژوویەكی هاوبەشیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دیدگای ئێران بریتییە لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق بە شێوەیەكی هەمەلایەنە، چونكە هاوبەشی گەورە لە نێوان هەر دوو وڵات هەیە، ئێران و عێراق دوو پایەی سەرەكین لە ناوچەكە و بەرپرسیارێتی بەرزكردنەوەی ئاسایشی ناوچەكەیان لە ئەستۆدایە.

باقری باسی لەوەشكرد، خاڵە هاوبەشەكانمان لەگەڵ عێراق هێندە زۆرن لە ژماردن نایەن، خاڵە ناكۆكەكانیشتمان هێندە كەمن، ناتوانرێن ببینرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی لە غەزە دەگوزەرێت تاوانی جەنگە و دەبێت لەوێ دژی جینۆساید بوەستین، وڵاتانی ئیسلامی دەبێ وزەی خۆیان بۆ ڕاگرتنی تاوانەكانی ئیسرائیل لە غەزە بەكاربخەن.

ئەمڕۆ عەلی باقری كەنی وەزیری دەرەوەی ئێران بەوەكالەت گەیشتە بەغدا، بڕیاریشە دواتر سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆ ببێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.